رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، 16 هەزار و 500 ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سلێمانی نێردراوە و بەشی دوو ئیدارە و پارێزگایەکی دیکەی لێ دەدرێت و لەو ژمارەیە هەشت هەزاریان بۆ دەمێنێتەوە.
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "16 هەزار و 500 ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووەتە سلێمانی کە تەنیا بۆ شاری سلێمانی نییە و، بەشی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینمان لێداوە. ئەوەی لێی دەمێنێتەوە بۆ سلێمانییە. لەو بڕوایەدام ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی نزیکەی هەشت هەزار ڤاکسینمان بۆ بمێنێتەوە."
د. هێرش سەید سەلیم ئاماژەی بەوە دا کە دوای کارمەندانی تەندروستی ئەو کەسانە ڤاکسینیان لێ دەدرێت کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و بەتەمەنن و لە مەترسیدان. دوای ئەوانیش ئەو چینانەن کە لە کۆمەڵگەدا بەرکەوتنی زۆریان لەگەڵ خەڵکدا هەیە. تاوەکو ئێستا ئەو کەسانەی لە سلێمانی ڤاکسینیان لێ دراوە کاریگەریی مەترسیداریان لەسەر دەرنەکەوتووە.
ماوەیەکە ژمارەی ئەو تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە و چەند رۆژێکیشە ژمارەی مردووانیش بەو هۆیەوە زیادی کردووە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتیشی: "خاوبوونەوەی شەپۆلی کۆرۆنا و داکشانی ژمارەی تووشبووان لە پێشتردا کاریگەریی لەسەر خەڵک هەیە کە کەمتر پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی ببن. ئێستا لە سلێمانیدا پابەندبوونی خەڵک لە ئاستی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا نییە. بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە دۆخی مەترسیدار."
لە سەرەتای مانگی ئاداردا بۆ یەکەم جار 50 هەزار ڤاکسینی سینۆفارم لە چینەوە گەیشتە عێراق و لەو بڕەیش پێنج هەزاری بۆ هەرێمی کوردستان بوو. دواتریش 43 هەزار و 800 ژەمە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا گەیشتە هەرێمی کوردستان.
د. هێرش سەید سەلیم گوتی: "من گلەییم لە دەزگاکانی راگەیاندن هەیە کە هێشتا ڤاکسین لە جیهاندا بە تەواوەتی کاریگەرییەکانی دەرنەکەوتوون و بە شێوەیەکی بەرچاو روون نەبووەتەوە، ئەوان دێن باس لەوە دەکەن کە فڵان ڤاکسین لە فڵان وڵات رەت کراوەتەوە یان فڵان ڤاکسین دەبێتە هۆی خوێنمەیین. ئەمە وای کردووە خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ ببێت. ئەمە چۆن بۆ خەڵکی مایەی دڵەڕاوکێیە، بۆ کارمەندی تەندروستی و پزیشکیش بە هەمان جۆرە."
رۆژی سێشەممە 30ی ئاداری 2021 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا چەند بڕیارێکی گرنگ دراون بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەنێویاندا تاوەکو 10ی نیسان قوتابخانەکان بە داخراوی دەمێننەوە و زانکۆ و پەیمانگەکانیش دادەخرێن و تەنیا تاقیکردنەوەکان دەکرێن، کافتریا و یانە شەوانەکان لە کاژێر 09:00ی شەوەوە بۆ 06:00ـی بەیانی دادەخرێن.
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی گوتی: "بڕیارە لە ماوەی سێ رۆژدا هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵمەتێکی هۆشداری بە هاووڵاتییان بدەن. دوای ئەوە ئێمەیش دەست بە گرتنەبەری رێکارەکان دەکەین. ئێمە لە یەکشەممەوە لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاوتر بڕیارەکان جێبەجێ دەکەین. هەرکەسێک دەمامک نەبەستێت بە هیچ شێوەیەک ناهێڵین بچێتە ناو فەرمانگەکانەوە. لە ماوەی ئەم 10 رۆژەدا نێرگەلەکێشان لە هەموو شوێنە گشتییەکاندا قەدەخە دەبێت. ئەوەی پابەند نەبێت لە یەک بۆ چوار ملیۆن دینار سزا دەدرێت."
هاوکات د. پەرست نەقشبەندی، ئەندامی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی گوتی: "گرتنەبەری ئەو رێکارانە بۆ ماوەی 10 رۆژ نابێتە هۆی ئەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا سفر بکاتەوە. ئەمە شتێکی ئەستەمە. ئامانجی تەندروستی لە گرتنەبەری ئەم رێکارانەدا تەنیا ئەوەیە کە رێژەی تووشبووان بگاتەوە ئاستێک کە بتوانین لە نەخۆشخانەکاندا وەریانبگرین و چارەسەریان بکەین. ئەگەر خەڵک پابەند بن رێژەکە زیاتر لە نیوە دادەبەزێت."
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 123 هەزار و 688 تووشبوو تۆمار کراون، لەو ژمارەیە 110 هەزار و 366 کەس چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 688 کەس مردوون.



