رووداو-هەولێر
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 1960ـەکان بۆ یەکەمجار بڵاوبووەوە و حەوت جۆری هەیە. MERS تاوەکو ئێستا مەترسیدارترینیانە کە بووەتە هۆی کوشتنی 858 کەس.
چوار جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەئاسانی چارەسەردەکرێن، بەڵام جۆرەکانی دیکەی مەترسیدارن و رەنگە ببنە هۆی مردن.
جۆرە مەترسیدارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا:
1. MERS-CoV : ئەم جۆرە لە کۆرۆنا لە ساڵی 2012 لە سعودیە بڵاوبووەوە و پاشانیش لە دەیان وڵاتی دیکە ڤایرۆسەکە بەدیکرا. رێژەی مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە نزیکەی 34٪ـە، واتە لەکۆی 2494 حاڵەتی تووشبوو 858 کەسیان مردوون. هیچ جۆرە دژەڤایرۆسێکی نییە، بەڵام نیشانە و ئازارەکانی کەمدەکرێنەوە لەڕێگەی وەرگرتنی چارەسەری کۆکە و هەڵئاوسانی سییەکان.
2. SARS- CoV: بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی 2002 لە چین ئەم جۆرە ڤایرۆسە دەستنیشانکرا. لەنێوان ساڵانی 2002 تاوەکو 2003، 8 هەزار و 92 حاڵەتی تووشبوو بەم ڤایرۆسە تۆمارکران و بووە هۆی کوشتنی 774 کەس، بەڵام لە ساڵی 2004ـەوە هیچ حاڵەتێکی دیکە بەدی نەکراوە. هیچ جۆرە پێکوتەیەک بۆ ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەردەوامە لە چاودێریی کردنی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.
3. 2019-nCoV: ئەم جۆرەیان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لەڕێگەی خواردنە دەریاییەکانەوە لە چین بڵاوبووەوە و لە 9ـی کانوونی دووەمی 2020 لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە جۆرێکی نوێی کۆرۆنا ناسێندرا. تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە چارەسەر و پێکوتەیەک نەدۆزراوەتەوە بۆ ئەم نەخۆشییە و بووەتە هۆی مردنی 259 کەس و 12 هەزار و 19حاڵەتی دیکەش تۆمارکراون.
کۆرۆنا ڤایرۆسێکی گوازراوەیە واتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و لەنێوان ئاژەڵەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت. کۆکەی قورس، تای بەرز و هەناسە تووند لە نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکەن. کۆرۆنا خێزانێکی ڤایرۆسەکانە تاوەکو ئێستا حەوت جۆری ناسراوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1960ـەکان بڵاوبووەوە، بەڵام ئەم جۆرەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە چین دەرکەوت جۆرێکی نوێی ڤایرۆسەکەیە.

.jpeg&w=3840&q=75)
