رووداو دیجیتاڵ
فورات جەوەری، نووسەر و شاعیری کورد کە ماوەی 40 ساڵە لە سوێد دەژی، لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ خوێنەرانی دیدارێکی رێکخست و گفتوگۆیان لەبارەی ژیان و بەرهەمە ئەدەبییەکانیەوە کرد.
لە پانێڵێکدا کە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئاڤێستا و بە سەرپەرشتیی عەلی دوران تۆپوز لە هۆڵی وەقفی ئیسماعیل بێشیکچی لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، جەواری باسی لە ئەزموونی دەربەدەری و نووسینەکانی کرد.
جەواری گوتی: "کاتێک دەستم بە نووسینی شیعر کرد، تێنووسێکم هەبوو و شیعرم تێدا دەنووسی. کاتێک سەربازەکان هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵمان، تێنووسەکەم بە دایکم دەدا و ئەویش لە پاخەڵی خۆیدا دەیشاردەوە. کاتێک بڕیارمدا وڵات جێبهێڵم، هەموو شیعرەکانم لەبەرکردن و تەنیا ناونیشانەکانیانم لەسەر کاخەزێک نووسی و خستمە ژێر شاڵەکەم و چوومە سووریا."
کاتێک لە سوێد دەژیام، ئامێرێکی تایپم دەستکەوت و لە نووسین بەردەوام بووم. هەموو شیعرەکانم وەک کتێب چاپ کرد. کاتێک جارێکیان چوومە لای پۆلیس و لێیان پرسیم، چ کارێک دەکەم، گوتم من شاعیرم. پۆلیسەکە لەبەرم هەستایە سەر پێ و دەستی بە قوپچەی [چاکەتەکەیەوە] گرت و رێزی زۆری لێگرتم. من لە پۆلیسی وڵاتەکەم رامکردبوو، بەڵام لێرەدا بەهام دۆزییەوە."
ئەدەبیانی مۆدێرنی کوردی 'لە سوێد دەستیپێکرد'
جەوەری لە گوتارەکەیدا کە لەژێر ناونیشانی 'خۆمم دایە دەستی گوتن، بەڵام قسەکردنمان قەدەخە بوو' بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئاژانسەکانی ناساندنی ئەدەبیاتی کوردی هەبن بۆئەوەی ئەدەبیاتی کوردی لە جیهاندا بڵاوبێتەوە.
پانێڵەکە بە بەشداریی ژمارەیەک نووسەر، خوێنەر، دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوە و کۆمەڵێک کەسایەتیی دیکەی سوێد بەڕێوەچوو.
جەوەری گوتیشی، ئەدەبیاتی مۆدێرنی کوردی "لە دەربەدەری، لە سوێد سەریهەڵداوە.. و بۆ ئەوەی ئەدەبیات گەشە بکات، پێویستمان بە دامەزراوەی جیاواز هەیە و دەبێت خەڵاتی ئەدەبیاتی کوردیش ببەخشرێت."
دەشڵێت، دامەزراوە و سەرمایەداری کورد هەن و ئەگەر خەڵاتەکان دابەش بکرێن، ئەدەبیاتی کوردی زیاتر گەشە دەکات و دەبێتە ئەدەبیاتێکی نێودەوڵەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ