نامە ئەکادیمییەکان.. لادان لە شیعری نوێخوازی کوردیدا (1980-1991)

25-11-2019
هەرێم عوسمان
نیشانەکردن نامە ئەکادیمییەکان
A+ A-
ئەمە ناونیشانی نامەیەکی دکتۆرای (سافیە محەممەد)ـە کە بە سەرپەرشتی (پ.ی.د فوئاد رەشید) لە ساڵی (2013) پێشکەشی زانستە مرۆڤایەتی‌ و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی کۆیەی کردووە. رێبازی لێکۆڵینەوەکە شێوازگەرییە و کتێبە شیعرییەکانی ماوەی ساڵانی 1980-1991 کە بە کرمانجی خواروو نووسراون، بە نموونە وەرگرتووە. نامەکە لە چوار بەش پێکهاتووە.
 
لە بەشی یەکەمدا، توێژەر بەرچاوڕوونیمان دەداتێ لەبارەی لادانی ئەدەبی و لە جۆرەکانی دیکەی جیادەکاتەوە. شیعر سیستمێکە لە لادان و هیچ شیعرێک نییە لادانی تێدانەبێت، بەڵام مەرجە لادانەکە هونەری بێت. زاراوەی لادان لە فەرهەنگە جیاوازەکاندا؛ واتای جیاوازی هەیە، وەک: لابردن، خستنەکەنار، ترازان، دوورکەوتنەوە، ناوازە، نائاسایی، دەرچوون، گۆڕان و ڕووداوێکی نوێ‌ و هتد. لە رەخنەی ئەدەبیشدا زاراوەی جیاواز بۆ لادان بەکارهاتووە، لە رەوانبێژیی کۆندا بەپێویستیی شیعری، قرتاندن‌ و گۆڕان ناونراوە، لای شێوازگەرە ئەوروپییەکانیش زاراوەی جیاواز بەکارهاتووە، وەک هەڵە بەکارهێنان، هەڵەی رێزمانی، یاخیبوون، ناڕێکی، دزێوی، رووخاندن و سەرپێچیکردن. لە عەرەبیدا زاراوەی (الانزیاح) زۆرتر بەکاردێت. لە تیۆری ئەدەبیدا ئەرستۆ یەکەم کەسە بێ ناوبردن، باسی لادانی کردووە، سەبارەت بە زمانی شیعر دەڵێ: "ئەو زمانە شیعرییەی وشەی ناباوی تێدا بەکاربێ، بەرزی و شکۆمەندیی تێدایە...". هەروەها باسی داهێنانی وشەی نوێ دەکات کە رێگەیەکی گرنگی لادانە. لە فەرهەنگە ئەدەبییەکانی زمانی ئینگلیزیشدا (DEVIATION) بەکاردێت کە مانای جیاوازی هەیە و دیاردەیەکی ئەدەبییە و دوورکەوتنەوەیە لە دەستوور و نەریت ‌و زمانی باو لە ئاستە جیاوازەکاندا. دانانی پێوەر بۆ لادان گرفتسازە، جان کۆهین پێوەری جیاکردنەوەی شیعر و پەخشانی داناوە، رۆلان بارت چێژ و پلەی سفری نووسین، یاکۆبسنیش بەپێی تەوەرەی جێنشینی و هاونشینی پێوەر دیاری دەکات. توێژەر سێ پێوەر دیاری دەکات: زمانی ئاسایی، کۆنی و نوێیی، خوێنەر. دواتر باسی ئەرک و جۆرەکانی لادان دەکات. لە تەوەری دووەمدا ئاوڕ لە چەمکی لادان لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردیدا دەداتەوە کە 11 زاراوەی جیاوازی بۆ بەکارهاتووە: (گۆڕان، ترازان، تێکدان، تێکشکان، سەرکێشیکردن، دوورکەوتنەوە، زەقکردنەوە، خزان، تێپەڕاندن، گەمەی زمانی، لادان). دواتر ئاوڕ لە دیدی نووسەر و رەخنەگرانی کورد بۆ چەمکەکە دەداتەوە. د.محەممەد بەکر، لادانی وەک کردەیەکی ئەدەبی بنیاتی زمانی پەخشانی شیعر داناوە، د.جەبار ئەحمەد لادانی بە زمانی دەقەوە بەستووەتەوە. توێژەر پێیوایە عەزیز گەردی یەکەم توێژەرە لە رەخنەی ئەدەبی کوردیدا باسی دوو جۆر لادان: (لابردن و پاش‌ و پێشکردن)ی کردووە. لە کۆتایی بەشی یەکەمیشدا ئاماژە بە پێوەرەکانی لادان لای نووسەرە کوردەکان دەکات.
 
بەشی دووەم، باسی لادانی پێکهاتەییە کە زمانی شیعر بنەماکەیەتی. لە سەرەتاوە باسی لادان لە ئاستی وشە دەکات. گوتاری ئەدەبی گەمەکردنە بە وشە و هەڵبژاردنیەتی، ئەمەش لەسەر بنەمای ئاوێتەبوون‌ و پەیوەندی بە نووسەر و خوێنەر و بابەتی هەڵبژێردراوەوە دێتە ئارا. مالارمێ وشە وەک کرۆکی کردەی شیعری دەبینێت‌ و دەڵێ: "ئێمە دێڕە شیعرەکان بە بیر دروست ناکەین، بەڵکو بە وشەکان دروستیان دەکەین". داهێنانی زمانی سەرەتا لە هەڵبژاردنی وشەکانەوە دەستپێدەکات. 
 
لادانی وشەیی لای شاعیران پەیوەستە بە پێکهاتەی ناوەوە و دەرەوەی وشە. لێرەشەوە باسی داهێنانی وشە لە ڕێگەی داتاشین و رۆنانەوە دەکات، بۆ نموونە شاعیرانی ئەو قۆناخە ئەم وشانەیان داهێناوە: ئۆخژن، خەونگە، گەردنبڕاو.. هتد. هەروەها شاعیران سوودیان لە یەکخستنی زارە جیاوازەکان بینیوە:
 
دەرگاکەتم لێ بکەوە زەری کاڵفام
 
هەروەها وشەی رۆژانەیان بەکارهێناوە و دەستکاری رۆنانی وشەیان کردووە: بۆ نموونە رەفیق سابیر دەستکاری (شێرپەنجە)ی کردووە:
 
هەرچیت بیستووە لەبارەی
 
پەنجەشێر و گولی و ئایدز، 
 
 دواتر باسی لادان لە ئاستی رستە دەکات کە یەکخەری سەرجەم دانەکانی زمانە. لێرەشدا ئاماژە بە جۆرەکانی کرتاندن، پێش و پاشخستن، بە لوتکەکردن، هەڵەی ڕێزمانی..دەکات. هەروەها ئاماژە بە جۆرەکانی هاوتەریبی (پاڕالێل) دەکات، بۆ هاوتەریبی ناتەواو شیعری شێرکۆ بێکەس بە نموونە دەهێنێتەوە:
 
لە یەک کاتدا..هەتاو بووین و سێبەریش بووین
 
لە یەک کاتدا.. پێکەنین و گریانیش بووین
 
بەشی سێیەم، باسی لادانی واتایی دەکات. سەرەتا ئاماژە بە زمانی شیعری و زمانی ئاسایی دەکات، کە زمانی شیعر ورووژێنەرە و بە ستاتیکا بارگاوییە ‌و قاڵبە جێگیرەکان دەشکێنێت و دەستکاری پەیوەندیی نیشانکار (دال) و نیشانکراو (مەدلول) دەکات. لادانە واتاییەکان فرەن، لە سەرچاوە ڕەخنەییەکاندا ئاماژە بە لادانی: ڕاڤەیی، خوازەیی، ئیستبدالی و سیاقی کراوە. توێژەریش بە وردی لەسەر لادانە واتاییەکان کە لەسەر بنەمای چۆنێتی و چەندێتی گوتن وەستاوە، لای شاعیرانی کورد هەڵوەستە دەکات. سەرەتا باسی زیادەگوتن یان هەڵئاوسانی واتایی دەکات کە لەسەر چەندێتی وەستاوە. ئەمجۆرە زیاتر لە ئاوەڵناودا دەردەکەوێت، بۆ نموونە عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێ:
ئێمە درەختی زڕ و بێ بەر نین، تا لە چوار لاوە بمانبڕنەوە.
 
درەختی زڕ بێ بەرە، بۆیە بێ بەر زیادەیە. هەروەها باسی پارادۆکس وەک کردەیەکی زمانی شیعری دەکات کە دەکرێت لە وشە یان رستە یان سەرتاپای دەقدا دەرکەوێت.
 
 کەریم دەشتی دەنووسێ:
ئاو لە کوێ بێنم ئاگری تەقەڵای خۆمی پێ
خۆشکەم؟
 
دواتر باسی دانەپاڵ ‌و بەشەکانی وەک بە زیندەوەرکردن، بەرجەستەکردن، بە کەسکردن، بە ئاژەڵکردن، بە ڕووەککردن و بەتەنکردن دەکات. بۆ نموونە فەرید زامدار دەنووسێ:
هۆشیاری تەرمێکی کوێرە
 
خەم دەوەرێ 
 
لەسەر مەیتی پیرۆزترین چاوەڕوانی
 
هۆشیاری، خەم، چاوەڕوانی بە تەنکراون. هەروەها داماڵینیش کە کردەیەکی شیعرییە زیاتر توانای هۆشەکی تا هەڵچوون ئاراستە دەکات، یاخود بە عەقڵ هەست دەکات، گوزارە واقیعییەکان بۆ ئاستی خەیاڵ دەگوازێتەوە.
 
بەهار وەک سۆزی غەریبیت هەڵوەدایە
 
(بەهار) بەرجەستەیە و بە چەمکێکی نابەرجەستە چوێنراوە. هەروەها هەستگۆڕکێش وەک کردەیەکی واتاگۆڕی ستاتیکای شیعر بەرز دەکاتەوە، رەفیق سابیر دەنووسێ:
تا دوێنێ بوو
بۆنی وڵات
بۆنی هەتاو
بۆنی سەربەستییان لێدەهات.
 
هاوکات باسی میکانیزمەکانی لادانی واتایی لە ڕێگەی لێکچوواندن و خواستن دەکات، پاشان ئاماژە بە ئەدگارەکان وەک ڕەمز و جۆرەکانی و مەبەستە جیاوازەکانی دەکات، بۆ نموونە لە ڕەمزی خودیدا نموونەی شیعری عەبدوڵڵا پەشێو دەهێنێتەوە:
 
من هەم و نیم دووپێیەکم،
کەچی ئەوا
زەردەواڵەی دووپێ دەمخۆن
 
زەردەواڵە رەمزێکی خودییە بۆ دوژمن بەکاریهێناوە. لە ڕەمزی ئەدەبیشدا شێرکۆ بێکەس دەهێنێتەوە:
 
لە کەیەوە تۆ (زۆربا)یت و 
بوومەلەرزەش سەماکەتە؟!
 
تەمومژی واتاییش ئەدگارێکی دیکەیە کە قووڵایی بە شیعر دەبەخشێت و توێژەر باسی دەکات.
لە بەشی چوارەمدا توێژەر ئاوڕ لە ژینگەی تایبەت و قۆناغی لەدایکبوونی دەق دەداتەوە، کە لادان دەبێت بەپێی قۆناخ و ژینگەی دەق بەهای ستاتیکیی نوێ بەرهەمبهێنێت. لێرەشەوە باسی لادان لەسەر بنەمای بونیادی ناوەوە و دەرەوەی دەق دەکات. سەرەتاش هەڵوەستە لەسەر لادان لە ناونیشان دەکات کە شاعیران سوودیان لە سێ ڕێگەی جیاواز بینیوە، بۆیە نموونەی چەندین ناونیشان دەهێنێتەوە: (بارانە شیعر، خۆر باران، گۆرانی سپی و هتد) هەروەها باسی لادان لەشێوەی نووسین دەکات کە نووسینی ستوونی و هەڵوەشاندنەوەی کەرەستەی ڕستە، نووسینی وێنەیی و لادان لە خاڵبەندی نموونەین. لە لادانی مۆسیقادا باسی ریتم، کێش و سەروا دەکات کە شاعیرانی ئەم قۆناغە کێشی ئازادیان پەیڕەو کردووە و زیاتر بایەخیان بە ریتمی ناوەوە داوە، ئەمەش هۆکاری سەرهەڵدانی ژانرێکی نوێی وەک پەخشانە شیعرە. سەرواش لای ئەم شاعیرانە بەشێوەی جۆراوجۆر بەکارهاتووە، گرنگترینیان سەروای ئازادە، هاوکات بە کەمیش پەیڕەی تێپەڕکردنی سەروا کراوە، وەک نموونەی هەندێک شیعری سەباح رەنجدەر. سەبارەت بە لادانی بونیادی ناوەوەی دەقیش، ئاماژە بە لادان لە یەکێتیی بابەت و ئاڵۆزیی واتایی دەکات. دواتریش ئاوڕ لە بونیادی ناوەوە و تەکنیکەکانی: دووبارەکردنەوە و جۆرەکانی، ریتمی سیمانتیکی ‌و شێوازەکانی دەداتەوە. هەروەها لادان لە بونیادی وێنەی هونەری یەکێکی دیکەیە لەو باسانەی توێژەر نموونەی شیعری بۆ دەهێنێتەوە. لە کۆتاییشدا باسی لادان لەسەر بنەمای داهێنان و بەکارهێنان دەکات و جۆرەکانی لادانی خودی، شێوازی، لادانی گشتی، لادانی قۆناغی بە نموونە وەردەگرێت. هەروەها لادان و ئیستاتیکا پێکەوە کۆدەکاتەوە و جۆرەکانی لادانی پەسەند، ناپەسەند، نالۆژیکی و لۆژیکی لەسەر دادەمەزرێنێت، بۆ نموونە لەلادانی نالۆژیکیدا هاوشێوەی سوریالییەکان دەق لە لێکدانەوە هەڵدێت، هەروەک ئەنوەر مەسیفی دەڵێ:"نائاسایی لە شیعردا واتە نائاسایی لە واقیعدا. نائاسایی شیعر دەگەڕێتەوە بۆ نائاسایی زمان و نائاسایی واقیعیش دەگەڕێتەوە بۆ نائاسایی دەستوور." 
بۆ نموونە سەباح رەنجدەر دەڵێ:
 
یادەکانی سەرمایەتی
خوشکەکانی باران
ئێسکیان کلە لە چاوی درەختی کوژراو.
 
وێنەکان چەندین لادانیان لەخۆگرتووە کە قاڵبێکی نالۆژیکی هێناوەتە ئاراوە. لە کۆتایی نامەکەشدا تو‌ێژەر چەند ئەنجامێک دەخاتەڕوو، لەوانە: دەستنیشاننەکردنی بنەماکان، لە پۆلێنکردنی جۆرەکان لای رەخنەگری کورد. نەبوونی پێوەرێکی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ لادان لەلایەن ڕەخنەگرانی کوردەوە. دەقەکانی ئەو قۆناغە ناباون و لادانی وشە و ڕستەیان تێدا پەیڕەکراوە. لادان لەو قۆناغە پەیوەست نەکراوە بە بونیاد و بنەمایەکی دیاریکراوی دەقەوە.   
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی چوارەمی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد

کتێبێکی سەرۆک بارزانی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنێت

کتێبێکی سەرۆک بارزانی لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا لەلایەن ناوەندێکی ئەمریکییەوە خەڵاتی دووەم باشترین کتێب بەدەستدەهێنێت، وەرگێڕی کتێبەکە دەڵێت "خەڵاتەکە گرنگە، چونکە کتێبێکی کوردی دەبێتە یەکێک لە باشترینەکان و بۆ یەکەمجاریشە کتێبی سەرکردەیەکی کورد لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا خەڵات بەدەستدەهێنێت."