سپێده ساڵحی
ئاخ! پێکه‌نین، بابه‌تێکی گرینگه!
گۆگۆڵ
نیکۆلای ڤاسیلیڤیچ گۆگۆڵ (1809-1852) شانۆنامه‌ی "پشکنه‌ر"ی له کۆتایی ساڵی 1835دا نووسیوه. ئه‌و له نامه‌یه‌کدا و له 7ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1835 داوا له پووشکین؛ شاعیر و نووسه‌ری گه‌وره‌ی ڕووس ده‌کات بابه‌تێکی بۆ نووسینی شانۆنامه‌یه‌کی کۆمیدی بۆ ده‌ستنیشان بکات. که‌متر له دوو مانگ دواتر و له 6ی دێسه‌مبه‌ری هه‌مان ساڵدا، گۆگۆڵ له نامه‌یه‌کدا بۆ میخائیل پاگودین، مێژوونووس و ڕۆژنامه‌نووسی ڕووس، باسی ته‌واوبوونی شانۆنامه‌ی پشکنه‌ری کردووە.
به‌رهه‌مه‌که له به‌هاری ساڵی 1836 له هۆڵه‌کانی شانۆی سان پیتەرزبۆرگ و مۆسکۆ چووه سه‌ر شانۆ، به‌ڵام گۆگۆڵ به‌رده‌وام له ده‌قه‌که‌دا گۆڕانکاریگه‌لێکی ده‌کرد تاکوو دواجار له ساڵی 1842 ده‌قی کۆتایی شانۆنامه‌که له به‌رگی چواره‌می کۆی به‌رهه‌مه‌کانیدا چاپ کرا. یه‌که‌مین چوونه سه‌ر شانۆی پشکنه‌ر به‌پێی ئه‌م ده‌قه‌ی کۆتایی له ساڵی 1870 بوو.
ئه‌گه‌رچی زۆر له ڕه‌خنه‌گران و له‌وانه بلینسکی، ڕه‌خنه‌گری گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی ڕووس و هێرتسێن، ئه‌م به‌رهه‌مه به جاڕده‌ر و ئاشکراکه‌ری دیکتاتۆری و خۆپه‌رستیی تزار و خه‌بات دژی رایهتداریی ده‌زانن، به‌ڵام به‌پێی گێڕانه‌وه‌کان، تزاری ڕووس، نیکۆلای یه‌که‌م که له یه‌که‌مین شه‌وی چوونه‌سه‌ر شانۆی "پشکنه‌ر"دا ئاماده بوو، کاتێ چاوی له شانۆکه ده‌کرد قاقا پێده‌که‌نی. ئه‌و باشتر له هه‌ر که‌سێکی دیکه ده‌یزانی که کێشه‌کانی وڵات چه‌ند قات له‌وه زیاترن و له دڵه‌وه خۆشحاڵ بوو که شانۆنامه‌که نهپەرژابووه سه‌ر بابه‌تگه‌لی جدیتر و شاراوه‌تر.
ئه‌وه‌ی که وه‌ها دۆخێک دێته ئاراوه تزار به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان بێته ناو کایه و چاو له گێڕانه‌وه‌یه‌ک بکات که خۆی ده‌کاته ئامانج و پێده‌که‌نێت، قووڵی و فره‌ڕه‌هه‌ندیی ئه‌و ڕستەیەی گۆگۆڵمان بۆ ده‌سه‌لمێنێ که ده‌ڵێت: " ئاخ، پێکه‌نین، بابه‌تێکی گرینگه!" ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ته‌کنیک و سیاسه‌ته دهقییهی که گۆگۆڵ بۆ په‌ڕینه‌وه له سانسۆر و هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی گه‌یشتنی ده‌قه‌که بۆ ناو پانتایی گشتی ڕه‌چاوی کردبوو. واته هونه‌ری گۆگۆڵ ئه‌وه‌یه که به په‌رژانه سه‌ر بابه‌تگه‌لی ئاسایی و سووک و بێ نرخ، به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ زه‌ینی خوێنه‌ر به‌ره‌و لای بابه‌تگه‌لی قووڵ و گرینگ ڕاده‌کێشێ.
ئێمه ئه‌وه‌مان له‌بیر ناچێت که پشکنه‌رێک له ئارادا نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه فه‌رمانبه‌رێکی پله مامناوه‌ندی ده‌وڵه‌تە به ناوی (ئیڤان ئه‌لیکسانده‌ر خلیستاکۆف) که به یاوه‌ریی یاریدەدەر یان نۆکه‌ره‌که‌ی (ئۆسیپ) هاتووه‌ته شارێکی بچووک تاکوو کارێکی ئاسایی ئیداری ئه‌نجام بدات، به‌ڵام پاره و پووڵی پێنامێنێ و له میوانخانه‌یه‌کی بۆگه‌ن و خراپ‌دا نیشته‌جێ ده‌بێت و پاش چه‌ند ڕۆژ پاره‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت. به‌ڵام شاره‌دار (ئانتۆن ئانتۆنۆڤیچ ئیسکۆڤیزنیک دێمۆخانۆفسکی) و سیسته‌می ئیداریی ئه‌و شاره به کۆ و له‌سه‌ر بنه‌مای بانگه‌شه و ده‌نگۆیه‌ک، وه‌کوو پشکنه‌رێکی نهێنی ده‌یناسن و هه‌موو ده‌چنه خزمه‌تی و ئه‌ویش به ڕۆحییه‌تێکی پارهپهرستانه و فیۆداڵی هه‌موویان ده‌دۆشێ و پاره‌یان لێوه‌رده‌گرێت و ته‌نانه‌ت ته‌ماح ده‌کاتە ژن و کچی شاره‌دار و دێته ناو هه‌رێمی تایبه‌تی ژیانی شاره‌دار و ماڵ و منداڵی و له دواچرکه‌کانی شانۆنامه‌که‌دا، سه‌رۆکی فەرمانگەی پۆست (ئیڤان کووزمیچ ئیشپێکین) ئاشکرای دەکات که ئه‌مه پشکنه‌ری نهێنی نه‌بووه و فه‌رمانبه‌رێکی ده‌وڵه‌تیی ئاسایی بووه له سان پیتەرزبورگهوه هاتووه و کۆی ئه‌م کۆمیدی و ڕووداوه گاڵته‌جاڕانه‌یه‌ی نووسیوه بۆ هاوڕێیه‌کی ڕۆژنامه‌نووسی له پایته‌خت و ده‌یه‌وێت هه‌موویان له‌سه‌ر بنه‌مای پێکه‌نین ڕیسوا بکات، سه‌رۆکی فەرمانگەی پۆست که وه‌کوو هه‌میشه نامەی خەڵک دەپشکنێ و ده‌ست وهردهداتە ژیانی تایبه‌تی خه‌ڵک، نامه‌که ده‌خوێنێتەوە و کۆی ڕازی پشت "پشکنه‌ر" ئاشکرا ده‌بێت.
بابه‌تی گرینگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه که له وه‌ها دۆخێک‌دا گرینگ نییه ئه‌م "پشکنه‌ر"ه واقیعی بێت یان ساخته‌کار، به‌ڵکوو گرینگ ئه‌وه‌یه که سیسته‌م و پێکهاتی گه‌نده‌ڵی شار ته‌نیا به بیستنی وشه‌ی "پشکنه‌ر" و ئاگاداربوون له‌وه‌ی که لێپرسینه‌وه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌یه، ده‌شڵه‌ژێن و خۆیان ئاشکرا ده‌که‌ن و جاڕی ڕیسوایی خۆیان ده‌ده‌ن. واته هه‌مان شتێک که له په‌رده‌ی یه‌که‌می شانۆنامه‌دا ڕووده‌دات. شاره‌دار پاش ئه‌وه‌ی که هه‌واڵی هاتنی "پشکنه‌ر" ده‌گه‌یه‌نێته به‌رپرسانی فەرمانگە جۆراوجۆره‌کان و به ڕیز و به نۆره که‌موکووڕی و گه‌نده‌ڵییه‌کانی هه‌ر فەرمانگەیەک ده‌داتەوە به ناوچاوی سه‌رۆک و به‌رپرسی ئه‌و فەرمانگانە، داوا ده‌کات تاوەکوو "پشکنه‌ر" نه‌هاتووه بیرێک له داپۆشینی ئه‌و کەموکووڕی و گهنهدهڵیانه بکه‌نه‌وه. بلینسکی، نووسه‌ری گه‌وره‌ی ڕووس، له ساڵی 1840 له وتارێکدا خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌ڵگه‌مه‌ندی له‌م به‌رهه‌مه‌ی گۆگۆڵ خسته‌ڕوو. ئه‌و ئاماژه‌ی به ڕیالیزمێکی ئاماده له کۆمێدیی گۆگۆڵ کرد و له شیکارییه‌کی ورددا پێوه‌ندیی که‌سایه‌تییه‌کان و کرده‌وه‌کانیانی له‌گه‌ڵ دۆخ و هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی ئەوسهردهم پیشاندا. بلینیسکی له شیکاریی ((فه‌لسه‌فه‌ی ساده))ی شاره‌داردا ده‌ڵێت: "ده‌بێ له ژیاندا به‌خته‌وه‌ر بین و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ پاره‌مان هه‌بێت و پله و پایه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌مانه‌ش، به‌رتیلوه‌رگرتن، دزی له خه‌زێنه، کلکه‌سووته بۆ به‌رپرسان و چه‌مینه‌وه له هه‌مبه‌ر خانزاده و به‌تواناکان و توندوتیژی و ئازاردان له هه‌مبه‌ر رەعیەت ڕێگه‌ی پێشکه‌وتنه. ئه‌و ده‌زانێت که ئه‌م کرده‌وانه‌ی ئه‌و بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی لای خودا به گوناه هه‌ژمار ده‌کرێن، به‌ڵام ئه‌م زانینه ئەبستراکت و ده‌رهه‌سته، زانینه‌که‌ی له مێشکدایه و نه‌چووه‌ته ناو دڵی. خۆی به‌م ڕسته ناودارانه‌ی هه‌موو که‌سانی بچووک ده‌خه‌ڵه‌تێنێ و پاساو بۆ کرهوهکانی دێنێته‌وه: ((من نه یه‌که‌مین که‌سم و نه دواهه‌مینیش. هه‌مووان هه‌ر ئه‌مه ده‌که‌ن))....جیا له شاره‌داریش که‌سانی دیکه‌ش ده‌که‌ونه داوی کاریگه‌ریی ئه‌م ڕسته جادووییه‌وه ((هه‌مووان هه‌ر ئه‌مه ده‌که‌ن)). شارهدارهکهمان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وشیار و زیره‌ک نه‌بووه و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش ڕسته‌ی ((هه‌مووان هه‌ر ئه‌مه ده‌که‌ن)) وه‌کوو پاساوهێنان بۆ ویژدانی پڕکهلێنی ته‌واو و شیاوه."
کورته‌ی چیرۆکه‌که
گۆگۆڵ له شانۆنامه‌ی کۆمێدیی "پشکنه‌ر"دا کۆمه‌ڵگایه‌کی چه‌قیو له گه‌نده‌ڵی و بێئه‌خلاقی پیشان ده‌دات، هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان له ململانێیه‌کی هاوبه‌ش و جێگرتوودان له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی هاوبه‌ش؛ چالاک‌بوون له‌ناو گه‌نده‌ڵییه‌کی ئاسایی و جێگیر.
نیکۆلای گۆگۆڵ له‌م به‌رهه‌مه‌دا کۆمه‌ڵگا و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی و پێکهاتی ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیا له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ده‌گێڕێته‌وه. پێکهات و فۆرمی حکوومه‌ت، فێرکاری و ڕاهێنان و په‌روه‌رده، ده‌رمان، بازاڕ، دادگا، کاسبه‌کان، خه‌ڵکی ئاسایی کۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها ده‌رکه‌وته و تایبه‌تمه‌ندییه ئه‌خلاقییه‌کانی په‌یوه‌ست به‌مانه‌وه... به‌رتیلوه‌رگرتن، پاره‌خواردن، کلکه‌سووته، خۆپه‌رستی، دووڕوویی و فیتنه‌نانه‌وه و...
گێڕانه‌وه‌که به ترس و دڵه‌ڕاوکێ ده‌ستپێده‌کات. ترس له پشکنه‌ر، ترس له سێبه‌رێکی چاو‌دێر و وشیار که ده‌یانخاته داوی فریودان و ئهخلاقگهلی ڕه‌ش و ساختهچێتییهوه.
ئاخێزگه‌ی ئه‌م ترسه ئاماده‌یی گه‌نده‌ڵییه‌که که له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا و پێکهاتی ئیداریدا جێگیر بووه، به‌ڵام لێپرسینه‌وه‌ی لێنه‌کراوه، هه‌مووان یاسای کایه‌که‌یان قبووڵ کردووه و که‌س ناڕه‌زایه‌تی نانوێنێ. هه‌ر ئه‌م ترسه‌شه که پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ر کامه‌یان دیاری ده‌کات و هه‌ر کامه‌یان به زمانێک ده‌که‌ونه خۆجاڕدان و دانپێدانان، شاره‌دار به زمانێکی خه‌مناک و تراژیک و فه‌رمی و له هه‌مانکاتدا پڕ له ستایش و کلکه‌سووته و .... دوو برا گێژهکهش (بوبچینسکی و دوبچینسکی) به زمانێکی پڕ له گاڵته و گه‌وجی و بێ ده‌ستوپێ، به‌ڵام پڕ له کلکهسووتهیی و... ژن (ئانا ئاندرێیفنا) و کچ (ماریا ئانتۆنێفنا)ی شاره‌دار به زمانێکی ژنانه و پیاودۆستانه و ڕۆمانتیک و زه‌بوونانه، به‌ڵام هه‌مدیس جۆرێک له ستایش و کلکه‌سووته‌ی تێدایه و...گۆگۆڵ لێره‌دا ته‌نیا پێکهاتی ده‌سه‌ڵاتی تزاری ناکاته ئامانج، به‌ڵکوو قامک له‌سه‌ر جۆره گه‌نده‌ڵییه‌ک داده‌نێ که هه‌مووان، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ئاساییش له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون و قبووڵیان کردووه، به‌شێوه‌یه‌ک که خه‌ڵک ماهووتی (جۆره پارچه‌یه‌ک) گه‌نده‌ڵ و خراپ ده‌فرۆشێت به ده‌وڵه‌ت یان له کاتی لێدانی پردیشدا له‌باتی سه‌د ڕۆبل، بیست هه‌زار ڕۆبل له حسێبیان ده‌نووسن، بابه‌تی گرینگ ئه‌وه‌یه که کامیان له‌م گه‌نده‌ڵییه‌دا به‌ده‌سه‌ڵاتتر و لێهاتووتره و ئه‌ویتریان ده‌پلیشێنێته‌وه.
ئاماده‌یی پشکنه‌رێکی ساخته‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌وان چه‌نده ڕواڵهتبینن و له هه‌مان کاتدا به‌هۆی کرده‌وه گه‌نده‌ڵه‌کانیانه‌وه چه‌نده ترساون و ساخته و ئه‌سڵ لێک جودا ناکه‌نه‌وه.
پشکنه‌ر له‌ڕاستیدا پشکنه‌ر نییه، به‌ڵکوو فه‌رمانبه‌رێکی خۆشگوزه‌ران و به‌ره‌ڵڵا و ڕابوێره. پشکنه‌ر و ترسێک که له‌گه‌ڵ خۆی دەیهێنێت، ڕاستییه‌کی کۆمیک و پێکه‌نیناوییه که به وته‌ی گۆگۆڵ ده‌بێ ته‌نها پێی پێکه‌نین و پێکه‌نین له‌م شانۆنامه‌یه‌دا ته‌نیا کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی و ئه‌رێنییه. تا شوێنێک کاتێک که ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی پشکنه‌ر بۆ خه‌ڵکی ده‌رده‌که‌وێت، خه‌ڵک به شاره‌دار پێده‌که‌نن و ئه‌ویش ده‌ڵێت: به چی پێده‌که‌نن؟ به خۆتان؟
"خود" (خۆتان) لێره‌دا هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه که به‌پێی یاسایه‌کی په‌سه‌ندکراوی ئه‌خلاقی ده‌ژین و له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و لێکه‌وته‌کانی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
شانۆنامه به ترس ده‌ستپێده‌کات و به ترس و ناهومێدی ته‌واو ده‌بێت، چوون پاش که‌شفی پشکنه‌ری ساخته ئه‌وان ده‌بێ چاوه‌ڕوانی پشکنه‌ری ڕاسته‌قینه بن، له‌ڕاستیدا گۆگۆڵ پێکهاتێکی بازنه‌یی به‌کاردێنێت تاکوو ترسی سه‌ره‌تا و ترسی کۆتایی له خاڵێکی نائۆمێدانهدا پێکه‌وه گرێ بدات و بڵێت ئه‌م کایه‌یه تا ناکۆتا به‌رده‌وام و سووڕاو ده‌بێت. دوا دیمه‌نی په‌رده‌ی کۆتایی شانۆنامەکە بێده‌نگی و وه‌ستانێکی یه‌ک و نیو خوله‌کییه که ئاماژه‌یه به نه‌گۆڕانی دۆخه‌که و به‌رده‌وامبوونی ئه‌و کایه زاڵه. ئه‌م دیمه‌نه کۆمێدی و گاڵته پێکه‌وه تێکه‌ڵ ده‌کات و پێکه‌نینێکی تراژیک ده‌خولقێنێ.
شانۆنامه‌ی پشکنه‌ر نواندنه‌وه‌ی پێکهاتی کۆمه‌ڵگا و حکوومه‌تی ڕووسیا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه، به‌ڵام پێده‌چێ گونجاوترین ده‌ربڕین و دۆخ و ئاماژه بێت به‌و شته‌ی که له وڵاتانی پێشنه‌که‌وتوو و جیهانی سێهه‌مدا ئاماده‌یه.
سه‌رچاوه:
1-نیکالای واسیلیویچ گوگول، ترجمه آبتین گلکار، بازرس، کمدی در پنج پرده



