لەپاڵ رۆماننووسیندا هەمیشە گفتوگۆ لەسەر ئەو ژانرە درێژەی هەبووە، خوێنەران هەمیشە بە دوای هەندێ لەو وەڵامانەوەن کە پەیوەندییان بە سرووتەکانی نووسینەوە هەیە لای رۆماننووسان. رۆمانووسێک کە رۆمان دەنووسێت چۆن سەرەتا بیر لە بیرۆکەکەی دەکاتەوە، چۆن یەکەم ڕستە و پەرەگراف دەنووسێ. چۆن نووسەرانی تر کاریگەری لەسەر دادەنێن و ئەو چۆن دەتوانێت نەبێتە کۆپییەک لەوان؟
"ئەدەب و کو‌لتوور"ی رووداو درێژە بەم گفتوگۆ بەردەوامە دەدات لەگەڵ چەند نووسەرێکی گەنجی کورد کە رۆمانێک یان زیاتریان نووسیوە و لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە نووسینی رۆمانەوە هەیە، ڕوونکردنەوە و قسەی خۆیان دەکەن.
لە چوارەم گفتوگۆماندا، ئارام محەممەد، نووسەر و رۆماننووس وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
رووداو: دەمەوێت ڕاستەوخۆ لەم پرسیارە بە "ڕووکەش" سادەیەوە دەستپێبکەم، بۆچی بیرت لە نووسینی رۆمان کردەوە؟
ئارام محەممەد: به‌گشتی پێش ئه‌وه‌ی بیر له نووسینی رۆمان بكه‌مه‌وه، بیرم له خودی نووسین كردووه‌ته‌وه، له‌ناو نووسینیشدا ئه‌ده‌بیات به‌گشتی بابەتی مه‌یل و سه‌رنجی من بووه. لێره‌وه كاتێك به‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كه‌ویت، له شیعره‌وه ده‌ستپێده‌كات و ده‌گاته چیرۆک و رۆمان، له‌و ئه‌زموونه‌دا مرۆڤ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه ئایا كامه ژانری ئه‌ده‌بی باشتر ده‌توانێت كار له كۆگا شاراوه‌كانی خه‌یاڵ و بیركردنه‌وەی بكات؟ بۆ من ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه كلیلی چوونه‌ژووره‌وه بوو بۆ ئیشكردن له‌ناو یاده‌وه‌ریدا. من زوو به‌ر جادووی گێڕانه‌وه كه‌وتم، چه‌ند ساڵێك وه‌ك رۆژنامه‌نووس به‌دواداچوونی مه‌یدانیم كرد، ئیشه‌كه جۆرێك بوو له فۆڕمی گێڕانه‌وه، یان بڵێین زیاتر بنكۆڵكردنی رووداوێك و لێكدانه‌وه و شرۆڤه بوو، جارجاریش خه‌یاڵ دوور ده‌ڕۆیشت و نه‌ده‌هاته‌وه، له كاری ڕۆژنامه‌وانیدا، به‌ر زۆر بابه‌تی ههمهجۆر و سه‌رنجكێش ده‌كه‌وتم، هه‌میشه كۆمه‌ڵێك شت ده‌مایه‌وه كه له ڕۆژنامه‌دا جێگه‌یه‌ك بۆ خستنه‌ڕووی نه‌بوو، بیرۆكه و بابه‌تی زۆر هه‌بوون كه ده‌مویست له چوارچێوه‌ی نووسینێكدا جێگه‌یان بكه‌مه‌وه و له‌باره‌یانه‌وه بدوێم، بۆ ئه‌م كاره‌یش ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه پانتایی و ئازادییه‌كی زیاتری هه‌بوو به‌راورد به ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب، خۆیشم خوێنه‌رێكی باشی رۆمان و چیرۆک بووم، له‌و كاته‌ی كه له زانكۆش بووم، خولیا و ئیشكردن و ته‌نانه‌ت ڕیسێرچی ساڵی كۆتایی خوێندنم له‌باره‌ی رۆمانه‌كانی جۆرج ئۆروێله‌وه بوو، واتا هه‌م پێشینەیهك هه‌بوو، هه‌م حه‌ز هه‌بوو، بۆیه یه‌كه‌م ئه‌زموونی من رۆمانی (سه‌مای سڕبوون) بوو. ئه‌م كاره‌م ڕێك نووسینه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندێشه و بیرۆكانه بوو كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو به شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌مویست له‌باره‌یانه‌وه بنووسم، ئه‌م كاره ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بوو، تا باشتر و چڕتر له‌گه‌ڵ ژانری ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه تێكه‌ڵ ببم و به‌رده‌وام بم. كاره‌كه ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام به هه‌موو تێبینی و سه‌رنجه‌كان كه ئێستا له‌باره‌ی رۆمانه‌كه‌وه هه‌مه، خه‌یاڵ و بیرۆكهكانیم خۆشده‌وێن.
رووداو: نووسەرێکی دیاریکراو هەیە بە تایبەت ئیلهامت لێ وەرگرتبێت، یان لە چرکەیەکی بەریەککەوتندا بیرۆکەی رۆمان‌نووسین لای تۆ سەری هەڵدابێت؟
ئارام محەممەد: بێگومان بیرۆكه‌ی رۆمان‌نووسین شتێك نییه له ناكاوێك فێری ببیت، ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه و نووسین به گشتی، پەیوه‌ندی به سوودوه‌رگرتن و قووڵبوونه‌وه هەیه له ئه‌زموونی ئه‌وانی دیكه، له‌ڕاستیدا جۆرێك له ڕاهێنانیشی پێویسته، چونكه تۆ ده‌كه‌ویته به‌رده‌م نووسینێكی درێژ، نووسینێك كه به‌رزی و نزمیی زۆری تێدایه، پێویستت به هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌یه، هه‌تا به پڕاكتیكی نه‌كه‌ویته ناو دۆخه‌كه‌وه هه‌ست به دژواریی ورده‌كارییه‌كانی زمان و داڕشتن و مانا ناكه‌یت، وێڕای هه‌موو ئه‌وانه‌یش ده‌بێت بڕیار بده‌یت، چۆن ده‌ینووسیت و چی ده‌نووسیت؟ دواجار خۆت له‌و ڕێگه‌وه شێوازێك هه‌ڵده‌بژێری و به پاڵپشتی زمانی گێڕانه‌وه‌ت، ئه‌وه ده‌ڵێیت كه ده‌ته‌وێ. ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی من له قۆناغی جیاواز جیاوازدا، بووه‌ته هۆی درووستكردنی پاشخانێك كه له كاتی نووسیندا بۆی گه‌ڕاومه‌ته‌وه. من له‌سه‌ر یه‌ك نووسه‌ری دیاریكراو نه‌وه‌ستاوم، ماوه‌یه‌ك سه‌رسامی هێرمان هیسه و ماوه‌یه‌ك جۆرج ئۆروێل، ماوه‌یه‌ك جۆن گرین، هه‌ریه‌ك له‌و نووسه‌رانه خاوه‌نی ستایل و تایبه‌تمه‌ندیی زۆر جیاوازن. كه له زانكۆ بووم، سه‌رسامی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌بسێرد بووم، زۆرینه‌ی كاره‌كانی بێكێت، سارته‌ر و كامۆم خوێنده‌وه، هه‌ڵبه‌ت هه‌تا خوێندنه‌وه به‌رده‌وام بێت، سه‌رسامبوون و كاریگه‌ربوون به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه من ئه‌گه‌ر سه‌رسامی ستایل و شێوازی نووسینی نووسه‌رێك نه‌بم، ناتوانم بیخوێنمه‌وه. قۆناغی دوای كاریگه‌ربوون، دۆزینه‌وه‌ی ستایل و زمانی تایبه‌ت به خۆته، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو ئه‌زموونی ژیانی خۆت، لێره‌وه هه‌موو شته‌كان به دنیابینیی خۆتدا تێپه‌ڕ ده‌بن.
رووداو: هەموو رۆمانێک سەرەتا بیرۆکەیەکە، دەمەوێت سەرهەڵدانی بیرۆکەی یەکەم رۆمانت باس بکەی، ئەم پڕۆسەیە لە خەیاڵی تۆدا بە چ پلەبەندییەکدا ڕۆیشتووە، بۆ هەندێ نووسەر، باسکردنیان لە بیرۆکەی پشتی نووسینی رۆمانێکیان لە رۆمانەکە خۆی درێژتر بووە، ئەم پڕۆسە لای تۆ چۆن بووە؟
ئارام محەممەد: (سه‌مای سڕبوون) یه‌كه‌م ئه‌زموونی گێڕانه‌وه‌ی من بوو، كاره‌كه له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه رووداوێك بوو كه پێموابوو به نووسینه‌وه‌یان ده‌توانم شتێكی جیاواز بڵێم، دیوێكی دیكه‌ی پڕۆژه‌كه، شكاندنی بێده‌نگی بوو. ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه كۆتایی به بێده‌نگیی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ دێنێت، یا بڵێین ده‌رگاكان به‌سه‌ر ده‌نگه كپكراوهكاندا ده‌كاته‌وه و یاده‌وه‌رییه‌كان په‌رشوبڵاو ده‌كات، بۆ منیش هه‌ر وابوو، به‌شی زۆری رۆمانه‌كه له كاتی جیاوازدا نووسرابوو، ماوه‌یه‌كی زۆر وازم لێی هێنابوو، چونكه هێشتا نه‌گه‌یشتبوومه باوه‌ڕی ئه‌وه‌ی فۆڕم و زمانی تێكسته‌كه ته‌واوه و شایه‌ن به بڵاوكردنه‌وه‌یه. كێشه‌م له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای گێڕانه‌وه‌كه هه‌بوو، بیرۆكه‌ی ته‌واوكردن و زیادكردنی به‌شێك، له چركه‌ساتێكی سه‌یردا بووه باوه‌ڕ، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كم به گه‌شتێك له زاخۆ بووین، چووینه سه‌ر ڕووباری خابوور، دنیا گه‌رم بوو، خه‌ڵكانێك له كه‌یف و سه‌فادا هه‌ڵده‌په‌ڕین، پیاوێكی پیرم بینی شیرینیی ده‌فرۆشت، ئاسایی نه‌بوو، جلوبه‌رگ و روخساری زۆر نامۆ دیار بوو. ئینجا هه‌ندێك شت هه‌یه مرۆڤ ناتوانێت لێی ڕابكات، ڕیشه سپییه‌كه‌ی هاته ناوچاوم، ده‌سته لەرزۆك و چاوه بچووكه‌كانی پڕی گێڕانه‌وه بوون، له‌گه‌ڵی كه‌وتمه گفتوگۆ، وه‌ك جۆرێك له جادوو، شێوازێکی گێڕانه‌وه‌ی هەبوو بۆ وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێكی من کە سه‌یر خستمیه ناو چیرۆکهكهی خۆی. ڕۆژێكی سه‌یر بوو، ژیانی ئه‌م پیاوه به ماوه‌یه‌كی كورت، به گێڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌یر گه‌یشته خه‌یاڵ و تێكه‌ڵ به یاده‌وه‌رییه‌كانم بوو، له چه‌ندین لاوه نزیكی و لێكچوون هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه‌ی پێشتر نووسیبوومنه‌وه، ئه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌شنووسی تێكسته‌كه بگه‌ڕێمه‌وه و دووباره دایبڕێژمه‌وه. رۆمانه‌كه گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند سه‌فه‌رێك بوو، به ته‌واوی چوومه ناو رووداوه‌كان، گه‌ڕامه‌وه ناو گێڕانه‌وه كاریگه‌ره‌كانی ژیانی خۆم. پڕۆسه‌ی نووسین كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته، به به‌رپرسیارێتییه‌كی زۆر گه‌وره‌م ده‌زانی و ده‌زانم، هه‌ر بۆیه كه رۆمانه‌كه‌م ته‌واو كرد، ناردم بۆ ژمارەیەکی زۆر له خه‌ڵكی جیاواز، تا بگه‌مه باوه‌ڕی ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێن و كێشانه‌ی له تێكسته‌كه‌دا هه‌ن و من نایانبینم، بیاندۆزمه‌وه و چاكیان بكه‌م. ئه‌م شێوه ئیشكردنهم تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه، ئه‌مه له جیهاندا شتێكی باوه، كاتێك كه‌سێك رۆمانێك ده‌نووسێ، پێش بڵاوكردنه‌وه خه‌ڵكانی شاره‌زا له وۆركشۆپێكی تایبه‌تدا ورده‌كاری و كێشه‌كانی ده‌خه‌نه‌ڕوو تا نووسه‌ر پێداچوونه‌وه‌ی تێدا بكات... لێره ئه‌وه نییه، بۆیه هاوڕێكانمان ئه‌و ئه‌ركه ده‌گرنه ئه‌ستۆ.
رووداو: ناونیشانی رۆمانەکەت چۆن هەڵبژارد. بەشێک لە نووسەران ناونیشانی رۆمان بە ئاڵۆزترین و پڕکێشەترین بەشی نووسینەکەیان دەزانن، لای تۆش هەمان ئاڵۆزی هەبوو، چ پێوەر و میکانیزمێک لای تۆ ناوی رۆمانەکەت دیاری دەکات؟
ئارام محەممەد: دیاریكردن و بڕیاردان له‌سه‌ر ناونیشانی تێكست، شتێكی جێگیر نییه، له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه ده‌گۆڕێت، ده‌كرێت پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسینی رۆمانه‌كه بكه‌یت ناونیشانێك ئاماده بێت و ئیتر گێڕانه‌وه‌كانی به‌دوادا بێت، یان ده‌كرێ گێڕانه‌وه‌كان ته‌واو بن و له كۆتاییدا بگه‌ڕێیته‌وه سه‌ر ناونیشان، بۆ من هه‌ردوو حاڵه‌ت هه‌بووه، رۆمانی (خه‌وتوو) پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسینی بكه‌م، ناونیشانه‌كه یه‌كلایی ببووه‌وه، به‌ڵام بۆ رۆمانه‌كانی دیكه‌م، دوای ته‌واوبوونی ڕه‌شنووسی تێكسته‌كه گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ ناونیشان، بێگومان پڕۆسه‌كه زۆر ئاڵۆزه و كاتێكی زۆری ده‌وێت تا یه‌كلایی ده‌بیته‌وه و ناونیشانه‌كه جێگیر ده‌بێت. ناونیشان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئامانج و مه‌به‌ستی نووسینی تێكسته‌كه دابه‌شی دوو ڕووبه‌ر بكات، ئه‌وا ناونیشان به ته‌نیا ڕووبه‌رێك ده‌بات و كۆی گێڕانه‌وه‌كه‌ش ڕووبه‌رێك، بۆیه كارێكی زه‌حمه‌ته ڕسته‌یه‌ك، وشه‌یه‌ك، بدۆزیته‌وه و ببێته ئاوێنه‌ی ڕووبه‌رێكی ته‌واوی مانا و مه‌به‌ستی نووسه‌ر.
رووداو: پرسی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی رۆمان پرسی گەرمی نووسەران بووە لە بارەی نووسینی رۆمانەکانیانەوە، هەندێک پێیانوایە ڕستەی سەرەتا داڕێژەری هەموو رۆمانەکەیە و هەندێک کۆتایی و هەندێک ناوەڕاست، نووسەرانێکی وەک هەمینگوەی و مارکیز سەدان لاپەڕەیان لەبەر ڕستەی یەکەمی رۆمانەکەیان دڕاندووە کە بە دڵیان نەبووە، تۆ چۆن مامەڵەت لەگەڵ ئەوە کردەوە؟
ئارام محەممەد: شێوازی نووسینی رۆمان ئه‌وه دیاری ده‌كات كه ئایا چۆن رووداوه‌كان ده‌گێڕیته‌وه، ئایا پڕۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌كه وه‌ك مۆدێله كلاسیكییه‌كه بریتی ده‌بێت له سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و كۆتایی؟ یان شێوازێكی دیكه پەیڕه‌و ده‌كه‌یت و ئه‌و گێڕانه‌وه زنجیره‌ییه تێكدهشكێنی. بابه‌ته‌كه ماتماتیكییانه نییه، به تایبه‌ت ئێستا كه شێواز و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه، مه‌به‌ستم له رۆمانی مۆدێرن و پۆستمۆدێرنه، شێواز و ته‌كنیكی زۆر تاقی كراونەتهوه، زۆر گرنگه له كارێكەوە بۆ كارێكی دیكه ئیش له‌سه‌ر جیاوازی بكه‌یت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوونه‌دات ئه‌وا خۆت دووباره ده‌كه‌یته‌وه و به ده‌وری بازنه‌یه‌كدا ده‌سووڕێیته‌وه. ده‌ستپێكی نووسین به گشتی و بۆ ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه كاریگه‌ری و گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، بێگومان ڕسته و په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می رۆمان وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م ڕۆشناییهك ده‌به‌خشنه خه‌یاڵ بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه به‌رده‌وامیی هه‌بێت، زۆر له نووسه‌ران له‌باره‌ی ئه‌و گرنگییه‌وه قسه‌یان هه‌بووه، بابه‌ته‌كه ڕوونه، خوێنه‌ر یه‌كه‌م تێڕوانینی بۆ تێكسته‌كه له ڕسته‌ی یه‌كه‌مه‌وه بۆ درووست ده‌بێت، كامۆ له رۆمانی بێگانه‌دا به ڕسته‌ی یه‌كه‌م خوێنه‌ر ده‌ته‌زێنێ، به‌شێك له ڕه‌خنه‌گران پێیانوایه كامۆ به‌م ڕسته‌یه به‌شی هه‌ره زۆری مانای رۆمانه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو. ڕسته‌ی یه‌كه‌م وه‌ك كلیل وایه، ناكرێت له سه‌ره‌تاوه خوێنه‌ر بخرێته دۆخێكی شڵه‌ژاوه‌وه كه ئایا ئه‌و تێكسته شایه‌ن به‌وه‌یه كاتی بۆ ته‌رخان بكرێت به دیارییه‌وه دابنیشێت! له دنیادا ئه‌وه بووه‌ته شتێكی باو، كه باشترین ده‌ستپێك له ڕسته و په‌ره‌گراف له رۆمانه‌كاندا دیاری ده‌كرێت، ڕۆژنامه‌ی گاردیان باشترین ده ده‌ستپێكی رۆمانی له مێژوودا دیاری كردووه كه له جه‌ین ئۆستنه‌وه ده‌ستپێده‌كات و له جۆیس كۆتایی دێت، به هه‌مان شێوه بی بی سی و چه‌ندان ناوه‌ندی دیكه‌ی ئه‌كادیمی و ڕاگه‌یاندن به شێوه‌ی جۆراوجۆر ئه‌و پلهبهندییهیان هه‌م بۆ باشترین ڕسته‌ی ده‌ستپێك و هه‌م بۆ په‌ره‌گرافی ده‌ستپێك كردووه. من له كاتی نووسینی هه‌ر چوار رۆمانه‌كه‌مدا په‌ره‌گرافی یه‌كه‌مم دواخستووه و به‌شه‌كانی دیكه‌م ته‌واو كردووه، ئه‌م دواخستنه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌روازه‌ی تێكست ده‌بێت به ئاگاییه‌كی زۆره‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، كاتێكی زیاتری پێ بدرێت تا ده‌روازه‌كه نائومێدكه‌ر نه‌بێت.
رووداو: ئێمە بە پێچەوانەی شیعرەوە، بناغەیەکی پتەوی رۆمانی کلاسیکمان نییە کە سروشتیانە ڕێی کردبێت تا ئێرە، تۆ لە نێوان نەبوونی باکگراوندێکی رۆمانی کلاسیکی کوردی و نووسینی مۆدێرنانەی ئەمڕۆ چۆن بیر دەکەیتەوە، ئەم پەڕینەوە خێرایە لای تۆ کێشەی درووست نەکردووە؟
ئارام محەممەد: پێوه‌ره‌كان بۆ ڕوانین له قۆناغه‌كان به‌پێی ژانره‌كان ده‌گۆڕێت، شیعر جیاوازه له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، ناكرێت به هه‌مان پێوه‌ر مامه‌ڵه بكه‌ین، خۆی رۆمان لێره‌وه گه‌شه‌ی نه‌كردووه تا وه‌ك بناغه گه‌نجه‌كان بۆی بگه‌ڕێنه‌وه، رۆمان هه‌ر خۆی ژانرێكی نوێیه، مێژوویه‌كی درێژی نییه وه‌ك شیعر، واتا ده‌كرێ بۆ رۆمانی وه‌رگێڕدراو بگه‌ڕێینه‌وه، رۆمانی بیانی ڕۆڵی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی بینیوه، تا ئێسته‌یش ئێمه ئیلهام له رۆمانی وه‌رگێڕدراو وه‌رده‌گرین و كاریگه‌ریی شێواز و ته‌كنیكی رۆمانی مۆدێرن و پۆستمۆدێرنمان له‌سه‌ره، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێك هه‌بێت، ئه‌وا به پێوه‌ری رۆمان له ئه‌ورووپا و ئه‌مەریكا ئه‌ده‌بی خۆمان هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. من پێموایه ئه‌مه ڕێگه ڕاسته‌كه‌یه و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌وه‌دا نییه، ئه‌مه بۆ زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی دنیاش ڕاسته، ئه‌وه‌ی گرنگه چۆنێتی به‌كارهێنانی ئه‌و شێواز و تهنكنیك و گێڕانه‌وه‌یه‌یه بۆ خزمه‌تی ئامانجێكی دیاریكراو، بۆ نموونه زۆر نووسین له‌باره‌ی هۆڵۆكۆسته‌وه، وای كرد كه ئه‌ده‌بیاتێك درووست بێت و ناو بنرێت (ئه‌ده‌بیاتی هۆڵۆكۆست)، ئه‌وه به ئامانج ئیشكردنه. خاڵێكی دیكه‌ی زۆر گرنگ بۆ ئه‌ده‌بی ئێمه به‌كارهێنان و دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمی زمانی گێڕانه‌وه‌یه، ئه‌مه كاره زهحمهتهكهیه، چونكه رۆمانی وه‌رگێڕدراو له‌وه‌دا ناتوانێت كۆمه‌كمان بكات، ده‌بێت نووسه‌ر خۆی هه‌وڵ بدات زمانێك بدۆزێته‌وه تا له‌و ڕێگه‌وه گێڕانه‌وه‌كان به‌ره‌و پێش ببات. بێگومان ئه‌مه كارێكی زۆر و هه‌وڵدان و وردبوونه‌وه‌ی پێویسته، پێش هه‌مووشت ده‌بێت خۆمان فێری كوردییه‌كی باش بكه‌ین و بۆ وشه دانه‌مێنین. پێموانییه په‌ڕینه‌وه‌یه‌كی خێرا هه‌بێت، زۆرینه‌ی رۆمانه وه‌رگێڕدراوه‌كان سه‌ر به رۆمانی كلاسیك یان مۆدێرنن، كه‌متر رۆمانی پۆست‌مۆدێرن وهرگێڕدراوە، یان هێشتا ئه‌و پێشوازییه زۆره‌ی لێ ناكرێت، قسه‌كه بۆ ئه‌وانه‌یه كه ته‌نیا به كوردی ده‌خوێننه‌وه، ئه‌وانه‌ی به زمانی دیكه ده‌خوێننه‌وه دۆخه‌كه شتێكی دیكه‌یه. ڕووبه‌ر و ئاشنابوون به نوێترین شێواز و زمانی ئه‌ده‌بیات بۆ ئه‌وان خێراتر و فراوانتره.