رووداو- هەولێر
ئەم رەمەزانە لە یەكێك لە پڕبینەرترین دراماكاندا لەسەر ئاستی سووریا و وڵاتانی عەرەبی دەردەكەوێ كە زنجیرە درامای بابولحاڕەیە. وەفا غوسن ئەلحوسێن لەو درامایەدا هاوژینی دووەمی عیسام (ئەكتەری سەرەكیی دراماكە)یە. لەوێ هەوڵ دەدات ئەو خانووەی بە میرات بۆی ماوەتەوە لەسەر خۆی تاپۆ بكات.
خانمە ئەكتەری سووری وەفا ئەلحوسێن، 26 ساڵ، لە شاری حمس لەدایكبووە، تەمەنی پێنج ساڵان بووە كە بۆ یەكەمینجار بەشداریی لە نواندندا كردووە. ئێستاش لە دیمەشق نیشتەجێیە و (رووداو) لەڕێی تەلەفۆنەوە ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ساز كرد.
رووداو: هەستت چۆنە كە میدیایەكی كوردی پەیوەندیی پێوەكردوون؟
وەفا ئەلحسێن: بێگومان هەستێكی خۆشە، خۆشحاڵم بە ناسینتان و سڵاوی گەرمی خۆم ئاراستەی تەواوی ستافی تۆڕی میدیایی رووداو دەكەم. جیاوازی لە نێوان راگەیاندن و میدیاكان نییە. ئێوەش میدیایەكی پرۆفیشناڵن لە كاركردن و ئەنجامدانی دیدار و هەڤپەیڤین لەگەڵ هونەرمەندانی سووریاش دەستپێشخەرییەكی گرنگە.
رووداو: لە دیمەشق كوردی زۆر لە ناوچەكانی روكن ئەلدین و وادی ئەلمەشاریع هەن كە ساڵانە ئاهەنگی نەورۆز سازدەكەن، هیچ جارێك بەشدارییت كردووە؟

وەفا ئەلحوسێن: بەڵێ، لە ئاهەنگی نەورۆز لەگەڵ چەند هاوڕێ و دۆستێكم بەشدار بووین و زۆر دڵخۆش بووم بە گۆرانی و موزیكی كوردی و ئەو رەنگە جوان و دڵڕفێنانە.
رووداو: قەت بیرت لەوە كردووەتەوە سەردانی كوردستان بكەیت؟
وەفا ئەلحوسێن: بەڵێ زۆریش حەز دەكەم، هیواخوازم دەرفەتێك بدۆزمەوە بۆ ئەوە.
رووداو: ئەگەر داوات لێكرا بەشداری درامایەك یان فیلمێكی كوردی بكەیت وەڵامت چی دەبێت؟
وەفا ئەلحوسێن: بێگومان ئەوە دەبێتە ئەزموونێكی جیاواز بۆ من. هونەرمەندیش ئارەزوو دەكات ئەزموونی هەمەجۆری هەبێت.
رووداو: گرنگترین كاری هونەریت بە بڕوای خۆت كامەیانە؟
وەفا ئەلحوسێن: فەوق ئەلمەوج، عابر ئەلزەباب، ئەلخان، ئەزمە عائیلییە و دواترینیشیان بابولحاڕە كە لەم رەمەزانە بڵاودەكرێتەوە، هەروەها سەییدەت ئەلزەو كە رۆڵی فاتیمەی زەهرام بینیوە.
رووداو: دەتوانی باسێكی رۆڵەكەی خۆت بكەی لە درامای بابولحاڕە كە ئێستا نمایش دەكرێ؟
وەفا ئەلحوسێن: من رۆڵی هودا دەبینم كە هاوژینی دووەمی عیسامە، رۆڵەكەی لە رەمەزانی رابردوو دەستیپێكرد و پشكی خۆی لەو بەشە میراتەی خانووەكەیان كە بۆی دەمێنێتەوە، هەوڵ دەدات لەسەر خۆی تاپۆ بكات.

رووداو: چۆن بوو بەشداریت لە درامای بابولحاڕە كرد؟
وەفا ئەلحوسێن: ئەو درامایە ئێستاش جەماوەرێكی زۆری هەیە و پڕبینەرترینە، بۆیە حەزم كرد بەشداری بكەم.
رووداو: وەك هونەرمەندێكی گەنج، پێتوایە داهاتووی درامای سووری چۆن دەبێت؟
وەفا ئەلحوسێن: پێموایە بەرەو هەڵكشان دەچێت.
رووداو: قەیرانی چەند ساڵەی سووریا تا چ ئاستێك كاریگەری هەبووە لەسەر دراماكان و لەسەر كاری ئێوە؟
وەفا ئەلحوسێن: پێموایە قەیرانەكە كاریگەری لەسەر درامای سووری نەبووە، هونەرمەندانی سووریا گۆڕەپانەكەیان چۆڵ نەكرد و بەردەوام لە گۆڕەپانەكەدا ئامادە بوون، هەم لەناو سووریا و هەم لە دەرەوەی سووریاش.



