رووداو دیجیتاڵ
ئالان دیلۆن، ئەکتەری فەرەنسی و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی فەرەنسا، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
هەواڵی کۆچی دوایی ئەو ئەکتەرە، ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی ئابی 2024 لەلایەن ماڵباتەکەیەوە بڵاوکرایەوە.
لێهاتوویی دیلۆن و جوانی و سەرنجڕاکێشییەکەی، وایکرد لە ژمارەیەکی زۆر فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی بگێڕێت، شەستەکان تاوەکو نەوەتەکانی سەدەی رابردوو، سەردەمی درەوشانەوەی بوو، لە چەندین بەرهەمی شانۆیی و تەلەڤزیۆنیشدا بەشداربووە و دەرهێنەرە دیارەکانی جیهان، داوایان دەکرد لە فیلمەکانیاندا بەشدار بێت.
ئەو ئەکتەرە لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە پیشەسازی سینەمادا بێ هیوا بوو و دەیگوت: "پارە، بازرگانی و تەلەڤزیۆن، خەونی تێکشکاند. سینەما مرد. هەروەها منیش". بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند بەرهەمێکدا بەشداربوو.
ئەو ئەکتەرە لە گێڕانی رۆڵە جیاوازەکاندا لێهاتوو بوو، رۆڵی شەڕانگێز، رۆمانسی و پاڵەوانی گێڕاوە. یەکەم دەرکەوتنی بەهێزی لە 1960 بوو لە فیلمی "Plein Soleil".
جگە لە سینەمای فەرەنسی، لە سینەمای ئیتاڵیش رۆڵێکی کارای هەبوو و لە چەندین فیلمی ئیتاڵیدا رۆڵی گێڕاوە. لەوانەش رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Rocco and His Brothers" لە 1960 کە خەڵاتی لیژنەی دادوەری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنسی بەدەستهێنا.
لە 1963 رۆڵی سەرەکی لە فیلمی فەرەنسی "Le Guepard"ـدا گێڕا و بووە براوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان.
لە 1968 رووی لە کاری بەرهەمهێنانی سینەمایی کرد و تاوەکو 1990 توانی 26 فیلم بەرهەمبێنێت.
ئالان دیلۆن، لە 8ـی ئەیلوولی 1935 لە سکۆ لە باشووری پاریس لەدایکبووە، دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی، لەلایەن دوو هاوژین بەخێوکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ