رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند دلۆ دۆغان، بەرهەمێکی نوێ بۆ نەورۆز بڵاودەکاتەوە، تێیدا برازکەی نیشان دۆغان، بە راپ تێیدا بەشدارە.
دلۆ دۆغان، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی ئەڵمانیا، بە رووداوی راگەیاند، ڤیدیۆکلیپی "نەورۆزە" بەم دواییە لە ئەڵمانیا وێنەگیراوە و دیمەنی کوردستانی تێدا بەکارهاتووە، بە سوپاسەوە لە ئەرشیفی رووداو وەرگیراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە بەرهەمەکەدا برازاکەی نیشان دۆغان، بە گوتنی راپ بەشدارە و کوڕی دەرهێنەر دەیسەم دۆغانە.
دلۆ دۆغان، ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئێستا لە لەندەنە و ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئاداری 2025 لە ئاهەنگێکی نەورۆز بەشدار دەبێت، هەروەها لە 21ـی مانگ لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە ئاهەنگی نەورۆز بەشدار دەبێت. گوتیشی، لە 22 و 23ـی مانگ لە دانیمارک لە ئاهەنگی نەورۆز بەشدار دەبێت.
لە شوباتی 2025، دۆغان سەردانی باشووری کوردستانی کرد و دوو ئاهەنگی لە قەزای شنگال و ناحیەی سنوونێ سازکرد.
دلۆ دۆغان، لە تربەسپیێی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، سێ ئەلبوومی گۆرانی و چەند گۆرانییەکی تاک و ڤیدیۆکلیپی هەیە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی لە 2004 بڵاوکردووەتەوە و دوایین ئەلبوومیشی بەناوی "هەستێن دووریێ" بوو لە 2014.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ