کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی بە ئۆنلاین بۆ کوردانی دەرەوە دەکرێتەوە

14-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، کۆرسێکی بۆ فێربوونی زمانی کوردی بە زاراوەکانی سۆرانی، بادینی و کورمانجیی کردووەتەوە. مامۆستایەکیان دەڵێت، بێ بەرامبەر وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە و شەش ساڵ لەگەڵیاندا بەردەوام دەبن و دواتر بڕوانامەیان پێدەبەخشن.
 
کۆرسەکە سێ ساڵە دەکرێتەوە و ئێستا 380 قوتابی بە شێوەزاری سۆرانی و 370 قوتابیش بە شێوەزاری بادینی فێری زمان و نووسینی کوردی دەکرێن.
 
شوکریە رەحمان، مامۆستای شێوەزاری سۆرانیی لە کۆرسەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قوتابیمان کەمە، چونکە وەکو پێویست نەمانتوانیوە خەڵکی کورد لە وڵاتانی دەرەوە ئاگادار بکەینەوە. ئێستا خێزان کە زانیویانە کۆرسەکە هەیە سێ منداڵ و دایک و باوکیان و باپیریشیان پێکەوە بەشدارییان کردووە زمانی کوردی دەخوێنن".
 
قوتابییەکانی مامۆستا شوکرییە رەحمان لە هەردوو رەگەزن و تەمەنیان لەنێوان 6 -77 ساڵدایە؛ ئەوان لە 18 وڵاتی ئەوروپا و ئەمریکاوە خۆیان فێری خوێندن و نووسینی کوردی دەکەن.
 
شوکرییە رەحمان دەڵێت، هەندێک لە قوتابییەکان زمانی کوردی دەزانن و تەنیا خوێندەواریی کوردییان نییە، بەڵام قوتابیشیان هەیە زمانی کوردیش نازانێ.
 
کۆرسەکە لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەکرێت و تەنیا رۆژانی یەکشەممە وانە دەخوێنن. بۆ زاراوەکانی سۆرانی و بادینی کلیک لەم لینکە بکە بۆ خۆتۆمارکردن و بۆ زاراوەی کورمانجی کلیک لێرە بکە
 
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کۆرسەکەی بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
 
زومەیران حەکیم، مامۆستایەکی دیکەی کۆرسەکەیە و بە زارەوەی بادینی وانە بە قوتابییەکانی دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە 14-03-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی 2023، ئەوانیش دەستیان بە گوتنەوەی وانە کردووە و ئێستا لە وەرزی دووەمی خوێندندان.
 
خوێندن لە کۆرسەکە هاوشێوەی خوێندنە لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و هەمان پرۆگرام دەخوێندرێت و تاوەکو پۆلی شەشی سەرەتایی بەردەوام دەبن، دواتر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە بڕوانامە وەردەگرن.
 
ئەو قوتابیانەی بەشێوەی ئۆنلاین لە کۆرسەکەدا دەخوێنن ئێستا وانەکانی پۆلی دووەمی سەرەتایی دەخوێنن، چونکە ساڵی یەکەم بەهۆی کەمی ژمارەی قوتابییەوە کۆرسەکە دووبارە کراوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە