رووداو- هەولێر
هەموو وایاندەزانى شازادەیەکى وڵاتانى کەنداوی عەرەبییە، کاتێک دیلا موراد بە جلوبەرگى کوردییەوە بە پلیکانەی هوتێلێکى ئەڵمانیادا هاتە خوارەوە. دیلا زۆر پەست دەبێت کە دەزانێت جلە کوردییەکانى لاى بیانییەکان بە جلى عەرەبى ناسراوە، بۆیە بڕیار دەدات ببێتە دیزاینەرى جلوبەرگى کوردى.
کورد لە گرنگیى فاشیۆن تێنەگەیشتووە 
دیزاینەری ناوداری کورد دیلا موراد کە لە بواری جلوبەرگی مۆدەدا کار دەکات، لە هەڵەبجە لەدایک بووە، تەمەنی منداڵی لە بەغدا بەسەر بردووە. هەر لەوێش بایۆلۆژی خوێندووە. ساڵی 1989 چووەتە لەندەن و لەوێ وەک راوێژکار و دیزاینەری پۆشاکی مۆدە و فاشیۆن کاری کردووە. هەر لە لەندەن یەکەم شۆی فاشیۆنی خۆی لە 2002دا پێشکەش کردووە و دوای ئەویش کۆمەڵێک شۆی لە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، دوبەی و هەرێمی کوردستان رێکخستووە.

دیلا بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵێک ناوەند، لەوانە مۆزەخانەی ناوداری ڤیکتۆریا و ئەلبێرت لە لەندەن، فاشیۆن شۆی بۆ جلی کوردی ساز کردووە. ئەو ئێستا لە لەندەن وەک بەڕێوەبەری هونەریی گوڵان میدیا کار دەکات کە رێکخراوێکی خێرخوازییە و هەوڵ بۆ برەودان بە فەرهەنگ و دابونەریتی کوردەواری دەدات.
دیلا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) باسى چۆنیەتى ئاشنابوونى خۆى بە فاشیۆن دەکات و دەڵێت "25 ساڵ لەمەوبەر جارێکیان لە ئەڵمانیا بۆ میوانییەک بانگهێشت کرابووم. منیش وەک هەمیشە بە جلوبەرگی کوردییەوە چووم. کە لە قادرمەکان دەهاتمە خوارەوە هەموویان وایانزانی شازادەیەکی وڵاتێکی عەرەبیم. بەوە زۆر نیگەران بووم کە بیانییەکان بێ ئاگان لە فەرهەنگ و دابونەریتی کوردەوارى، بۆیە بڕیارم دا کار بۆ ناساندنی فاشیۆنی کوردی لە دونیادا بکەم".

دیلا دەست دەکات بە کۆکردنەوەی دیزاین و هەندێک یاری بە رەنگەکان دەکات. جلوبەرگێکى زۆرى کوردى کۆدەکاتەوە، ئێستا دیلا ئەرشیفێکى دەوڵەمەندى لە جلى کوردیدا هەیە و تەمەنى هەندێک لە جلەکانى پتر لە 100 ساڵە.
لە جیهاندا زۆربەى نەتەوەکان فاشیۆن شۆى تایبەت بە خۆیان هەیە و چەندین کەناڵى تایبەت بە فاشیۆن هەن، بەڵام بە دەگمەن گوێت لە فاشیۆن شۆى کوردى دەبێت.
دیلا لەوبارەیەوە دەڵێت "دوو کێشەمان هەیە، بودجە و نمایشکاری کورد. فاشیۆن شۆ زۆری تێدەچێت و وەک دیزاینەرێک هەرگیز ناتوانم فاشیۆن شۆیەک ساز بکەم بەبێ ئەوەی پاڵپشتی بکرێم". هەروەها دەڵێت "بە گشتی خەڵکی ئێمە لە گرنگیی فاشیۆن نەگەیشتوون. ئەگەر قسە لەگەڵ سیاسییەکانمان بکەیت، دەڵێن ئێمە کێشەی گەورەترمان هەیە وەک رێگەوبان و نەخۆشخانە و شتی دیکە".
دەبێت قوتابخانەى تایبەت بە دیزاین لە کوردستان بکرێنەوە
گرفتى دیلا موراد لەم کارەیدا دەستنەکەوتنى نمایشکارى کوردە، ئەو کە فاشیۆن شۆیەکى لە دوبەى هەبووە، هیچ کچێکى کوردى دەستنەکەوتووە، بۆیە ناچار بووە بەدواى ئەو کچانەدا بگەڕێت کە شێوەیان لە کورد نزیکە.

دیلا موراد کە ساڵى 2007 فاشیۆن شۆیەکى لە هەولێر و سلێمانى رێکخستووە، باسى گرفتى کەمیى کچى نمایشکار دەکات و دەڵێت "لە هەولێر پەیداکردنی نمایشکار زۆر قورس بوو. دواجار بە هەموو کەسێک رازی بووم، ئەوەش وای کرد جلەکان دوای شۆیەکە هەر نەمێنن و زۆربەیان بدڕێن. بەڵام کاتێک چوومە سلێمانی 50 ئافرەتم دەستکەوت کە دەیانویست ئەو کارە بکەن. هەولێر و سلێمانی لەو رووەوە جیاوازن".
بۆ ئەوەی فاشیۆنی کوردی بەرەوە پێشەوە بچێ، دیلا بەپێویستى دەزانێت قوتابخانەی دیزاین لە کوردستان بکرێنەوە، چونکە شارەزای بواری دیزاین لە کوردستان نییە. گوتیشى "کچان زۆر حەزیان لە فاشیۆنە، بەڵام هیچ شوێنێک نییە رووی تێبکەن".

دیلا موراد ئامۆژگارى ژنان و کچانى کورد دەکات کە قەت جلى کولتووریى خۆیان لەبیر نەکەن. ئەو خۆى بەردەوام جلى کوردى لەبەر دەکات و دەڵێت "من هەمیشە جلى کوردى لەبەر دەکەم تەنانەت لە پەرلەمانی بەریتانیاش، ئەوان وەک ژنێک بە جلی کوردییەوە دەمناسنەوە".
ئێستا کە کورد سەرقاڵی شەڕی داعشە، فاشیۆن دەتوانێت چى بکات؟ دیلا دەڵێت "من دەتوانم وەک دیزاینەرێک لەڕێگەی فاشیۆن شۆ پارە بۆ خانەوادەی پێشمەرگە کۆبکەمەوە و ئەوەیان ئێستا لە بەرنامەمدایە".


