ئاراس کۆیی لە نوێترین بەرهەمیدا: هونه‌ر منی هه‌ڵبژارد و منی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ نارد

10-09-2024
پەسار فایەق
ئاراس کۆیی لە ڤیدیۆکلیپی "هاواری هونەر"
ئاراس کۆیی لە ڤیدیۆکلیپی "هاواری هونەر"
نیشانەکردن ئاراس کۆیی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد، گلەیی و ناڕەزایی خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵیان و رێز نەگرتن لە هونەرەکەیان دەکەن، ئاراس کۆیی، لە نوێترین بەرهەمیدا ئەگەرچی وەک بیرۆکە مێژووییەکی 15 ساڵی هەیە، ئەو دەردە دڵییە بە بەرهەمێکی راپ و رۆک دەکات.
 
"هونه‌ر منی هه‌ڵبژارد، منی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ نارد" 
 
ئەمە دەستپێکی نوێترین بەرهەمی ئەو هونەرمەندەیە کە ناوی تەواوی ئاراس فاتیحە و لە نێو هەوادارانیدا زیاتر بە ئاراس خەپە گیان دەناسرێت، ئەویش بەهۆی بەرهەمی "خەپە گیان"ـەوەیە کە یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانیەتی.
 
بەرهەمەکە بەشێوەی ڤیدیۆکلپ بەرهەمهاتووە و بەناوی "هاواری هونەر"ـە، بە دیمەنێکی نێو دادگە دەستپێدەکات، ئەویش دادگاییکردنیەتی وەک هونەرمەندێک و کڵاوێکی نەخشێندراو بە ئاڵای کوردستانی لەسەر کردووە، کاتێک دادوەر داوای لێدەکات بەرگری لەخۆی بکات، بە راپ وەڵامی دەداتەوە و لە بەشێکیدا دەڵێت: 
 
دوای ئازادیی وڵات و هونه‌ر كەوتم 
وەك سوارچاكی دلێر، بەناو كه‌وتووم به ‌شمشێر 
رێگەی هونەر خۆشەكەم، كۆڵنەدەرانە و زۆر بوێر
 
دادوەر بڕیاری ئازادکردنی هونەرمەند دەدات و ئامادەبووانی نێو هۆڵەکە دەبن بە دوو بەش، بەشێک لایەنگری هونەر و ئازادین، ئەوانەی دیکە دژە هونەر و گەندەڵن.
 

ئەم بەرهەمە چەند دیمەنێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەخۆدەگرێت، کاتێک کۆنگری رۆژنامەڤانیی بۆ دەکرێت، هەموو مایکەکان دەخاتە سەر زەوی و مایکێک بە ئاڵای کوردستانەوە دەخاتە شوێنی مایکەکانی دیکە و پەیامێکی بۆ هونەرمەندان هەیە:
 
ناسناوی "هونه‌رمه‌ند" نابێ بۆ هه‌موو كه‌س بێ 
دەبێ پێش هونه‌رمه‌ندبوون، مرۆڤ و مرۆڤدۆست بێ 
گۆڕە‌پانیش زۆر و بۆره، ناودارانیشمان زۆره‌ 
به‌ڵام پێوه‌ر بۆ هونه‌ر "چه‌ند" نییه‌، به‌ڵكوو "جۆره‌"
 

دواتر بە دەنگی ئامێری نەی، بیسەر دەباتە نێو کەشی میوزیکی کوردی و رۆژهەڵاتییەوە، دیمەنەکانیش جگە لە پەیامی هونەرمەند لەبارەی پێگەی هونەر لە کۆمەڵگەدا، درووشمی ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و ئازادی رادەربڕینی لە بەرهەمەکەیدا بەرزکردووەتەوە و درووشمەکان لە نێو دیمەنێکی خۆپێشاندەراندا پێشاندەدات و دەڵێت: "هونه‌ر قوربانیی ده‌وێ" و لە بەرامبەردا خۆپێشاندەران وەڵامی دەدەنەوە و دەڵێن: "ئه‌شمابیلا ئه‌شمابیلا".
 

ئاراس کۆیی، لەبارەی بەرهەمە نوێیەکەیەوە بە رووداوی گوت: بەر لە 15 ساڵ لەگەڵ بەرهەم عەلی تێکستی بەرهەمەکەیان نووسیوەتەوە و خۆیشی ئاوازی بۆی داناوە.
 
گوتیشی، بەر لە دوو ساڵ سیناریۆی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە نووسیوە، یەک مانگ ئامادەکاری بۆ کلیپکردنی کراوە و وێنەگرتنی لە سلێمانی بووە و سێ رۆژی خایاندووە، جگە لە پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، 426 ئەکتەر و کۆمبارس تێیدا بەشداربوونە.
 
ئاراس کۆیی ئاماژی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکە دەربڕینی چیرۆکی خۆی و هەزاران هونەرمەندی پاکە. 
 
هونەرمەند لە کۆتایی بەرهەمی "هاواری هونەر" نووسیویەتی: "بۆ ئەو تێکۆشەر و شۆڕشگێرەی تا دوایین چرکەساتی ژیانی بۆ ئازادی و دادپەروەری قوربانی دا. بۆ بابم، فاتیح رەسوڵ".
 
ڤیدیۆکلیپەکە لە دەرهێنانی خەیبەر رەفیق و ئاراس کۆییە و لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە بەناوی ئاراس کۆیی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
دوایین ڤیدیۆکلیپی ئەو هونەرمەندە، بەناوی "ساوار" لە 7 ئازاری 2022 بڵاوکرایەوە، لە کوردستان وێنەگیراوە و دیمەنەکان ئەوە پێشان دەدەن کە رووداوەکانی لە 1948 روودەدەن، باسی ژمارەیەک کەس دەکات کە پیشەیان ساوار هاڕینە لە گوندەکانی کوردستان.
 
ئەو هونەرمەندە لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2020 بەرهەمێکی بەناوی "دەڕژێ" بڵاوکردەوە، ناوەڕۆکی پەیوەندی بە کۆرۆناوە هەیە، مژاری ئەو ڤایرۆسە رەنگدانەوەی لەسەر ئەم بەرهەمە هەیە و یەکەم بەرهەمی بوو دوای دابڕانێکی زۆر.
 
ئاراس فاتیح رەسوڵ ناسراو بە ئاراس کۆیی، لە 26ـی ئەیلوولی 1972 لە کەرکووک لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، دەرھێنەر و سیناریۆنووسە، لە 1997 ماستەری لە ھونەر لە زانکۆی مۆسکۆ ستەیتی کەلتوور بەدەستهێناوە، بە گۆرانی "خەپە گیان" ناوبانگی دەرکردووە.
 
خاوەنی سێ ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەمیان بەناوی "تەپ-تەپ" کە لە 1999 بڵاوکرایەوە، "تەماتە" دووەم ئەلبوومیەتی و لە 2000 بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، دوایین ئەلبوومیشی لە 2003 بەناوی "لە ئاراسەوە بۆ ...." بڵاوکرایەوە.
 
تاوەکو ئێستا 11 ڤیدیۆکلیپی بەرهەمهێناوە، بەناوەکانی "تەماتە"، "باسی تۆ"، "هەنگاو مەنێ"، "نەگەزی" -کورتەفیلم-، "بەتاک و بە کۆ"، "رێمدە رێمدە"، "یادی جاران"، "کوردستانی من"، "دەڕژێ"، "ساوار" و "هاواری هونەر".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە