رووداو دیجیتاڵ
ریهانا، ئەکتەر و گۆرانیبێژی باربادۆسی لە یەکێک لە نمایشە فاشنەکانیدا گۆرانییەک بەکاردەهێنێت کە فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلامی (د.خ) تێدایە و لەگەڵ میوزیکێک تێکەڵکراوە، بەو هۆیەشەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
ریهانا لە نمایشەکەیدا کارێکی هونەریی کۆکۆ چلۆی بەکارهێناوە کە لە ساڵی 2016 بڵاوکراوەتەوە و لە کارە هونەرییەکەدا فەرموودەیەکی پێغەمبەر (د.خ) بەکارهاتووە کە باسی رۆژی قیامەت دەکات.
فەرموودەکەی پێغەمبەر (د.خ) بەمشێوەیە "ڕۆژی قیامەت نایەت هەتاوەکو زانست هەڵدەگیرێت، بوومەلەرزە زۆر دەبێت، کات بە خێرایی تێدەپەڕێت، بەڵا و گرفتاری دێنەپێش، کوشتار زۆردەبێت و پارە لەناوتاندا زۆر دەبێت". فەرموودەکە لەلایەن مشاری ئەلعەفاسی-یەوە بەبێ میوزیک گوتراوە و کۆکۆ چلۆی دەنگەکەی شێواندووە و لەگەڵ میوزیکێک تێکەڵی کردووە، ریهاناش لە دوایین نمایشیدا بەکاریهێناوە.
بەکارهێنەرێکی تویتەر بۆ ریهانای نووسیوە "ریهانا، من پێم گوتیت، پێ بە مندا بنێ، بەڵام بە دینەکەمدا نا". بەکارهێنەرێکی دیکەش دەڵێت، بۆچی کاتێک ریهانا "بێڕێزی بە موسڵمانان دەکات" خەڵک دەڵێن خەتای تیمەکەی بووە، بەڵام بۆچی بۆ کارەکانی پێشتری، هەر باسی ریهانا دەکرا و باسی تیمەکەی نەدەکرا؟
دوای کاردانەوە فراوانەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ریهانا داوای لێبوردنی لە موسڵمانان کردووە و دەشڵێت "سوپاس بۆ کۆمەڵگەی موسڵمانان کە هەڵەیەکی گەورەیان بۆ راستکردمەوە کە بە ئەنقەست نەبووە"، دەشڵێت، هەوڵدەدەن لە داهاتوودا شتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە "سوپاس بۆ لێخۆشبوون و تێگەیشتنتان".
هاوکات کۆکۆ چلۆی داوای لێبوردنی کردووە و رایگەیاندووە، نەیزانیوە کە گۆرانییەکە بابەتێکی دینیی ئیسلامییە. لەدوای قورئان، لای موسڵمانان فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ) پیرۆزترین نووسراون.
عروج ئافتاب کە فاشن بلۆگەرە، دەڵێت "ئیسلام دینێکە کە زۆر جەخت لە پۆشتەیی دەکاتەوە، [بەکارهێنانی ئەم فەرموودەیەش لەم نمایشەی ریهانادا] پێچەوانەی ئەوەیە. پێموایە هەموو موسڵمانێک مافی ئەوەی هەیە هەست بەوە بکات کە سوکایەتیی پێ کراوە".

.png&w=3840&q=75)

