Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

دیمەنی مانگ لە ئاسمانی ساماڵدا. سەرچاوە: Shutterstock / Futurism

دیمەنی مانگ لە ئاسمانی ساماڵدا. سەرچاوە: Shutterstock / Futurism

جیهان30-05-2026

ئەگەر بڕوات بەوە هەیە رەنگی مانگ شین دەبێت، ئەوا فریو دراویت؛ بۆچی مانگ رەنگی ناگۆڕێت؟

0:00
0:00
قەبارەی دەق
بژار زوبێر

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن

بژار زوبێر

رۆژی بڵاوکردنەوە

30-05-2026

بابەتی پەیوەندیدار

بەرپرسانی ئەمنیی ئەمریکا: وڵاتەکەمان سەلامەت دەبێت، وەرن و چێژ لە یارییەکانی مۆندیال ببینن
جیهان30-05-2026

بەرپرسانی ئەمنیی ئەمریکا: وڵاتەکەمان سەلامەت دەبێت، وەرن و چێژ لە یارییەکانی مۆندیال ببینن

راپۆرتی پزیشکیی تره‌مپ؛ "تەندروستیی نایابە و دڵی 14 ساڵ گەنجترە"
جیهان30-05-2026

راپۆرتی پزیشکیی تره‌مپ؛ "تەندروستیی نایابە و دڵی 14 ساڵ گەنجترە"

سەیران پاپۆ بۆ پەرلەمانی شلیسفیگ هۆڵشتاینی ئەڵمانیا خۆی بەربژێر دەکاتەوە
جیهان30-05-2026

سەیران پاپۆ بۆ پەرلەمانی شلیسفیگ هۆڵشتاینی ئەڵمانیا خۆی بەربژێر دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

زۆرجار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە دیاردەیەکی گەردوونی دەکرێت بەناوی مانگی شین، کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت Blue Moon، بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێ دەکەن بچنە دەرەوە و لە ئاسمانی ماڵەکانیان مانگ بە رەنگێکی شینی سەرنجڕاکێش ببینن. بەڵام زانست پێمان دەڵێت، ئەمە تەنیا ناوێکە و مانگ بە هیچ شێوەیەک رەنگی شین نابێت.

ئەو وێنانەی ئینتەرنێت ساختەن
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی  زانستیی Futurismی ئەمریکی، ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە و مانگ بە شینێکی درەوشاوە نیشان دەدەن، هەموویان بە فۆتۆشۆپ و بەرنامەی دیکە دەستکاری کراون بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک. لە راستیدا، لەو شەوەدا مانگ هەمان رەنگی ئاسایی خۆی (سپی، زەردباو یان خۆڵەمێشی) دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوە و رەنگیدا روونادات.

کەواتە "مانگی شین" چییە؟
وشەی "مانگی شین" هیچ پەیوەندییەکی بە زانستی فیزیا یان گۆڕانکاریی گەردوونییەوە نییە، بەڵکو تەنیا دەستەواژەیەکە لە چەند رۆژێکی دیاریکراوی ساڵنامەدا بۆ مانگ بەکاردەهێنرێت.

بەشێوەیەکی ئاسایی، لە هەر مانگێکی زایینیدا تەنیا یەک جار مانگ بەتەواوی پڕ دەبێت. بەڵام لەبەرئەوەی سووڕی مانگ 29.5 رۆژە، هەندێک جار وا رێکدەکەوێت کە لە یەک مانگی زایینیدا، دوو جار مانگ پڕ ببێت. بەم مانگە پڕەی دووەم دەگوترێت "مانگی شین". هەندێک جاریش کە مانگ لە یەک وەرزدا بۆ سێیەم جار پڕ دەبێت، بەویش دەگوترێت مانگی شین.

بۆچی ئەم ناوەی لێنراوە؟

لە زمانی ئینگلیزیدا پەندێک هەیە دەڵێت "Once in a blue moon" (واتە: جارێک لە مانگێکی شیندا)، کە بەکاردێت بۆ وەسفکردنی شتێک کە زۆر بە دەگمەن و درەنگ روودەدات. لەبەرئەوەی دەرکەوتنی دوو مانگی پڕ لە یەک مانگدا شتێکی دەگمەنە و نزیکەی هەر دوو ساڵ و نیو جارێک روودەدات، خەڵک ئەو ناوەیان پێداوە.

کەی مانگ بەڕاستی شین دەبێت؟
لە رووی زانستییەوە، تەنیا لە یەک کاتدا رەنگە مانگ کەمێک شین دەربکەوێت؛ ئەویش کاتێکە کە گڕکانێکی زۆر زەبەلاح تەقیبێتەوە یان ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکاندا کەوتبێتەوە و دووکەڵ و خۆڵەمێشێکی زۆر چڕ چووبێتە نێو بەرگەهەواوە. ئەم تەنۆلکانەی نێو هەوا وا دەکەن رووناکیی مانگ لە چاوی ئێمەوە بە شینباوی دەربکەوێت. بەڵام ئەمە رووداوێکی ژینگەییە و هیچ پەیوەندییەکی بە دیاردەی ساڵانەی "مانگی شین"ـەوە نییە.

"مانگە شین"ــەکەی 31 ئایار چییە؟
رۆژی 31ـی ئایار، مانگ بە پڕی دەردەکەوێت و ئەمجارەش پێی دەڵێن، مانگی شین، چونکە ئەمە دووەم جار دەبێت مانگ لە ئایاردا پڕ بێت. 1ی ئایاریش، مانگ پڕ بوو.

جیاوازی ئەمجارەی دیاردەکە ئەوەیە کە مانگ دەچێتە بەردەم تیشکی سووری ئەستێرەیەکی دێرین و زەبەلاح. تەنیا لە ئەمریکای باکوور، بۆ ماوەیەک ئەستێرەکە لە پێش چاوی مرۆڤ ون دەبێت و مانگ دەیشارێتەوە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی نیوەگۆی باکووری زەوی، ئەو دیاردەیە نابینرێت، بەڵکو تەنیا مانگ لە نزیک ئەستێرەیەکی سوورەوە دەبینرێت.


دیاردەکە چییە؟
لە رووی زانستییەوە بەم دیاردەیە دەگوترێت "داپۆشینی مانگی" واتە مانگ بەر بە ئەستێرەیەک دەگرێت.
بە زمانێکی سادە، مانگ لە کاتی سووڕانەوەی ئاسایی خۆیدا بە دەوری زەویدا، رێک دەکەوێتە نێوان ئێمە و ئەستێرەیەکی دوور، بەمەش وەکو دیوارێک رێگە لە رووناکیی ئەستێرەکە دەگرێت و بۆ ماوەیەک ئەستێرەکە لەپش چاوی ئەوانە ون دەبێت کە لە کیشوەری ئەمریکای باکوورن، تاوەکو مانگ تێدەپەڕێت و ئەستێرەکە دەردەکەوێتەوە.

ئەستێرە سوورەکە  ناوی ئەنتارێسە. ئەم ئەستێرەیە یەکێکە لە گەشترین ئەستێرەکانی ئاسمان. ئەستێرەیەکی زەبەلاحی سوور و دێرینە، بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە نێوەڕاستی کۆمەڵە ئەستێرەی دووپشکـەوە، زۆرجار بە "دڵی دووپشک" ناودەبرێت.

شارەزایانی گەردوونناسی دەڵێن، هەرچەندە ئەستێرەکە بە چاوی ئاساییش دەبینرێت، بەڵام بۆ بینینی دیمەنێکی جوانتر و روونتر لە کاتی نزیکبوونەوەی لە مانگ، باشترە دووربین یان تەلەسکۆپێکی بچووک بەکاربهێندرێت.