رووداو دیجیتاڵ
وشکەساڵی لە ئەوروپا تەنیا زیانی بە کشتوکاڵ نەگەیاندووە، بەڵکو مێژوویەکی شاراوەشی لەژێر ئاوی رووبارەکاندا دەرخستووە. لە کەنارەکانی رووباری دانووب لە باکووری بولگاریا، ئاو بۆ نزمترین ئاستی مێژوو دابەزیوە و زەوییەکی وشکی دەرخستووە، کە ئێستا بووەتە مەیدانی گەڕان بەدوای پاشماوە مێژووییەکاندا.
گەڕان بەدوای مێژوودا لە بولگاریا
مانگی رابردوو لە کەناراوەکانی رووباری دانووب ئێسکی چەندین ئاژەڵی لەنێوچوو دۆزرانەوە، ئێستاش مۆزەخانەکان هەڵمەتێکیان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەی دیکە رێکخستووە. خۆبەخشەکان بەوردی چاودێریی کەناراوەکان دەکەن و توانیویانە پاشماوەی ئەسپی کێوی و چەندین ئاژەڵی دیکەی سەتان ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بدۆزنەوە.
لەمبارەیەوە، کراسیمیر کیرۆڤ، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەی مێژوویی هەرێمیی رووسە دەڵێت: "ئەگەری هەیە رووداوی زیاتری مێژوویی لە کەمبوونەوەی ئاو لەپێشمان بن، ئەمەش پەیوەندیدارە بە گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو گۆڕانکارییانەی مرۆڤ لە حەوزی رووبارەکەدا کردوویەتی. لەنێوچوونی ئەو زۆنگاو و دەریاچانەی کە هەبوون، بەتایبەتی تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵانی 1950، لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمە بێت."
قەیرانی پەتاتە لە بەلجیکا
لە بەلجیکا، وشکەساڵی چیرۆکێکی جیاوازی هەیە. وڵاتێک کە بە فینگەرە بەناوبانگەکانی دەناسرێت، ئێستا جووتیارەکانی لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدان. پەتاتەکان کە دەبووایە کەرەستەی سەرەکیی فینگەر بن، وەکو پێویست گەشەیان نەکردووە. بارانی بەخوڕی بەهار و دواتریش گەرما و وشکەساڵیی هاوین، خاکی کێڵگەکانیان وەک بەرد رەقکردووە و پەتاتەکان ناتوانن هەناسە بدەن و گەشەبکەن.
پاسکاڵ ویلێرت، خاوەنی کۆشکێکی فرۆشتنی فینگەر، ئاماژە بە کێشەکە دەکات و دەڵێت: "باشترین پەتاتە پەتاتەی درێژە و لە هەمووی گرنگتر پەتاتەی گەورەیە. بەڵام ئێستا، بەهۆی گۆڕانی زۆری وەرزەکانەوە، دۆزینەوەی پەتاتەی نموونەیی بۆ فینگەر زەحمەتە."
زیانە ئابوورییەکان
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی چاودێریی وشکەساڵیی ئەوروپا، زیاتر لە نیوەی خاکی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا لەژێر هۆشداریی تووندی وشکەساڵیدان. ئەم دۆخە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 1%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی یەکێتییەکە، کە زیانەکەی بە نزیکەی 180 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێندرێت.
گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەوروپا تەنیا گۆڕانکاری لە پلەی گەرمی نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوازی ژیان و ئابووریی وڵاتانی ئەم کیشوەرەیە. لەلایەک وشکەساڵی مێژوویەکی کۆنمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئەو خواردنە سادانەش دروستدەکات کە بەشێکن لە کولتووری ئەم ناوچەیە. لێکەوتەکان تەنیا بۆ ژینگە نین، بەڵکو کاریگەرییان راستەوخۆ لەسەر گیرفانی هاووڵاتییان و نرخی کاڵاکانیش دەبێت.

