رووداو دیجیتاڵ
کچە کوردێک لەنێو پارتی سۆسیال دیموکراتی فینلاند سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنێت و دەگاتە پۆستی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە، هاوکات بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی فینلاند و داوای پشتیوانیی دیاسپۆرای کوردستانی دەکات.
تەوار سالاری کچێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە شاری تورکۆی فینلاند گەورە بووە و دەژی. ئەو لەنێو ریزەکانی پارتی سۆشیال دیموکراتی فینلاند توانیویەتی پێشبکەوێت و بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەو پارتەکە.
ئەو خانمە بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی داهاتووی ئەو پارتە بەربژێرە و گوتیشی، لە رێگەی پارتەکەیەوە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات، دەیەوێت مافی چارەنووس بۆ گەلی کورد و گەلانی دیکە بچەسپێنێت.
سالاری گوتیشی، سۆسیال دیموکراتی فینلاند پرۆژەکەی ئەویان چەسپاندووە و لە بەرنامەی پارتەکە جێی کراوەتەوە کە داننانە بە مافی گەلان و یارمەتیدانیان بۆ سەربەخۆیی و دیموکراسی.
دەربارەی سەرکەوتنیشی لەنێو پارتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کاری زۆری لەنێو پارتی سۆسیال دیموکرات و دەرەوەی پارتەکەش بۆ چەسپاندنی بۆچوونەکانی کردووە و متمانەی خەڵکی بەدەستهێناوە.
تەوار سالاری داوای لە دیاسپۆرای کوردستانی لە فینلاند و شاری تورکۆ کرد، لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمان و پرۆژە سیاسییەکانی، متمانەی پێبکەن و پشتیوانیی بکەن.


