رووداو دیجیتاڵ
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"ی خستەڕوو و رایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە تەنیا بە بڕیاری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و دوای بەدیهێنانی هەموو ئامانجە سەربازییەکان دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026 لێڤیت رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ کاتی وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دیاری دەکات، ئەوەش تەنیا کاتێک دەبێت کە سەرۆکی ئەمریکا بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئێران چیدیکە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دروست ناکات.
گوتەبێژی کۆشکی سپی چەمکی "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"ی روون کردەوە و گوتی: "ئێران دەتوانێت هەرچییەکی دەوێت بیڵێت، بەڵام قسەکانیان زۆر پووچ دەبن کاتێک ئێمە بە تەواوەتی هێزی دەریایی ئەوانمان لەناوبردبێت، وەک چۆن ئێستا دەیکەین." لێڤیت ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەڕەشەی توانای مووشەکە بالیستییەکانی تاران بە تەواوەتی لابرێت تاوەکو جەنگەکە بوەستێت.
بە گوتەی لێڤیت، ئامانجی کۆتایی ترەمپ ئەوەیە، بۆ هەمیشە رێگری لە ئێران بکرێت لەوەی ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی و گوتی: "دەبێت بە تەواوی و بۆ دواجار دڵنیابینەوە کە ئەوان چیدیکە ناتوانن چەکی ئەتۆمی بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمریکا، هاوپەیمانەکانمان و سەربازەکانمان لە ناوچەکەدا دروست بکەن. ئەمە ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ لە کۆتاییدا سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنە هەوڵی بۆ دەدات."
ئەم لێدوانانەی کۆشکی سپی ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەوەی کە واشنتن گوشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران کەم ناکاتەوە تاوەکو گەیشتن بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، کە ئەویش بێهێزکردنی تەواوەتیی توانای سەربازی و ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.


.jpg&w=3840&q=75)
