رووداو دیجیتاڵ
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، هێرشە مووشەکییەکەی سەر تورکیای وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ سەرکۆنە کرد، ئەمەش دوای تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستی، کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو.
رۆژی هەینی، 6ـی ئاداری 2026، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەبارەت بە جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا قسەی کرد و "هاوسۆزی و پشتگیری خۆی بۆ تورکیا دەربڕی لە بەرامبەر ئەو هێرشە مووشەکییە بێ پاساوەدا".
ئەم هەڵوێستەی ئیتاڵیا دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیی ناتۆ مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاند کە لە ئێرانەوە بەرەو تورکیا هەڵدرابوو.
لە کاتێکدا ناتۆ جەخت دەکاتەوە کە مووشەکەکە "تورکیای کردووەتە ئامانج"، بەڵام بەرپرسێکی تورکیا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە مووشەکەکە "بۆ بنکەیەک لە قوبرسی یۆنانی ئاراستە کراوە، بەڵام رێڕەوەکەی گۆڕاوە و بە هەڵە بەرەو تورکیا چووە".
هاوپەیمانیی ناتۆ 32 وڵات تێیدا ئەندامن. بەندی پێنجەمی هاوپەیمانییەکە دەڵێ، هێرش بۆ سەر هەریەک لە ئەندامان هێرشە بۆ سەر هەموو وڵاتەکان و پێویستە هەمووان بەیەکەوە بەرگریی لەو وڵاتە بکەن کە هێرشیکراوەتە سەر دژی وڵاتی دەستدرێژیکار.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامیدانەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، 49 سەرکردەی ئێرانیان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانە.



.jpg&w=3840&q=75)
