رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێردا لانیکەم دوو هەزار و 27 کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە دوورگەی کریت لە باشووری یۆنان، کە ئەوەش بەرزترین ژمارەی گەیشتنی کۆچبەرانە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە.
دوای هێوربوونەوەیەک بۆ چەند رۆژێک، شەپۆلی گەیشتنی کۆچبەران لە لیبیاوە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستی بە زیادبوون کردەوە و شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە لووتکە. میدیای وڵاتەکە تۆمارکردنی گەیشتنی دوو هەزار و 27 کۆچبەری راگەیاندووە.
سانۆس پلێڤریس، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان ئەم شەپۆلەی بە بەرزترین ئاستی گەیشتنی کۆچبەران لە ئەم ساڵدا ناوبرد و گوتی، بڕوا وایە سەتان کۆچبەری دیکە بەرەو دوورگەکە بەڕێکەوتبن.
میدیای یۆنان باس لەوە دەکات، پێشبینی دەکرێ 600 کۆچبەری دیکە لە دوورگەی کریت نزیک کەوتبنەوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێ ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕ و باهۆزەی ئەمڕۆ بەشێکی زۆری یۆنانی گرتەوە، سبەی دووشەممە 30-11-2026 بگاتە ئەو دوورگەیە.
لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە لانیکەم 41 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریا و وشکانییەوە چوونەتە نێو خاکی یۆنان، کە زیاتر لە 25 هەزار کەسیان لە رێگەی دوورگەی کریتەوە چوون.
کریت گەورەترین دوورگەی یۆنانە و دەکەوێتە باشووری ئەو وڵاتە لە نێو دەریای ناوەڕاست؛ بەهۆی نزیکیی جوگرافییەوە لە کەناراوەکانی باکووری ئەفریقا، بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین وێستگەکانی گەیشتنی کۆچبەران لە لیبیاوە بەرەو ئەورووپا.



