رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر کەناراوەکانی باشووری کالیفۆرنیای لە ئەمریکا هەژاند، بووە هۆی لەرزینی پەنجەرەی باڵەخانەکان لە ناوچەی لۆس ئەنجلس و فڕۆکەیەکیش ناچار بوو لە فڕۆکەخانەی شارەکە لە نیشتنەوە پاشگەز ببێتەوە.
رۆژی شەممە 28-11-2026 دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە نزیک شاری مانهاتن بیچ لە نزیک لۆس ئەنجلس هەستی پێکراوە؛ هاوکات بەرپرسانی کالیفۆرنیا هۆشدارییان دایە دانیشتووانی ناوچەکە کە خۆیان بۆ پاشلەرزەکان ئامادە بکەن.
نووسینگەی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکانی کالیفۆرنیا لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، بە چڕی لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێی کاردەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی هەر زیانێک و گوتی: "بوومەلەرزە پێشبینی ناکرێت، بۆیە بۆ پاشلەرزەکان ئامادە بن."
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە نیشانی دەدەن، بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان لە لۆس ئەنجلس و فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی دەلتای ناچار کردووە رێک لە کاتی نزیکبوونەوەی لە فڕۆکەخانە، لە نیشتنەوە پاشگەز ببێتەوە.
کەناری رۆژئاوای ئەمریکا خاڵی بەیەکگەیشتنی چەندین پلێتی تەکتۆنیی زەوییە و روودانی لەرزە تێیدا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام زۆربەیان بچووکن و ئەو 40 ملیۆن کەسەی لەو ناوچەیە دەژین بە ئەستەم هەستیان پێدەکەن.
پێشتر ئەو ناوچەیە رووبەڕووی چەندین بوومەلەرزەی گەورە بووەتەوە، لەوانە بوومەلەرزەکەی ساڵی 1994 لە ناوچەی نۆرسریج لە لۆس ئەنجلس، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس، برینداربوونی هەزارانی دیکە و گەیاندنی زیانی ملیاران دۆلار بە ماڵ و ژێرخانی ناوچەکە.
هەروەها بوومەلەرزەکەی ساڵی 1906ـی سان فرانسیسکۆ کە تسونامیشی لێکەوتەوە، پێشبینی دەکرێت بووبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە سێ هەزار کەس، کە بەشێکیان بەهۆی ئەو ئاگرانەوە گیانیان لەدەستدا کە دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە کەوتنەوە.



