رووداو دیجیتاڵ
دەیان هەزار لایەنگری ئۆپۆزیسیۆن لە شاری تبلیسیی پایتەختی جۆرجیا رژانە سەر شەقامەکان؛ ئەمەش لە دووەمین ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتەدا دێت کە بەهۆی بڕیاری حکومەت بۆ هەڵپەساردنی دانوستاندنەکانی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا سەریهەڵدا.
رۆژی شەممە 28-11-2026 خۆپێشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای یەکێتیی ئەورووپا و ئاڵای نیشتمانیی جۆرجیا، گۆڕەپانی سەرەکیی پایتەختیان تەنی. گردبوونەوەکە لەسەر بانگەوازی پێنج پارتی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەچوو کە لە رێگەی دادگای دەستوورییەوە رووبەڕووی هەوڵی حکومەت بوونەتەوە بۆ قەدەخەکردنیان.
رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتیان: "با بە جیهان نیشان بدەین کە کۆڵ نادەین و خۆمان بەدەستەوە نادەین! پارتی (خەونی جۆرجیا) ناپاکیی لە رێڕۆی ئەورووپی و ئەتڵەسیی جۆرجیا کردووە، کە خۆی لە دەستووردا جێگیری کردبوو."
جۆرجیا لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییە مشتومڕاوییەکەی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە تووشی قەیرانێکی قووڵی سیاسی بووە، کە تێیدا پارتی دەسەڵاتداری (خەونی جۆرجیا) سەرکەوتنی خۆی راگەیاند.
مانگێک دوای ئەو هەڵبژاردنە، ئیراکلی کۆباخیدزێ، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا رایگەیاند، تبلیسی دانوستاندنەکانی تایبەت بە چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپا تاوەکو ساڵی 2028 هەڵدەپەسێرێت. ئەو بڕیارە بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانی سەرانسەری کە بە سەرکوتکاریی تووندی پۆلیس وەڵام درایەوە.
سەرەڕای دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، سەپاندنی پێبژاردنی قورس و دەرکردنی یاسای تووندتر، خۆپێشاندەران رۆژانە دەچنە سەر شەقامەکانی تبلیسی و داوای هەڵبژاردنی نوێ و ئازادکردنی خۆپێشاندەرە زیندانیکراوەکان دەکەن.
رەخنەگران، پارتی (خەونی جۆرجیا)، کە لە ساڵی 2012ـەوە لە دەسەڵاتدایە، تۆمەتبار دەکەن بەوەی وڵاتەکە بەرەو رووسیا دەبات و دامەزراوە دیموکراسییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام پارتەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
حکومەتی ئەوێ سوورە لەسەر ئەوەی ئامانجیان پاراستنی سەروەریی جۆرجیایە لە بەرامبەر دەستوەردانی دەرەکی و هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵات.
تاوەکو ئێستا چەندین سەرکردەی دیاری ئۆپۆزیسیۆن زیندانی کراون و دەسەڵاتدارانیش یاسای بەرفراوانیان بۆ سنووردارکردنی میدیای سەربەخۆ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەسند کردووە.
مانگی رابردوو، دادگای دەستووریی جۆرجیا دانیشتنەکانی تایبەت بە سکاڵایەکی پارتی دەسەڵاتداری دەستپێکرد کە تێیدا داوای قەدەخەکردنی پێنج هێزە سەرەکییەکەی ئۆپۆزیسیۆن دەکات، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی سیستمی دەستووری. دادگاکە تاوەکو حوزەیرانی ساڵی 2027 مۆڵەتی هەیە بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.
لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانی ئەورووپا هەوڵی قەدەخەکردنی ئەو پارتانەی سەرکۆنە کرد و هۆشداریی دا کە ئەم هەنگاوە جۆرجیا زیاتر لە یەکێتیی ئەورووپا دوور دەخاتەوە.



