رووداو دیجیتاڵ
دادگەی هەرێمیی لایپزیگ لە ئەڵمانیا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر تۆمەتبارێکی تەمەن 21 ساڵاندا سەپاند، کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بە چەقۆ هێرشی کردبووە سەر هاونیشتمانییەکی کورد لە نێو تراموایەکدا و دادگە رووداوەکەی بە "جۆرێک لە راوکردن" دژی کورد وەسف کرد.
دەستەی هەشتەمی تاوان لە دادگەی هەرێمیی لایپزیگ، دوای چەند رۆژێک لە دانیشتن و گوێگرتن لە شایەتحاڵ و بەڵگەکان، ئەحمەدی بە "هەوڵدان بۆ کوشتن" لەگەڵ "گەیاندنی زیانی جەستەیی مەترسیدار" و "وەرگرتنی پارە و موڵک بە زۆرەملێ و هەڕەشە" بە تاوانبار ناساند و سزاکەی لە داواکاریی گشتی زیاتر بوو.
دادوەر (رۆدیگەر هار) لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا گوتی: "لە کۆتاییدا، دەبێت سەروەریی یاسا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵام بداتەوە."
هەڕەشە و هێرش لە نێو تراموای هێڵی 16
رووداوەکە شەوی 26ـی کانوونی دووەم لە نێو تراموای هێڵی 16 روویداوە؛ کاژێر 11:20ـی شەو، ئەحمەد و هاوڕێیەکی کە لە سووریاوە هاتووە و هێشتا کەیسەکەی لە دادگە یەکلایی نەبووەتەوە، پیاوێکی کوردیان بە ناوی دیلان ئێم (ناوێکی خوازراوە، تەمەن 31 ساڵ) کردووەتە ئامانج، کە پێشتر هیچ ناسیاوییەکیان نەبووە. دیلان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
بەگوێرەی گێڕانەوەی دیلان ئێم بۆ رۆژنامەی تی ئەی زێدی ئەڵمانی، پێش ئەوەی لە وێستگەی ناوەندیی لایپزیگ سواری تراموای ببێت بۆ لۆسنێگ، بە کوردی لەگەڵ هاوڕێیەکیدا سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان قسەی کردووە. کەمێک دواتر، دوو پیاو لە نێو تراموایەکەدا بە سووکایەتی، جنێوی سێکسی و هەڕەشەی جینۆساید دژی کورد هێرشی زارەکییان کردووەتە سەری و گوتوویانە: "هەموو کورد و خەڵکی کۆبانێ دەکوژین."
دادوەر ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ گومانێک نییە ئەو قسانە کراون و هێرشکارەکان وازیان لە قوربانییەکە نەهێناوە، تەنانەت کاتێک زانیویانە دیلان بە هەڕەشەکان تووڕە نابێت و خەریکە دادەبەزێت.
برینداربوونی بەردەوام و داگیرکردنی کەلوپەل
بەپێی بڕیاری دادگە، ئەحمەد و هاوڕێکەی لە نێو تراموایەکەدا دوای قوربانییەکە کەوتوون، هەراسان و ئازاریان داوە و چەقۆکانیان بە ئاشکرا نیشان داوە؛ لە وێستگەی (بایەخشە بانهۆف)؟ بە مشتەکۆڵە و چەقۆ لە دیلان ئێم دراوە، کەوتووە و بە ترسەوە لە تراموایەکە هەڵاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە لە دەستیان دەرباز ببێت، گەڕاوەتەوە نێو تراموایەکە. پێش گەیشتنی پۆلیس، هێرشکارەکان پارە، کارتی بانکی و بەڵگەنامە کەسییەکانیان لێسەندووە.
بەهۆی هێرشەکەوە، پەنجەی گەورەی دەستی دیلان پەڕیوە و لە نەخۆشخانە بۆی دووراوەتەوە، هاوکات چەقۆ بەر هەردوو دەستی و قۆڵی راستی کەوتووە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەردەوام لە جووڵەی، هەروەها سڕبوونی بەشێک لە پەنجەکانی پێدەچێت هەمیشەیی بێت و تاوەکو ئێستا لەژێر چارەسەری دەروونیدایە.
بەرگریی تۆمەتبار و هەڵوێستی دادگە
تۆمەتبار لە یەکەم رۆژی دادگاییکردنەکەدا دانی بەوەدا نا کە بە زۆر پارەی سەندووە و شەڕەقسەی کردووە، بەڵام رەتیکردەوە دژایەتیی کورد بکات و گوتی: "هیچ کێشەیەکم لەگەڵ کورد نییە." بەڵام دادگە ئەو گێڕانەوەیەی بە نالۆژیکی زانی و جەختی کردەوە کە هێرشبەرەکان تەنانەت دوای وەرگرتنی پارە و بەڵگەنامەکانیش، وازیان لە قوربانییە بێدەسەڵاتەکە نەهێناوە، ئەمەش جێگەی شەرمەزاری بووە.
کریستیان کوکا، داواکاری گشتی داوای حەوت ساڵ و نیو زیندانیکردنی کردبوو و ئێریک بێرگمولەر، پارێزەری ئەحمەد داوای شەش ساڵ و نیوی کردبوو، لە کاتێکدا جولیا بۆرسالینۆ، پارێزەری قوربانییەکە جەختی لەوە کردبووەوە کە هەوڵی کوشتن سەلمێندراوە بەبێ ئەوەی سزایەکی دیاریکراو داوا بکات.
دادوەر هار رایگەیاند، دادگە پابەند نییە بە داواکاریی لایەنەکانەوە و گوتی: "مایەی نیگەرانییە کە دەوڵەت لەو ساتەدا نەیتوانی بیپارێزێت." ئەو روونیکردەوە کە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا دەبێت پەناگەیەکی ئارام بێت بۆ ئەو کەسانەی لە شوێنەکانی دیکە هەڕەشەیان لەسەرە.
لە بەرژەوەندیی تۆمەتبارەکە، کە نزیکەی دوو ساڵ پێشتر هاتبووە ئەڵمانیا، دادگە نەبوونی پێشینەی تاوان، کاریگەریی خواردنەوەی کحوول و بەڵێنی قەرەبووی 13 هەزار یۆرۆی لە دادگەی مەدەنیدا لەبەرچاو گرت، بەڵام دڕندەیی تاوانەکە، پلاندانانی پێشوەختە و زیانەکانی سەر قوربانییەکە وەک هۆکاری قورسکەری سزا هەژمار کران.
بڕیارەکە هێشتا پلەی کۆتایی و یاسایی وەرنەگرتووە؛ پارێزەری تاوانبار رایگەیاندووە کە تانە لە بڕیارەکە دەدەن، لە بەرامبەردا قوربانییەکە و پارێزەرەکەی خۆشحاڵی و ئاسوودەیی خۆیان دەربڕیوە کە دادگە رووداوەکەی بە هەوڵی کوشتن هەژمار کردووە و بە سزای 10 ساڵ زیندان پەیامێکی روونی داوە.



