رووداو دیجیتاڵ
گرووپی پەرلەمانیی (ژیانی کورد) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرامبەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت، خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان بەخشش یان سازشی حکومەتی ناوەندی نییە، بەڵکو مافێکە لە دەستووری عێراقدا چەسپێندراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-11-2026، گرووپی پەرلەمانیی (ژیانی کورد) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا کە لە پەرلەمانتاران (گۆکای ئاکبوڵوت، قاسم تاهیر ساڵح، کریستۆف دی ڤریس و سەردار یوکسەل) پێکدێت، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانینە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراق و هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق لە بەغدا و هەرێمی کوردستانی عێراق."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 24ـی تشرینی دووەم رێکاری بەرفراوانی دەرکردووە کە ئامانج لێیان ئەوەیە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چەند کێڵگەیەکی نەوتی کە تاوەکو ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی کورددا بوون، بخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییەوە. پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا دەڵێن: "ئەم بڕیارانە پرسیاری دەستووریی جیدی دەوروژێنن و مەترسیی زیاتر ناسەقامگیرکردنی عێراق و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان لەگەڵدایە."
پەرلەمانتارانی گرووپی (ژیانی کورد) جەخت دەکەنەوە کە خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان بەخششێکی حکومەتی ناوەندی نییە، بەڵکو مافێکی دەستوورییە و لە دەستووری ساڵی 2005ـدا عێراق بە ئاگاییەوە سیستەمی فیدراڵیی هەڵبژاردووە، هاوشێوەی ئەڵمانیا کە دەسەڵاتەکان لە نێوان حکومەتی ناوەندی و دامەزراوەکانی هەرێمەکاندا دابەش کراون؛ هەر بۆیە هەرێمی کوردستان خاوەنی پەرلەمان، حکومەت و هێزی ئەمنیی ناوخۆیی خۆیەتی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستووری عێراق هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتە هەرێمییەکانی لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت و گاز و بەڕێوەبردنی گومرگەکاندا دیاریکردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش یاسای فیدراڵیی نەوت و گاز بوونی نییە، بۆیە گرنگە پرسە جێناکۆکەکان بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن نەک بە بڕیار و فەرمان.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارانە، گواستنەوەی تاکلایەنەی دەسەڵاتەکان بۆ حکومەتی ناوەندی بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بنەماکانی پێکەوەژیانی فیدراڵی لە عێراقدا دەخاتە مەترسییەوە. دەشڵێن: "لێرەدا بابەتەکە زۆر لە نەوت، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان یان کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان گەورەترە؛ بابەتەکە پەیوەندیی بە مافی چارەی خۆنووسینی سیاسی، مافە دیموکراسییەکان، بژێویی ئابووری و ئاسایشی ملیۆنان مرۆڤەوە هەیە."
گرووپی پەرلەمانیی (ژیانی کورد) ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای دەیان ساڵ لە راوەدوونان، چەوساندنەوە و پێشێلکاریی سەختی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر گەلی کورد، خۆبەڕێوەبەریی پارێزراو بە دەستوور دەستکەوتێکی مێژوویی گرنگە، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی کوردستان رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا هەبووە و پەناگەیان بۆ چەندین پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی جیاواز دابین کردووە. جەختیش دەکەنەوە کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت دەستەوەستان بێت بەرامبەر بە لاوازکردنی سیستەمی فیدراڵیی عێراق و ئەگەری هەڵکشانی سەربازی."
هەروەها داوا لە حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکەن بەبێ هیچ مەرجێک رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت، دەستبەرداری هەنگاوە تاکلایەنەکان بێت و ناکۆکییەکان لە رێگەی گفتوگۆی سیاسی و یاساییەوە چارەسەر بکات. هاوکات داوا لە یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەموو توانا دیپلۆماسییەکانیان بخەنە گەڕ بۆ نێوەندگیری لە نێوان بەغدا و هەولێر و رێگریکردن لە هەڵکشانی سیاسی، ئابووری و سەربازی پێش ئەوەی دەرەنجامی نەگەڕاوەی بۆ خەڵکی ناوچەکە و سەقامگیریی هەموو ناوچەکە هەبێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "یەکپارچەیی عێراق و خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان دژ بە یەک نین، بەڵکو رێزگرتن لە خۆبەڕێوەبەری مەرجێکی سەرەکییە بۆ یەکێتی و سەقامگیریی بەردەوامی وڵاتەکە؛ لەم کاتە سەختانەدا بە هاوسۆزییەوە لە تەنیشت خەڵکی کوردستان رادەوەستین و هیوای ئاشتی، ئاسایش و پاراستنی خۆبەڕێوەبەرییان بۆ دەخوازین."
ئەم هەڵوێستەی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی نیگەرانیی دیپلۆماتکار و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەکانی نەوتی ناوچە جێناکۆکەکان، کە گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێری گەیاندووەتە قۆناخێکی هەستیار.



