رووداو دیجیتال
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ بلومبێرگ، عێراق ئەو هەڵسەنگاندنەی رەتکردووەتەوە کە لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسەوە بۆ دیاریکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە ئامادەکراوە، ئەمەش ئەگەری دروستبوونی ناکۆکییەکی تووند لە کۆبوونەوە گرنگەکەی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەبارەت بە بەرهەمهێنان دەهێنێتە ئاراوە.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، بەغدا ناڕەزایەتیی دەربڕیووە بەرامبەر ئەو توێژینەوەیەی کە لەلایەن راوێژکارانی دەرەکییەوە ئەنجامدراوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە زۆرترین توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە خوار پێنج ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.
لە راپۆرتەکەی بلومبێرگدا ئاماژە بەوە کراوە، رەتکردنەوەی ئەم هەڵسەنگاندنە لەلایەن عێراقەوە، رەنگە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی رۆژی یەکشەممەی نێوان وڵاتانی ئۆپێک و هاوبەشەکانی بە سەرۆکایەتیی سعودیە ئاڵۆز بکات، کە بڕیارە ئەو پێداچوونەوەیە بەکاربهێنن بۆ دیاریکردنی پشکی بەرهەمهێنانی وڵاتان، چونکە هەر وڵاتێک توانای بەرهەمهێنانی بەرزتر بخەمڵێندرێت، دەتوانێت داوای پشکی زیاتری هەناردەکردن بکات.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، عێراق هەڕەشەی کشانەوەی لە رێکخراوەکە کرد ئەگەر لە هەڵسەنگاندنەکەدا ژمارەیەکی پێویست و بەرزی پێنەدرێت. هەرچەندە دواتر بەغدا ئەو هۆشدارییەی کشاندەوە، بەڵام هەڕەشەکە قورساییەکی تایبەتی هەبوو، بەتایبەت کە تەنیا چەند هەفتەیەک دوای کشانەوەی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو وەک بەرهەمهێنەرێکی گەورەی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هات، کە دوای کشانەوەی، بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندووەتە ئاستێکی پێوانەیی.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاشکرای کردووە کە باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، نامەیەکی ئاراستەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی توانای هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە 5.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس پشکی بەرهەمهێنان بۆ ئەندامەکانی دیاری دەکات بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕەکانی جیهان، بەڵام عێراق لە ماوەی دەیەی رابردوودا بەردەوام ناڕازی بووە لەو سنووردارکردنانە، چونکە هەوڵدەدات داهاتەکانی زیاد بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ئابوورییەی کە بەهۆی چەندین ساڵ لە ململانێ و گەمارۆکانەوە وێران بووە.
راپۆرتی مانگانەی رێکخراوی ئۆپێک لە سەرەتای تشرینی دووەم، جیاوازیی تێڕوانینەکانی نێوان بەغدا و هەڵسەنگێنەرە دەرەکییەکانی بە روونی پیشان دا، عێراق بە ئۆپێکی راگەیاندبوو کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی گەیاندووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ بە نزیکەی 4.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە زۆر لە سەرووی پشکە دیاریکراوەکەی ئۆپێکەوەیە. لە بەرامبەردا، ئەو داتایانەی رێکخراوەکە لە سەرچاوە دەرەکییەکانەوە کۆیکردبوونەوە بۆ چاودێریکردنی بەرهەمی ئەندامان، هەڵسەنگاندنێکی زۆر کەمتریان خستبووەڕوو کە 4.491 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا.
ئەم ناکۆکییە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوخۆی عێراق رووبەڕووی پشێوی بووەتەوە؛ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی داوە بە راگرتنی کاتیی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی، تاوەکو تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت.
سەرۆکوەزیران وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی راسپاردووە بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن لە سنوورە کارگێڕییەکانی دیالە، کەرکووک، سەڵاحەدین و نەینەوا کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمنیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان.



