رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانی هەردوو پارتە عەرەبییەکەی نێو پەرلەمانی ئیسرائیل (پارتەکانی رەعم و لیستی هاوبەش) پڕۆژەیاسایەکیان بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 واژۆ کرد، کە تێیدا بە روونی حەماس وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" پێناسە کراوە.
ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هاوکێشەکانی نێو پەرلەمانی ئیسرائیل نیشان دەدات لە کاتێکدا دانوستاندنەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2026 بەردەوامن.
وێلید ئەلهەواشلە، سەرۆکی فراکسیۆنی رەعم و ئەحمەد تیبی، سەرۆکی فراکسیۆنی لیستی هاوبەش، هاوشانی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزیسیۆن (یاشار، پێکەوە، دیموکراتەکان و ئیسرائیل بەیتەنو) پڕۆژەیاساکەیان واژۆ کردووە.
دەقی روونکردنەوەی پڕۆژەیاساکە بەوە دەستپێدەکات کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، "حەماس، هاوشانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە، هێرشێکی تیرۆریستیی بەرفراوانی لە کەرتی غەززەوە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجامدا."
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، وەشانێکی هاوشێوەی ئەم پڕۆژەیاسایە کە لەلایەن ئۆریت فارکاش-هاکۆهین، پەرلەمانتاری پارتی یاشارەوە پێشکێش کرابوو، خوێندنەوەی سەرەتایی لە پەرلەمانی ئیسرائیل بە 65 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 50 دەنگی نەخێر تێپەڕاند.
واژۆکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە رێگە بۆ پارتی رەعم خۆش دەکات تاوەکو بەشداری لە حکومەتێکدا بکات بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یاشار. ئایزنکۆت چوار مەرجی سەرەکی بۆ هەر پارت یان پەرلەمانتارێک دانابوو کە بیەوێت بەشداری لە حکومەتەکەیدا بکات، کە بریتین لە:
-داننان بە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جوو و دیموکرات.
-قبووڵکردنی بەهاکانی نێو جاڕنامەی سەربەخۆیی.
-خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ (گشتگیر) بۆ هەمووان.
-ناساندنی حەماس وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی، لەگەڵ پابەندبوون بە هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکان و دەسەڵاتەکەی.
بە واژۆکردنی ئەم دەقە، پارتی رەعم بە شێوەیەکی کردەیی هەر چوار مەرجەکەی ئایزنکۆتی جێبەجێ کردووە، دوای ئەوەی پێشتریش مەنسوور عەباس، سەرۆکی پارتی رەعم ئامادەیی خۆی بۆ ناساندنی حەماس وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەربڕیبوو لە بەرامبەر هاوبەشییەکی سیاسیی راستەقینە لەگەڵ بەرەی دژە نەتەنیاهوو.
هاوکات ئەم پێشهاتە دوای پڕۆژەیاسایەکی دیکە دێت کە لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی لیکودەوە پشتگیری دەکرا و لە 19ـی تشرینی دووەمی 2026 خوێندنەوەی سەرەتایی تێپەڕاند، کە ئامانج لێی لێسەندنەوەی ئیمتیازاتە پەرلەمانییەکان و مووچەی ئەو ئەندامانەی پەرلەمانە کە رەتیدەکەنەوە حەماس وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن.
دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و جەنگی غەززە، پارتە عەرەبییەکانی نێو پەرلەمانی ئیسرائیل رووبەڕووی گوشارێکی توندی سیاسی و میدیایی ببوونەوە لەلایەن پارتە راستڕۆ و نەیارەکانیانەوە، چونکە خۆیان لەوە بەدوور دەگرت بە فەرمی دەستەواژەی "رێکخراوی تیرۆریستی" بۆ حەماس بەکاربهێنن. لە کاتێکدا سەرکردەکانی وەک مەنسوور عەباس، سەرۆکی پارتی رەعم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و بەبارمتەگرتنیان دەکرد و بە پێچەوانەی بەهاکانی ئیسلام وەسفیان دەکرد، بەڵام خۆیان لە بەکارهێنانی چەمکی "تیرۆر" دەپاراست.
بەشێکی ئەم هەڵوێستەش دەگەڕایەوە بۆ هەستیاریی شەقامی عەرەبی و فەڵەستینییەکانی نێو ئیسرائیل (کە نزیکەی 21%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن) و هەروەها ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان خودی پارتە عەرەبییەکان، کە تێیدا لیستی هاوبەش پێشتر رەخنەی تووندی لە (رەعم) دەگرت بەهۆی چوونە نێو هاوپەیمانیی حکومەتی ئیسرائیل لە 2021ـدا.



