رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندێکی بچووک لە رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا لە دەنگدانێکی هێماییدا دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە شانشینی یەکگرتوو دا، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک دژی پلانی حکومەت بۆ نیشتەجێکردنی سەدان کۆچبەر لە بنکەیەکی سەربازیی پێشووی نزیک گوندەکەیان.
رۆژی شەممە 21-11-2026، لە دەنگدانەکەی گوندی (بارنهام) کە هیچ بەهایەکی یاسایی نییە و لە نێوان 400 بۆ 500 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، 257 کەس دەنگیان بۆ سەربەخۆیی گوندەکە دا، تەنیا 16 کەس دژی بوون و دەنگێکیش پووچەڵ بووەوە.
هێلین بێک، سەرۆکی کۆمەڵەی دانیشتووانی بارنهام دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان گوتی، گوندنشینان پێشبینی ناکەن ئەم دەنگدانە بڕیاری حکومەت بگۆڕێت، بەڵام ئێستا دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن دژی ئەو پلانەن.
بەگوێرەی پلانەکەی حکومەتی بەریتانیا، بنکە سەربازییەکەی نزیک بارنهام بۆ نیشتەجێکردنی 931 کۆچبەر بەکاردەهێندرێت، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە خۆی تەنیا 584 کەسە.
هێلین بێک گوتی: "کێشەکە لە زۆریی ژمارەی ئەو کەسانەدایە کە بڕیارە لێرە نیشتەجێ بکرێن. بارنهام گوندێکی بچووکە و هیچ شتێک نییە ئەو خەڵکە بیکەن و هیچ شوێنێک نییە بۆی بچن."
جۆن باوەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی گوندەکە رایگەیاند، ئەمە رێگە بە گوندەکە دەدات دڵسۆزیی خۆی بۆ تاجی شاهانە بپارێزێت، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بچێتە دەرەوە.
سەبارەت بە نیگەرانییە ئەمنییەکان، بێک ئاماژەی بەوە کرد، پێیان گوتراوە هەموو کۆچبەرەکان پیاون و خەڵک نازانن لە کوێوە هاتوون و پێشینەیان چییە، بۆیە دانیشتووان بەتایبەت ژنان نیگەرانن لە سەلامەتیی خۆیان و ترسیان هەیە بە تەنیا لە تاریکیدا پیاسە بکەن ئەگەر 900 پیاوی دیکە بهێندرێنە ناوچەکە.
دەنگدانەکەی بارنهام دوای گشتپرسییەکی هاوشێوەی گوندی (پیدینگتن) دێت لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، کە تێیدا 285 کەس لە کۆی 312 دەنگدەر دەنگیان بۆ (مافی چارەی خۆنووسین) دا، وەک ناڕەزایەتییەک دژی پلانی نیشتەجێکردنی نزیکەی هەزار و 250 پەناخوازی سەڵت لە شوێنێکی سەربازیی نزیک گوندەکەیان.
حکومەتی ئێستای بەریتانیا کە لە تەممووزی 2024ـەوە لە دەسەڵاتدایە، دوای ناڕەزایەتیی خەڵک بەڵێنی داوە کۆتایی بە نیشتەجێکردنی کۆچبەران لە هۆتێلەکاندا بهێنێت و تاوەکو ساڵی 2029 هەموویان بگوازێتەوە بۆ بنکە سەربازییەکانی پێشوو، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن ئەو شوێنانە بۆ ئەو کەسانە گونجاو نین کە لە جەنگ و چەوساندنەوە هەڵاتوون و تێچووشیان زۆر لە هۆتێل زیاترە.



