رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا دەڵێ، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ هەوڵی پەڕینەوەیان لە بەلجیکاوە بەرەو بەریتانیا داوە، پێنج بەرامبەر زیادیکردووە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی یورگن ڤانلێربێرگ، پارێزگاری هەرێمی فلاندەرزی رۆژئاوا بڵاویکردەوە، لە مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بەرپرسانی بەلجیکا رێگرییان لە 570 کەس کردووە کە هەوڵیان داوە لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێبکەون، ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا تەنیا 102 کەس بوون.
پارێزگارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا 69 کەسیشیان بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەستگیرکردووە و بەو کەسانە ناوی بردوون کە "دەیانەوێ لەسەر حیسابی کەسانی دیکە قازانج بکەن".
پەناخوازان بەزۆری لە باکووری فەرەنساوە بە بەلەم بەرەو بەریتانیا بەڕێدەکەون، چونکە نزیکترین خاڵە، بەڵام سەرەڕای دووریی مەوداکە، ئێستا کەناراوەکانی بەلجیکاش رووبەڕووی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران بوونەتەوە.
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لەژێر گوشارێکی گەورەی کۆچبەراندان. هەربۆیەش حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە رێکارەکان تووند دەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا ئەم هەفتەیە ئەڵمانیا، دانیمارک، نەمسا، یۆنان و هۆڵەندا پلانێکیان بۆ کردنەوەی ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە رواندا راگەیاند، کە یەکەم ناوەندی لەو شێوەیەیە لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا.
ئاشکراکردنی ئەم ئامارانەی بەلجیکا هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کە پرسی کۆچ یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی.



