رووداو دیجیتال
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) بە تووندی سەرکۆنەی پلانی پێنج وڵاتەکەی ئەورووپا دەکات بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و بە "رێککەوتنێکی شەرمەزارکەر" و دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو ناوی دەبات.
لە کاردانەوەی راگەیێندراوەکەی کۆنفرانسی کۆچی ڤیەننادا کە تێیدا هەریەکە لە نەمسا، دانیمارک، ئەڵمانیا، یۆنان و هۆڵەندا پلانێکیان راگەیاند بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ "ناوەندەکانی گەڕاندنەوە" لە رواندا، ئایمێ شتوفلێسەر، پسپۆڕی کاروباری پەنابەری و کۆچ لە لێبووردنی نێودەوڵەتیی نەمسا رایگەیاند: "رێککەوتنە شەرمەزارکەرەکەی ئەمڕۆی نێوان وڵاتانی ئەورووپا و رواندا هەڵەکانی رابردوو دووبارە دەکاتەوە. ناردنی خەڵک بۆ وڵاتێک کە هەرگیز نەیانبینیوە کارێکی نابەرپرسانەیە و مەترسییەکی راستەقینە هەیە، کە ببێتە چاڵێکی رەشی دڕندانە بۆ مافەکانی مرۆڤ."
شتوفلێسەر ئاماژەی بەوە کرد، نابێت کۆچبەرانی بێبەڵگە بکرێنە کارتی یاری لە سیاسەتی رێگریکردندا و گوتی: "زیانەکانی ئەم جۆرە رێککەوتنانە بە باشی تۆمار کراون؛ لە رێککەوتنی ئیتاڵیا-ئەلبانیا و هەوڵەکانی بەریتانیا بۆ ناردنی بە زۆری خەڵک بۆ رواندا، تاوەکو سیستەمی دەستبەسەرکردنی دەرەوەی سنوورەکانی ئوسترالیا، هەموو هەوڵەکانی رابردوو سەلماندوویانە کە نایاسایی، بێسوود و تێچووبەرزن."
بەرپرسەکەی ئەمنستی رەخنەی لە شوێنی راگەیاندنی بڕیارەکەش گرت و گوتی: "لە شاری ڤیەننا لە ساڵی 1993ـدا وڵاتان کۆبوونەوە بۆ دووپاتکردنەوەی گشتگیریی مافەکانی مرۆڤ، کەچی ئەمڕۆ هەمان شار بووە شایەتحاڵی ئەوەی کە چۆن ئەو مافانە پارچە پارچە پووچەڵ دەکرێنەوە."
پاشخانی پلانەکە و دۆخی مافی مرۆڤ لە رواندا
بەگوێرەی پلانە ئاشکراکراوەکان، لە چوارچێوەی "پڕۆژەیەکی ئەزموونی"دا بڕیارە یەکەمین گرووپی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە یەکێتیی ئەورووپا نییە، لە ساڵی 2027ـدا بگوازرێنەوە بۆ رواندا. رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوا لە حکومەتەکانی نەمسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، یۆنان و دانیمارک دەکات لەو پلانە بکشێنەوە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات کە "ناوەندەکانی گەڕاندنەوە" مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بەزۆر و رووبەڕووبوونەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە زیاد دەکەن، هەروەها ناڕوونی لەبارەی بەرپرسیارێتیی یاسایی وڵاتان دەبێتە رێگر لەبەردەم گەیشتنی کۆچبەران بە دادپەروەری.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، رێسای نوێی گەڕاندنەوەی یەکێتیی ئەورووپا تەنیا رێگە بە دانانی ناوەندی دیپۆرتکردنەوە دەدات لەو وڵاتانەی پابەندن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە، لە کاتێکدا گرووپی کاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی لە ساڵی 2026ـدا تۆماری کردووە کە دەسەڵاتدارانی رواندا ئۆپۆزیسیۆن سەرکوت دەکەن و رۆژنامەڤانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دادگایی دەکەن. پێشتریش لە ساڵی 2023 دادگای باڵای بەریتانیا پلانی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا بە نایاسایی لە قەڵەم دابوو.
رێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە رواندا پێشینەیەکی خراپی هەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەشکەنجەدانی زیندانیان، رفاندن و کوشتنی نەیارانی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، سەرەڕای پاڵپشتیکردنی گرووپی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ کە بە کردنی تاوانی جەنگ و کوشتنی بەکۆمەڵ تۆمەتبارە.



