رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، پیاوێکی پاکستانی بە تۆمەتی داڕشتنی پیلان بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سزای زیاتر لە 27 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
رۆژی سێشەممە 17-11-2026، دادگایەکی ناوچەی برۆکلن لە نیویۆرک بڕیاری دا (ئاسف مێرچەنت)، کە گومانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئێران لێدەکرێت، هەوڵیداوە بکوژێکی بەکرێ بگرێت بۆ تیرۆرکردنی سیاسەتڤانێک یان بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکا.
قاسم سولەیمانی، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەرەوەی ئێران، لە کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا و لەو کاتەوە بەرپرسانی ئێران چەندین جار بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیان داوە.
مێرچەنت لە دانپێدانانەکانیدا لەبەردەم دادگا گوتبووی، بۆ پاراستنی خێزانەکەی لە تاران لە دەستی سوپای پاسداران، ناچار بەو کارە کراوە؛ ئاماژەی بەوەش کردبوو پێیوابووە پێش ئەوەی کەس بکوژرێت دەستگیر دەکرێت.
هەروەها گوتبووی هیچ کات فەرمانی پێنەدراوە کەسێکی دیاریکراو بکوژێت، بەڵام ئەو کەسە ئێرانییەی پەیوەندیی پێوە کردووە، لە چوارچێوەی پیلانەکەدا ناوی سێ کەسی هێناوە؛ ئەوانیش دۆناڵد ترەمپ، جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و نیکی هەیڵی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.
تۆد بلانش، داواکاری گشتیی ئەمریکا رۆژی سێشەممە دووپاتی کردەوە، پیلانەکە دژی دۆناڵد ترەمپ بووە.
دوای ئەوەی مێرچەنت سزای 330 مانگ (27 ساڵ و شەش مانگ) زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بلانش لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بریکاریێکی ئێران کە هاتبووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رێکخستنی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک ترەمپ، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سزای تاوانەکەی وەرگرت."
گوتیشی: "وەزارەتی داد چاوپۆشی لە پیلانە تیرۆریستییە دەرەکییەکان دژی سەرکردەکانمان ناکات و ناوەستێت تاوەکو ئەوانەی بەرپرسن رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێنەوە."
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، مێرچەنت "پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئێران هەبووە" و پیلانەکەشیان بە "کارێکی رێک هاوشێوەی شێوازی کارکردنی رژێمی ئێران" باسکردبوو.
ئاسف مێرچەنت لە 12ـی تەممووزی 2024 لە کاتێکدا بەنیازبوو ئەمریکا جێبهێڵێت، دەستگیرکرا.


