رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە دەسەڵاتداران "هیچ بەڵگەیەکیان" دەستنەکەوتووە لەسەر ئەوەی زنجیرە پەککەوتنە تەکنیکییەکانی ئەم دواییە لە کەرتەکانی فڕۆکەوانی، بانک و پەیوەندییە حکومییەکاندا پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت یان لەلایەن هاککەر و لایەنی دەرەکییەوە کرابن.
رۆژی چوارشەممە 18-11-2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەیەکی دیپلۆماسی لە مانیلای پایتەختی فلیپین، لە کاتێکدا یاوەریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ گەشتەکەی ئاسیا و بەر لە چوونیان بۆ شاری شێنجنی چین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکانی چین و رووسیا، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، حکومەت بە شەفافییەتی تەواوەوە زانیارییەکان دەخاتەڕوو.
روبیۆ گوتی: "یەکەم شت کە دەمەوێت زۆر بە روونی بیڵێم ئەوەیە، هیچ بەڵگەیەکمان بە هیچ شێوەیەک نییە؛ هیچ ئاماژەیەک و هیچ هۆکارێکمان نییە باوەڕ بکەین هیچ کام لەم رووداوانە لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بەیەکەوە هەبێت. رووداوەکەی مایکرۆسۆفت هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە لەگەڵ فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA) بینیمان، فەرمانگەی فڕۆکەوانیش پەیوەندیی بەوەوە نییە چەند رۆژێک پێش ئێستا لە بانکەکاندا بینیمان."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، لە رووی تەکنیکییەوە ئەو کێشانە بە تەواوی لەیەکدی جیاوازن و گوتی: "دووەم خاڵ ئەوەیە، هیچ بەڵگە یان هۆکارێکمان نییە باوەڕ بکەین هیچ کام لەم حاڵەتە جیاوازانە پەیوەندییان بە لایەنی خراپەکار، هاککەرە ئەلیکترۆنییەکان، تاوانباران یان دەوڵەتێکی دیکەوە هەبێت."
روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە تەکنەلۆژیا زیاتر تێکەڵی ژیانی رۆژانە دەبێت، لاوازییە تەکنیکییەکانیش زیاتر دەردەکەون و گوتی، سەردەمانێک خەڵک بە ماسک و چەکەوە دەچوونە نێو بانکەکان و دزییان دەکرد، بەڵام ئێستا لە پشت شاشەی کۆمپیوتەرەوە لە سەرانسەری جیهانەوە هەوڵی ئەو کارە دەدەن و هەموو ئابوورییە گەورەکانی جیهان رووبەڕووی هەمان ئاڵنگاری بوونەتەوە.
زنجیرە پەککەوتنەکان و رەخنەی دیموکراتەکان
لێدوانەکانی روبیۆ دوای ئەوە دێن، رۆژی سێشەممە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (NSA) رایگەیاند، تۆڕێکی زۆر نهێنیی پەیوەندییە ناوخۆییەکانیان لە کاتی چاکسازیی رۆتینیدا بۆ ماوەیەکی کاتی لەکارکەوتووە، بەڵام تواناکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بەردەوامن.
هەروەها رۆژی هەینیی رابردوو بەهۆی کێشەی ئامێرە کۆنەکانەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ چەند کاژێرێک راگیران و سەدان گەشتیار گیریان خوارد؛ هەفتەی رابردووش کۆمپانیای مایکرۆسۆفت تووشی پەککەوتنێکی گەورە بوو کە کاریگەریی لەسەر بەکارهێنەرانی (Outlook) و (Teams) دروستکرد و رۆژی دووشەممەش چەند بانکێکی گەورە کێشەی تەکنیکییان بۆ دروستبوو.
مارکوەین مولین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رەتیکردەوە وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی بووبێتەوە، بەڵام پارتی دیموکرات کە لە هەڵبژاردنی نیوەخولی سەرەتای ئەم مانگەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئیدارەی ترەمپی بە "کەمتەرخەمی و نەبوونی شەفافییەت" تۆمەتبار کرد و حەکیم جێفریز، سەرکردەی دیاری دیموکراتەکان لە کۆنگرێس داوای کرد ئیدارەی ترەمپ بچێتە بەردەم کۆنگرێس و روونکردنەوە بدات.
ئەگەری کۆبوونەوەی ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە مانیلا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی ئەگەری دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور دایەوە و رایگەیاند، بیرۆکەکە لای ترەمپ جیدییە، هەرچەندە هیچ کاتێک بۆ کۆبوونەوە دیاری نەکراوە.
روبیۆ گوتی: "سەرۆک هەرگیز کۆبوونەوە و قسەکردنی لەگەڵ کەسێک وەک سازشکردن نەبینیوە. چۆن دەتوانیت کێشە لەگەڵ ئەو کەسانەدا چارەسەر بکەیت کە ناکۆکیت لەگەڵیان هەیە ئەگەر قسەیان لەگەڵ نەکەیت؟"
ئاماژەی بەوەش کرد، بە پێچەوانەی بۆچوونی باوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە پێیوایە کۆبوونەوە لەگەڵ نەیارەکان رەواییان پێدەدات، ترەمپ پێیوایە تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کۆریای باکوور گفتوگۆکردنە و گوتی: "من ناڵێم سبەی کۆبوونەوەیەک دەکرێت، بەڵام سەرۆک ئامادەیە کۆببێتەوە و گفتوگۆ بکات، هەروەک چۆن لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا کردی؛ ئێمە هەرگیز نازانین ئەنجامێکی ئەرێنی دەبێت یان نا ئەگەر هەوڵ نەدەین."



