رووداو دیجیتاڵ
فەرهەنگی کامبریج وشەی مرۆڤ (Human)ـی وەک وشەی ساڵی 2026 دەستنیشان کرد، کە بە مانای هەبوونی "ئەو خەسڵەت، هەڵە و هەستانە دێت کە لە مرۆڤدا هەن، بە پێچەوانەی خوداوەندەکان، ئاژەڵان یان ئامێرەکان."
فرانچیسکا وودوۆرد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی چاپخانەی زانکۆی کامبریج رایگەیاند، لە سەردەمی فراوانبوونی خێرای ژیریی دەستکرد و هۆشدارییە مەترسیدارەکان لەسەر ئەوەی رەنگە تەنانەت مرۆڤایەتیش لەناوببات، ئەم وشەیە گوزارشت لە "رۆحی سەردەمی ساڵی 2026" دەکات.
وودوۆرد گوتی، لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا خەڵک "بە راستی بیریان لەوە کردووەتەوە کە مرۆڤبوون چییە"، بەتایبەت بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی ژیریی دەستکرد جێگەیان لە کارەکانیاندا بگرێتەوە. گوتیشی: "پێموایە خەڵک هەوڵ دەدەن بیری خۆیانی بهێننەوە کە مرۆڤبوون مانای چییە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کامبریج، وشەکە رکابەریی وشەکانی دیکەی پەیوەست بە ژیریی دەستکرد و جیهانی ئۆنلاینی بردووەتەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی بایەخێکی جیهانیی چڕە بە چۆنیەتیی گۆڕینی ژیانمان لەلایەن تەکنەلۆژیاوە. هەروەها فەرهەنگنووسانی کامبریج تێبینیی زیادبوونی بەکارهێنانی وشەی (مرۆڤ)ـیان کردووە لە وشە لێکدراوەکانی وەک دروستکراوی مرۆڤ (human-made) یان نووسەری مرۆڤ .(human author)
تۆم مەکلێلاند، فەیلەسووفی زانست لە زانکۆی کامبریج، هەڵبژاردنی وشەی مرۆڤـی بە "بژاردەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش" باس کرد و گوتی: "ئێستا تێگەیشتنمان بۆ مرۆڤایەتی لە گۆڕاندایە."
مشتومڕی جیهانی لەسەر ژیریی دەستکرد
مەکلێلاند گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین لە جیاوازیی نێوان مێشکی مرۆڤ و مێشکی دەستکرد، لە نێوان بوونەوەرە زیندووەکانی وەک ئێمە و بوونەوەرە دەستکردەکان کە دروستیان دەکەین تێبگەین. ئەوەی ئێمە جیا دەکاتەوە چییە؛ ئایا هۆشیارییە، داهێنانە یان بەزەیی؟"
تیشکخستنە سەر مانای مرۆڤبوون وایکردووە سەرکردەکانی جیهان و کەسایەتییە دیارەکانی وەک پاپا لیۆی چواردەیەم، بیڵ گەیتس، مێژوونووس ماری بیرد و ئەکتەر کەیت بلانشێت بەشداری لەو مشتومڕەدا بکەن.
لە نێو رکابەرەکانی دیکە بۆ نازناوی وشەی ساڵ، وشەی بریکار (Agent) هەبوو، کە بە مانای سیستمێکی ژیریی دەستکرد دێت کە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاڵۆز و بەبێ کۆنترۆڵی مرۆڤ کار بکات.
هەروەها وشەی بەسوود یان تەندروست (Wholesome) لە کێبڕکێدا بوو، کە بە مانای شتێک دێت "بۆ تۆ باش بێت و ئەگەری هەبێت ژیانت لە رووی جەستەیی، ئەخلاقی یان سۆزدارییەوە باشتر بکات."
وشەی ئێوارەپەرستی یان سەیرکردنی خۆرئاوابوون (Dusking) یەکێکی دیکە بوو لە بەربژێرەکان، کە بریتییە لە سەیرکردنی گۆڕانی رووناکیی رۆژ بۆ تاریکی وەک شێوازێک بۆ پشوودان؛ ئەمە نەریتێکی هۆڵەندییە و وەک رێگەیەک بۆ پەیوەندیکردنەوە بە سروشت زیندوو کراوەتەوە.
لە نێو وشە نوێیەکانی دیکەدا کە لە ساڵی 2026 بۆ فەرهەنگەکە زیاد کراون، دەستەواژەی aura farming هەیە کە بە مانای کردنی کارێک دێت بۆ نیشاندانی کەسایەتییەک کە خەڵک سەرسامی بن، هەروەها وشەی looksmaxing کە بە مانای ئەوە دێت خۆت لە رووی جەستەییەوە تاوەکو ئەوپەڕی سەرنجڕاکێش بکەیت.
وشەی ساڵ و وشە زیادکراوە نوێیەکان بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک پێوەر هەڵدەبژێردرێن، لەوانە ئەو وشانەی زۆرترین گەڕانیان بۆ کراوە لە ماڵپەڕی فەرهەنگی کامبریجدا.
بەگوێرەی فەرهەنگی کامبریج، لە نێو ئەو وشانەی کە پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو جێگەی سەرنج بن، کورتکراوەی (FOBO) هەیە، کە بە مانای "ترس لە بەسەرچوون و لەکارکەوتن" دێت بەهۆی ئەوەی رەنگە کارەکەت لەلایەن ژیریی دەستکردەوە بکرێت؛ هەروەها دەستەواژەی weather whiplash کە ئاماژەیە بۆ "گۆڕانی خێرای کەشوهەوا لە دۆخێکی زۆر تووندەوە بۆ دۆخێکی دیکە."
وشەی پاری فەرهەنگەکە parasocial بوو، کە بۆ باسکردنی هەستی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی بەناوبانگ بەکاردەهات کە لە نزیکەوە نایناسیت یان کارەکتەرێکی خەیاڵی.


