رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 100 رۆژ دەستبەسەرکردنیان لە لیبیا، 40 کۆچبەری خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەریای نێوەڕاست لەلایەن هێزی دەریاوانیی ئیتاڵیاوە رزگار کران.
بەپێی زانیارییەکانی هاونیشتمانییەک بۆ رووداو کە لەگەڵ رێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافی کۆچبەران لە ئیتاڵیا کار دەکات، باندەکانی قاچاخچێتی لە رێگەی ئەشکەنجەدانەوە گوشاریان خستووەتە سەر کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانە و پارەیان لێ وەرگرتوون لە بەرامبەر ئازادکردنیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو هاونیشتمانییە بۆ رووداو، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، هێزەکانی دەریاوانیی ئیتاڵیا بەلەمێکی کۆچبەرانیان رزگار کرد کە 40 گەنجی کوردی تێدابوو؛ رۆژی دواتریش سەرجەمیان بۆ ناوەندی حەوانەوە و پێشوازیکردن لە دوورگەی لامپێدووسا سەر بە هەرێمی سیسیلی لە باشووری ئیتاڵیا گوێزرانەوە.
ئەو هاونیشتمانییانە خەڵکی باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانن، بە تایبەتی خەڵکی ناوچەکانی هەولێر، سلێمانی، شارەزوور و سنووری ئیدارەی راپەڕینن.
ئەو هاونیشتمانییە لە زاری کۆچبەرە رزگاربووەکانەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەو گەنجانە پێکەوە لە تورکیاوە نەچوونەتە نێو خاکی لیبیا، بەڵکو بە جیا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و دواتر لە لایەن باندەکانی قاچاخچێتییەوە کۆکراونەتەوە؛ هێشتنەوەشیان بۆ زیاتر لە سێ مانگ لە لیبیا بە مەبەستی وەرگرتنی پارەی زیاتر بووە.
ئەو گەنجانە ئاماژەیان بەوە کردووە، باندەکان لە رێگەی ئەشکەنجەدانیانەوە گوشاریان خستووەتە سەر خێزانەکانیان تاوەکو پارەی زیاتریان بۆ رەوانە بکەن بۆ ئەوەی بە بەلەم بەرەو ئیتاڵیا بەڕێیان بکەن، بە جۆرێک کەسی وایان لەنێودایە بڕی 18 هەزار دۆلاری داوەتە قاچاخچییەکان تاوەکو گەیشتووەتە کەناراوەکانی ئەورووپا.


