رووداو دیجیتاڵ
تۆڕێکی زۆر نهێنی کە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پەیوەندییە نێوخۆییەکانی بەکاریدەهێنێت لەکارکەوت. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە پەککەوتنەکە بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە بووبێت.
میدیای ئەمریکی لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادار لە کێشەکەوە بڵاویکردەوە، سیستمەکە کە بە (ئێن ئێس ئەی نێت) ناسراوە، لەکارکەوتووە. ئەم تۆڕە نێوخۆییە رێگە بە کارمەندانی یەکێک لە هەستیارترین دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەدات کە زانیارییە پۆلێنکراو و زۆر نهێنییەکان لە نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن.
ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامی داواکاریی میدیاکانی بۆ روونکردنەوە لەسەر هۆکاری پەککەوتنی سیستمەکە نەداوەتەوە.
ئەم پەککەوتنە دوای زنجیرەیەک گرفتی تەکنیکیی دیکە دێت کە تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی ئەمریکا بوونەتەوە. رۆژی هەینی بەهۆی ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە "کاری هەڵە لە کێبڵێکی پەیوەندیدا" ناویبرد، گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پەکیان کەوت و دەسەڵاتداران ناچاربوون بۆ چەند کاژێرێک سەرجەم گەشتەکان رابگرن، کە کاریگەرییەکەی تاوەکو ئەم هەفتەیەش درێژەی کێشا.
هاوکات هەفتەی رابردوو کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رووبەڕووی پەککەوتنێکی گەورەی تەکنیکی بووەوە کە بووە هۆی وەستانی خزمەتگوزارییەکانی (ئاوتلووک) و (تیمز) لای بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهاندا.
ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کە بارەگای سەرەکیی لە فۆرت مید لە ویلایەتی مێریلاندە، بەرپرسە لە کۆکردنەوە، شیکردنەوە و پاراستنی زانیارییە هەواڵگرییە ئەلیکترۆنییەکان و پەیوەندییەکانی حکومەتی ئەمریکا. تۆڕەکەى وەک بڕبڕەی پشتی ژێرخانی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ئەو ئاژانسە دادەنرێ و بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە بە تەواوی لە ئینتەرنێتی گشتی دابڕاوە تاوەکو رێگری لە دزەکردنی زانیاری و هێرشی دەرەکی بکرێت.
هەرچەندە زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە هێرشی سایبەری ناکەن، بەڵام لەکارکەوتنی سیستمێکی وەها هەستیار لە کاتێکدایە کە دامەزراوە فیدراڵییەکان و ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا رووبەڕووی شەپۆلێک لە ناسەقامگیریی تەکنیکی بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانی جەخت لە پێداچوونەوە بە سیستمی یەدەگ و پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵیی دەزگا هەواڵگرییەکان بکەنەوە.


