رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی شەممە داوای لە ئێران و ئەمریکا کرد "دەستبەجێ" رێگە بە تێپەڕبوونی پەینی کیمیایی بە تەنگەی هورمزدا بدەن، تاوەکو قەیرانی کەمیی خۆراک لە وڵاتە هەژارەکانی جیهاندا کەمبکرێتەوە.
خۆرخێ مۆریرا دا سیلڤا، سەرۆکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی پرۆژە، لە پەراوێزی گفتوگۆکانی لووتکەی کەشوهەوای (کۆپ 31) لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا بە رۆژنامەڤانان راگەیاند، کەمیی پەینی کیمیایی لە بازاڕەکاندا دەتوانێت ملیۆنان کەس لە جیهاندا بەرەو هەژاری و برسێتی ببات.
داخرانی تەنگەی ستراتیژیی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستیپێکرد، تەواوی هێڵەکانی کەشتیوانی لە ناوچەکە و جیهاندا تێکداوە؛ لە لایەکی دیکەشەوە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دۆخەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە.
رۆژانە پێویستمان بە پێنج کەشتییە
لە کاتێکدا ئێران و ئەمریکا هێشتا سەرقاڵی هەوڵی دیپلۆماسین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، دا سیلڤا گوتی، هەمان پەیامی بۆ هەردوو وڵات هەیە: "دەبێت ئەوان بەردەوام بن لە دانوستاندنەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر، بەڵام ناکرێت ئەو رێککەوتنە رێگری لە چارەسەرێکی دەستبەجێ، ناوازە و سنووردار بۆ کێشەی پەینی کیمیایی بکات. ئەوەی ئێمە بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێویستمانە، رۆژانە تێپەڕبوونی پێنج کەشتیی هەڵگری پەینی کیمیاییە بە تەنگەکەدا."
مۆریرا دا سیلڤا سەرۆکایەتیی تیمی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئاسانکاریکردن لە تێپەڕبوونی سەلامەتیی پەینی کیمیایی لە کاتی قەیرانەکەدا؛ ناوبراو ئاشکرای کرد کە پێش دەستپێکردنی جەنگ، یەک لەسەر سێی تەواوی پەینی کیمیایی جیهان بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام لە دوای گەمارۆدانەکەوە، نرخەکەی بە رێژەی 30٪ بەرزبووەتەوە.
زیانی گەورە بەر وڵاتە هەژارەکان کەوتووە
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "پێموایە ئەوەی وەک پێویست درکی پێ نەکراوە، کاریگەرییە نایەکسان و وێرانکەرەکەیەتی لەسەر هەژارترین وڵاتانی جیهان."
دا سیلڤا ئاماژەی بەوە کرد، وەزیری دارایی سوودان بەم دواییانە پێی راگەیاندووە کە نرخی خۆراک لە ماوەی شەش مانگدا لە وڵاتەکەیدا دوو هێندە زیادی کردووە؛ هەروەها لە نیپاڵ پێیان گوتووە کە جووتیاران چیدیکە توانای کڕینی پەینی کیمیاییان نەماوە.
دا سیلڤا گوتی: "زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە وڵاتانی وەک مۆزەمبیق، کینیا، سوودان، سۆماڵیا، نیپاڵ، بەنگلادیش و سریلانکا رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر قورس بوونەتەوە."
هۆشداری لە برسیبوونی 45 ملیۆن کەس
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا لەوەی کە دەرەنجامی ئەمە دەکرێت کارەساتبار بێت و گوتی: "ئەگەر بەردەوام بین لە لەدەستدانی وەرزەکانی چاندن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، رەنگە 45 ملیۆن کەس رووبەڕووی نائاسایشی توند و مەترسیداری خۆراک ببنەوە، هەروەها رەنگە 30 ملیۆن کەسی دیکەش ناچار بە ژیان لەژێر هێڵی هەژاریدا بکرێن."
مۆریرا دا سیلڤا لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سیستەمێکی ئامادەکراوی لەبەردەستدایە کە دەتوانێت لە ماوەی حەوت تاوەکو 10 رۆژدا، دەست بە جووڵاندن و گواستنەوەی کاروانەکانی پەینی کیمیایی بە تەنگەی هورمزدا بکات، ئەگەر لایەنەکان رێگەی پێبدەن.



