رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی بەرگریی بەریتانیا دەڵێن، ئێوارەی رۆژی هەینی هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا وەڵامی جووڵەیەکی گوماناوی و رێگەپێنەدراوی درۆنیان لە ئاسمانی بنکەی سەربازیی (لەیکنهێس) لە رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا داوەتەوە. فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا لەو بنکەیەدان.
گوتەبێژێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هیچ زیانێک بەر کارمەندان، فڕۆکەکان یان ژێرخانی بنکەکە نەکەوتووە. بەردەوامین لە کارکردنی نزیک لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە وڵاتی خانەخوێ بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و پاراستنی سەربازان، هاووڵاتییانی سڤیل و خێزانەکانمان."
هاوکات گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتداران لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و "دۆخەکە ئێستا چارەسەر کراوە."
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، نزیکەی کاژێر 5:30ـی ئێوارە بە کاتی بەریتانیا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بنکەکە لێدراوە و داوا لە کارمەندان کراوە لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە.
سەرەتای هەفتەی رابردووش هەژماری فەرمیی بنکەی (لەیکنهێس) لە فەیسبووک داوای لە خەڵک کرد هەر "جووڵەیەکی گوماناوی، بە چالاکیی درۆنی رێگەپێنەدراویشەوە" رابگەیێنن و نووسی: "بەهێزترین سەرمایەی ئەمنیی ئێمە کۆمەڵگەیەکی چاوکراوەیە."
ئەم رووداوە نوێترین زنجیرە لە ئاگادارکردنەوە ئەمنییەکان لەو بنکە ئاسمانییانەی بەریتانیا کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدایە. سەرەتای هەفتەی رابردوو داتاکانی چاودێریی فڕین دەریانخست کە سوپای ئەمریکا لانیکەم 12 فڕۆکەی سەربازی و سووتەمەنیهەڵگری لە بنکەی نزیکی (میڵدنهۆڵ) کشاندووەتەوە، دوای ئەوەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە هەڕەشەیەکی ئێران لەسەر بنکەکە هەبووە.
ئەم پەرەسەندنە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتی ئاراستەی سێ کەس کرد کە بە "کارمەندی هەواڵگریی ئێران" ناوی بردن، بە تۆمەتی تێوەگلان لە پیلانێکی "تیرۆریست"ی لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا دژی بنکەی سەربازیی (فێیەرفۆرد) لە بەریتانیا. بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگای ئەمریکا، کەسێک بە ناوی محەممەد عەلی حەسەنی رێنمایی چەند کەسێکی کردووە بە چەند ئۆتۆمبێلێکی ڤانی سپی کە بەرمیلی سووتەمەنییان تێدا بووە بچنە نزیک بنکەکە، کە دوای ئەو رووداوە ئەمریکا سەرجەم فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری (B-1)ـی لەو بنکەیە کشاندەوە و پۆلیسی بەریتانیاش دوو هاووڵاتیی بەریتانی بە تۆمەتی ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتبار کرد.
بنکەی (لەیکنهێس) بارەگای باڵی 48ـی جەنگیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکایە و گەورەترین ناوەندی ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایە لە ئەورووپا، کە ئەم ساڵ وەک بەشێک لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران فڕۆکەی سەربازیی لێوە هەڵفڕی.



