رووداو دیجیتاڵ
مارکوەین مۆڵین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەک نییە کە وڵاتەکەی رووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی بووبێتەوە دوای بڕیاری راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرتاسەری ئەمریکا، بەڵام ئەگەری هێرشی ئەلیکترۆنیشی بە تەواوی رەتنەکردەوە.
مارکوەین مۆڵین دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دەسەڵاتداران هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەمە هێرشێکی دووژمنکارانە بووبێت دژی ئێمە."
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا بە مەبەستی دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان گوتیشی: "ئەمە 11ـی سێپتێمبەرێکی دیکە نییە، هەرچەندە ئەمە دووبارە بکەمەوە هێشتا کەمە." بەڵام لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا رەنگە لە کۆتاییدا دەربکەوێ کە هێرشێکی ئەلیکترۆنی لە پشت رووداوەکەوە بووە، مۆڵین گوتی کە بەرپرسان "لەم قۆناخەدا هیچ شتێک رەتناکەنەوە."
لە بارەی پەیوەندیی نێوان ئەم پەککەوتنە و کێشە تەکنیکییە جیهانییەکەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کە بووە هۆی پەکخستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، مۆڵین رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا هەبێت و گوتی: "هیچ هۆکارێک نابینم بۆ بەستنەوەی ئەم دوو بابەتە پێکەوە، ئەمانە دوو کێشەی تەواو جیاوازن."
وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە "سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێ" و گەشتە نێودەوڵەتییەکانی دەرەوە کە بەرەو ئەمریکا دێن، بە شێوەی "جیاواز و بەپێی دۆخی هەر گەشتێک" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.
مۆڵین هۆشداری دا کە چارەسەرکردنی کێشەکە کاتی دەوێ و گوتی: "ئەم کێشەیە لە کاژێرێکدا چارەسەر ناکرێ و دۆخەکە بەو خێراییە ئاسایی نابێتەوە."
ئەم بڕیارەی دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا دوای دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستمی پەیوەندییەکانی تاوەرەکان و ناوەندەکانی چاودێریی رێڕەوی هاتووچۆی ئاسمانیدا هات. بەپێی داتاکانی ئەو دەستەیە، رۆژانە زیاتر لە 45 هەزار گەشتی ئاسمانی و نزیکەی دوو ملیۆن و 900 هەزار گەشتیار لە کایەی ئاسمانیی ئەمریکادا هاتووچۆ دەکەن، بۆیە هەر پەککەوتنێکی گشتگیر کاریگەرییەکی راستەوخۆ و بەرفراوان لەسەر هەزاران گەشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دروست دەکات.
راگرتنی سەرتاسەریی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەمریکا رووداوێکی زۆر دەگمەنە؛ دوایین جار لە کانوونی دووەمی 2023 بەهۆی کێشە لە سیستمی ئاگادارکردنەوەی فڕۆکەوانان گەشتەکان بۆ نزیکەی دوو کاژێر راگیران، کە ئەو کات بە یەکەم پەککەوتنی گشتگیر دادەنرا لە دوای هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەری 2001ـەوە. هاوکات ئەم کێشە تەکنیکییە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە روویدا کە شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا داوای 30.1 ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس کرد بۆ نوێکردنەوەی ژێرخانی کۆنی سیستمی چاودێریی ئاسمانیی وڵاتەکە.



