رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ نزیکەی چوار کاژێر گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەمریکا راگیران و ئەوەش بووەهۆی هەڵوەشانەوەی نزیکەی شەش هەزار گەشت، دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاری راگرتنەکەی هەڵگرت و ئاسمانی وڵاتەکە کرایەوە.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ رایانگەیاند، پەککەوتنەکە بەهۆی تەکنەلۆژیا و ئامێرە کۆنەکانەوە بووە کە مێژووەکەیان بۆ چەند دەیەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ ئاماژەیان بەوەش کرد، هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونی هێرشی ئەلیکترۆنی یان کاری تێکدەرانە.
شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا هۆکاری کێشەکەی روونکردەوە و گوتی: "ئەمە کێشەیەکی کۆنی سیستمەکەیە. ئێمە سویچ و راوتەری زۆر کۆنمان هەیە و هێڵی سەردەمی هەشتاکان بەکاردێنین. سیستمەکە کۆنە و لە هەموو شوێنێک لەکارکەوت، چونکە بەرگەی ئەو هەموو زانیارییەی نەگرت."
دوای کردنەوەی ئاسمانى وڵاتەکە، وەزیری گواستنەوە داوای لە کۆنگرێس کرد ئەو 30.1 ملیار دۆلارە پەسند بکات کە رۆژی پێنجشەممە بۆ نوێکردنەوەی سیستمی چاودێریی ئاسمانی داوای کردبوو و گوتی: "ملیۆنێک جار دەیڵێمەوە: دەبێت کۆنگرێس سەرچاوە داراییەکان بداتە سەرۆک تاوەکو بتوانێت ئەم پڕۆژەیاسایە تەواو بکات."
لە لایەکی دیکەوە مارکوەین مۆڵین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە هیچ هێرشێکی دەرەکی لە پشت رووداوەکەوە بێت و گوتی: "سفر بەڵگەمان هەیە لەسەر ئەوەی ئەمە هێرشی ئەلیکترۆنی یان هێرشی ژیریی دەستکرد بووبێت." هاوکات هەموو پەیوەندییەکی نێوان ئەم رووداوە و پەککەوتنە جیهانییەکەی ئەم هەفتەیەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی رەتکردەوە کە بووەهۆی لەکارکەوتنی سیستمی ئیمەیڵی ملیۆنان بەکارهێنەر لە جیهاندا.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی (فلایت ئەوەیێر) کە تایبەتە بە چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، بەهۆی ئەو پەککەوتنەوە نزیکەی شەش هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندرانەوە کە بەشێکیان گەشتی نێودەوڵەتی بوون و پێشبینیش دەکرێ ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی گەشتەکان کاتێکی زۆری بوێ.
لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا دیمەنی قەرەباڵخی و چاوەڕوانیی درێژ بینرا و دەیان هەزار گەشتیار لە دۆخێکی نادیاردا مانەوە. تەنانەت هەندێک لە گەشتیاران کە سواری فڕۆکە ببوون، چەند ساتێک پێش فڕین داوایان لێکرا دابەزن، لە کاتێکدا شاشەکانی نێو فڕۆکەخانەکان هێشتا بە هەڵە وا نیشانیان دەدا کە گەشتەکان لە کاتی خۆیاندا دەفڕن.
لە فڕۆکەخانەی لاس ڤێگاس، نووسینگەی هێڵی ئاسمانیی (ساوس وێست) بە گەشتیارانی راگەیاند کە بۆ 24 کاژێر هیچ گەشتێک ناکرێ، ئەمەش وایکرد نۆرەی درێژ لەبەردەم نووسینگەکانی بەکرێدانی ئۆتۆمبێل دروست ببێت تاوەکو گەشتیاران بە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
راگرتنی گشتگیری گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرتاسەری ئەمریکا رووداوێکی زۆر دەگمەنە. ئەمە تەنیا دووەمین جارە لە هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەری 2001ـەوە بڕیارێکی لەم شێوەیە بدرێ. دوایین جار لە کانوونی دووەمی 2023 بوو، کاتێک بەهۆی کێشە لە سیستمی ئاگادارکردنەوەی فڕۆکەوانان بۆ نزیکەی دوو کاژێر سەرجەم گەشتەکان راگیران.
کایەی ئاسمانیی ئەمریکا یەکێکە لە قەرەباڵخترین تۆڕەکانی جیهان و بەپێی داتاکانی دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا، رۆژانە زیاتر لە 45 هەزار گەشتی ئاسمانی و نزیکەی دوو ملیۆن و 900 هەزار گەشتیار تێیدا هاتووچۆ دەکەن، بەتایبەت کە ئێستا وڵاتەکە بەرەو پشووی جەژنی سوپاسگوزاری دەچێت کە قەرەباڵخترین وەرزی گەشتکردنە.



