رووداو دیجیتاڵ
ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی "بە بایەخەوە" بەدواداچوون بۆ هەوڵەکانی چەند وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ کردنەوەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە دەرەوەی یەکێتییەکە، لە کاتێکدا لەندەن تاوتوێی "هەنگاوەکانی داهاتووی" خۆی دەکات بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
پێنج وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا، ئەوانیش ئەڵمانیا، نەمسا، دانیمارک، یۆنان و هۆڵەندا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بە زووترین کات ناوەندێکی ناسراو بە "ناوەندی گەڕاندنەوە" دابمەزرێنن و بڕیارە هەفتەی داهاتوو شوێنەکەی رابگەیێندرێت.
بێرنەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوای لووتکەیەکی ئەورووپی لە دبلن گوتی: "بە بایەخەوە چاودێری ئەوە دەکەین. خەڵک دەیانەوێت هەموو شتێک بکەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچی نایاسایی. وەک دەزانن لە پرسی رێگری لە پەڕینەوەی بەلەمە بچووکەکاندا پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا رێگەی زیاترمان لەبەردەمە. بۆیە تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتوومان دەکەین و ئەو پەرەسەندنانە لەژێر چاودێریدا دەهێڵینەوە."
پێشتر هەر رۆژی پێنجشەممە، مێتێ فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک رایگەیاند کە یەکەم وڵات کە میوانداریی ناوەندێکی لەو شێوەیە دەکات، دەبێت هەفتەی داهاتوو ئاشکرا بکرێت.
دیپلۆماتکارانی ئەورووپی و کەسانی ئاگادار لە گفتوگۆکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە رواندا بژاردە سەرەکییەکەیە. رواندا لە مانگی ئابدا پشتڕاستی کردبووەوە کە دەستی بە "گفتوگۆی سەرەتایی" لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی ئەورووپیدا کردووە، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.
کیگالی لە ساڵی 2022دا رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی پێشووی پارێزگارانی بەریتانیا کردبوو بۆ ئەوەی رواندا ئەو کۆچبەرانە وەربگرێت کە لە رێگەی "گەشتی مەترسیدار یان نایاساییەوە" دەگەنە بەریتانیا، پێش ئەوەی داواکاریی پەنابەرییان یەکلایی بکرێتەوە؛ بەڵام دواتر ئەو رێککەوتنە لەلایەن کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی پێشوو لە پارتی کار هەڵوەشێندرایەوە.
بە پێچەوانەی پلانە هەڵوەشاوەکەی بەریتانیا، لە پلانەکەی یەکێتیی ئەورووپادا ئەو پەناخوازانەی داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتی سێیەم.
هەوڵی کردنەوەی ناوەندی گەڕاندنەوە، کە تاوەکو ئەم دواییانە بیرۆکەیەکی لاوەکی بوو، رەنگدانەوەی ئەو هەڵوێستە توندەیە کە زۆرێک لە حکومەتەکان بەدوایدا دەگەڕێن لە کاتێکدا ناڕەزایی رای گشتی بەرامبەر کۆچبەری بووەتە هۆی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پارتە راستڕەوە توندڕەوەکان لە سەرتاسەری ئەورووپا.
لایەنگرانی پلانەکە دەڵێن ئەم ناوەندانە کە وەک وێستگەی کۆتایی یان ناوەندی گواستنەوە بۆ دیپۆرتکراوەکان کار دەکەن دەتوانن پرۆسەی گەڕاندنەوە ئاسان بکەن و ببنە رێگر لەبەردەم کۆچبەرانی نایاسایی. بەڵام رەخنەگران گومان لە کاریگەرییەکەی دەکەن و ئاماژە بەو ئاستەنگانە دەکەن کە رووبەڕووی پڕۆژە هاوشێوەکان بوونەتەوە و بە "کونە رەشە یاساییەکان" ناوی دەبەن کە دەکرێت کۆچبەران بەبێ چاودێرییەکی ئەوتۆ لە دۆخێکی نادیاردا بهێڵێتەوە.
چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، ئەگەری هەیە ناوی ئەو وڵاتەی میوانداریی ناوەندی گەڕاندنەوەکە دەکات لە پەراوێزی کۆنفرانسێکی تایبەت بە پرسی کۆچبەری رابگەیێندرێت کە بڕیارە لە رۆژانی 16 و 17ـی تشرینی دووەم لە ڤیەننا بەڕێوەبچێت.



