رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا کۆمەڵێک رێسای نوێ بەناوی یاسای دادپەروەریی دیجیتاڵی (DFA) رادەگەیێنێت، کە ئامانج لێی قەدەخەکردنی فێڵە ئەلیکترۆنییەکان، سنووردارکردنی بانگەشەی ناڕوونی کەسایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە؛ هاوکات سەکۆ دیجیتاڵییەکان ناچاردەکات بژاردەی کوژاندنەوەی تایبەتمەندییە "ئالوودەکەرەکان" بە بەکارهێنەران بدەن.
رۆژی چوارشەممە 11-11-2026، کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە برۆکسل رەشنووسی یاسا نوێیەکە دەخاتەڕوو، کە دەسەڵات بە دەزگا چاودێرییەکان دەدات سزای دارایی بەسەر کۆمپانیا سەرپێچیکارەکاندا بسەپێنن کە دەگاتە 6٪ـی کۆی داهاتی ساڵانەیان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، فێڵ و رێکارە دیجیتاڵییە چەواشەکارەکان ساڵانە 10.3 ملیار یۆرۆ (11.5 ملیار دۆلار) زیانی دارایی بە بەکارهێنەرانی ئەورووپا دەگەیێنن.
بەپێی رەشنووسەکە، رێسا نوێیەکان ئەم خاڵە سەرەکییانە لەخۆدەگرن:
قەدەخەکردنی شێوازە تاریکەکان: مەبەست لێی ئەو تەڵە و فێڵە ژیرانەن کە لە دیزاینی ماڵپەڕ و ئەپلیکەیشنەکاندا بەکاردێن تاوەکو بەکارهێنەر لەخشتە ببەن؛ بۆ نموونە: شاردنەوەی دوگمەی (هەڵوەشاندنەوە) بە رەنگێکی کز یان زۆر بچووک، کڕینی شتێک بە هەڵە، یان ناچارکردنی بەکارهێنەر بە بەشداریکردن لە خزمەتگوزارییەکدا بەبێ ئەوەی خۆی بە ئاشکرا هەستی پێبکات. بەپێی ئامارەکان، 97٪ـی ماڵپەڕ و ئەپە بەناوبانگەکان ئەم جۆرە تەڵانە دادەنێنەوە.
رێسای تووند بۆ کەسایەتییەکانی نێو سۆشیاڵ میدیا: ناچارکردنی کۆمپانیا و ئەستێرەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەوەی بە روونی و ئاشکرا لەسەر پۆستەکانیان بنووسن (ریکلام)، تاوەکو بەکارهێنەر بزانێت ناوەڕۆکەکە بە پارە بڵاوکراوەتەوە.
پاراستنی منداڵان لە یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا: قەدەخەکردنی ئەو سیستمەی منداڵ ناچاردەکات پارەی راستەقینە بدات بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا بیباتەوە، بگاتە قۆناخی نوێ، یان چەک و کەلوپەل بکڕێت. هەروەها سەکۆکان ناچاردەکرێن لە تەنیشت دراوە وەهمییەکانی وەک (ئەڵماس، سکین، رۆبۆکس یان کۆین)، نرخی راستەقینەی ئەو کڕینانە بە پارەی کاش (وەک یۆرۆ یان دۆلار) بنووسن، تاوەکو منداڵ و خێزانەکەی بزانن چەند پارەیان لێ دەڕوات.
ئاگادارکردنەوە لە بەشداریکردنی بەخۆڕایی: پلاتفۆڕمەکان ناچاردەکرێن بە ناردنی ئاگاداری بۆ بەکارهێنەر کاتێک وادەی تاقیکردنەوەی بەخۆڕایی (Free trial) تەواو دەبێت، لەگەڵ روونکردنەوەی تێچووی بەردەوامبوون.
دەستڕاگەیشتن بە کارمەندی مرۆیی: بەکارهێنەر مافی ئەوەی دەبێت لە کاتی کێشەدا داوای قسەکردن لەگەڵ کارمەندی راستەقینەی خزمەتگوزاریی بەشداربووان بکات نەک تەنیا رووبەڕووی ژیریی دەستکرد و بۆتەکان بکرێتەوە.
قەدەخەکردنی شاردنەوەی نرخ: فرۆشیارانی ئۆنلاین ناتوانن باج و خەرجییە زیادەکان تاوەکو دوایین هەنگاوی پارەدان بشارنەوە، بەڵکو دەبێت نرخی کۆتایی هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بێت.
مایکڵ مەکگراس، بەرپرسی پاراستنی بەکارهێنەران لە یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندووە، ئامانجیان بەهێزکردنی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیی نادادپەروەرانەیە، هەروەها ئاگوستین رەینا لە ڕێکخراوی بەکارهێنەرانی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم یاسایە ئامرازێکی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی کات و پارە بۆ بەکارهێنەران بگێڕدرێتەوە.



