رووداو دیجیتاڵ
یاسادانەرانی پارتی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا توانییان رێگری لە پڕۆژەبڕیاری لێپێچینەوە و لێسەندنەوەی متمانە لە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی وڵاتەکەیان بکەن، ئەمەش وەک سەرکەوتنێک بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەقەڵەم دەدرێت دوای چەند رۆژێک لە شکستی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسدا.
رۆژی سێشەممە 10-11-2026 [چوارشەممە بەکاتی هەولێر]، بە دەنگی 211 پەرلەمانتاری کۆماری بەرامبەر 204 دەنگی دیموکراتەکان، ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریدا پڕۆژەبڕیاری لێسەندنەوەی متمانە لە هێگسەس رەوانەی لیژنەی دادوەری بکات، ئەم هەنگاوەش بە تەواوی پرۆسەی دەنگدانی رۆژی چوارشەممەی [پێنجشەممە بەکاتی هەولێر] بۆ سەپاندنی تۆمەتی فەرمی بەسەر وەزیری جەنگ پەکخست و راگرت.
پڕۆژەبڕیارەکە لەلایەن تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆماری پێشکێشکرابوو، کە تاکە ئەندامی کۆمارییەکان بوو دەنگی بە دژی رێکارەکە دا. پڕۆژەکە لە هەشت مادەی لێپێچینەوە پێکهاتبوو، کە سەرەکیترینیان پەیوەست بوو بە شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگی هەشت مانگەی ئێران، پێشێلکردنی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس، هێرشکردنە سەر حووسییەکانی یەمەن لە ساڵی 2025 و بە ئامانجگرتنی بەلەمەکان لە دەریای کاریبی.
کاردانەوەکانی ترەمپ و پێنتاگۆن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ پێشوازی لە ئەنجامی دەنگدانەکە کرد و بە "بێتاوانکردنی نیشتمانپەروەرێکی گەورەی ئەمریکی" باسی کرد. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکیش پشتیوانیی خۆی بۆ هێگسەس دەربڕی و گوتی، ئەو هیچ سەرپێچییەکی شایستەی لێسەندنەوەی متمانەی نەکردووە.
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن [وەزارەتی جەنگ] لە ئێکس بڕیارەکەی بە "سەرکەوتنی تەواوەتی" ناوزەدکرد و گوتی: "چاوەڕوانی ئەوەین لە ژووری لیژنەکەدا کۆتایی بەم لێسەندنەوەی متمانە ساختەیە بهێنین، لەو شوێنەی کە راستییەکان بەردەوام زاڵ دەبن و دەتوانرێت کۆتایی بەم سەرلێشێواندنە بهێندرێت."
لە کاتێکدا رەوانەکردنی پڕۆژەکە بۆ لیژنەی دادوەری پرۆسەی لادانی هێگسەسی راگرتووە، بەڵام هێشتا ئەم هەنگاوە تەنیا کاتییە؛ چونکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2027 دیموکراتەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران دەگرنە دەست و دەتوانن دۆسیەی لێپێچینەوە لە وەزیری جەنگ سەرلەنوێ کارابکەنەوە.



