رووداو دیجیتاڵ
میشێل وێلبێک، یەکێک لە نووسەر و رۆماننووسە ناسراوەکانی فەرەنسا، لەلایەن دادوەرێکی لێکۆڵینەوە لە شاری نانتێ خرایە ژێر لێکۆڵینەوەی دادوەری بە گومانی "هاوکاریکردن لە هاندان بۆ جیاکاری، دروستکردنی رقوکینە یان تووندوتیژی دژی موسڵمانان."
ئەم رێکارە یاساییە لەسەر لێدوانەکانی نووسەرەکە هات کە لە هەڤپەیڤینێکدا موسڵمانانی وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی فەرەنسا ناوبرد و گوتی: "ئەوەی دانیشتووانی رەسەنی فەرەنسا دەیانەوێ ئەوە نییە موسڵمانان تێکەڵی کۆمەڵگە بن، بەڵکو دەیانەوێ دەست لە دزیکردن و هێرشکردنە سەریان هەڵبگرن، یان لە وڵات بڕۆنە دەرەوە."
لێکۆڵینەوە دادوەرییەکە لەسەر بنەمای سکاڵای فەرمیی "یەکێتیی مزگەوتەکانی فەرەنسا" و بزووتنەوەی دژە نەژادپەرستی تۆمار کراوە. نەجوا هایت، پارێزەری یەکێتیی مزگەوتەکان رایگەیاند کە ناکرێ ئازادیی رادەربڕین هەموو شتێک رەوا بکات و هاندان بۆ رق و کینەش ناچێتە چوارچێوەی دیبەیت و گفتوگۆی هزری.
لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکان بەسەریدا، دەکرێ ئەو نووسەرە تەمەن 70 ساڵە رووبەڕووی سزای ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی ببێتەوە.
لە بەرامبەردا تیمی پارێزەرانی وێلبێک رەتیدەکەنەوە لێدوانەکانی ئەو نووسەرە هاندانی تووندوتیژی بووبن و دەڵێن: "جێگەی وێلبێک دادگە نییە و جێگەی داخە کە گفتوگۆی هزری رابکێشرێتە نێو هۆڵەکانی دادگە."
میشێل وێلبێک بە درێژایی دەیەکانی رابردوو بە رۆمانە رەشبین و تەنزئامێزەکانی و شیکاریکردنی دۆخی کۆمەڵگە لە مەلەفەکانی سێکس، ئایین و بەها رۆژئاواییەکان ناسراوە.



