رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەوڵەکانی کۆنگرێسی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لێی رەتکردەوە و بە "شانۆگەرییەکی سیاسی" و "گاڵتەجاڕی" لەقەڵەم دا؛ هاوکات بەرگری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆسەر ئێران و دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا کرد و رایگەیاند، ئەمریکا سەرکەوتنی مێژوویی بەدەستهێناوە.
رۆژی سێشەممە 10-11-2026، هێگسەس لە وەڵامی هەوڵەکانی تۆماس ماس، ئەندامی کۆنگرێس بۆ لێپێچینەوە و لەکارلادانی گوتی: "ئەوەی کۆنگرێسمانێکی ناڕازی و دۆڕاو هەوڵی بۆ دەدات، نە چاودێرییە و نە لێپێچینەوە، بەڵکو شانۆگەرییەکی سیاسی و هەوڵێکی کەسییە کە لە خۆپەرستی و کینەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوە هەوڵێکی تاکەکەسییە لە دوایین رۆژەکانیدا لە کۆنگرێس بۆ ئەوەی زیان بە سەرۆک و وڵات بگەیێنێت، ئەمەش گاڵتەجاڕییە و هەمووان دەیزانن."
وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی، لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هیچ وەزیرێکی جەنگ لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا لەسەر کار لانەدراوە و گوتی: "ئەم هەوڵە بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە دەجووڵێندرێ، نەوەک بەهۆی تاوانی گەورە، کەتن، ناپاکیی نیشتمانی یان بەرتیلخۆری."
"ئێمە جەنگمان دەستپێنەکرد؛ تاران 47 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد"
لە بەشێکی سەرەکیی قسەکانیدا لەسەر دۆسیەی جەنگی ئێران، هێگسەس بەرپەرچی رەخنەگرانی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، مێژوو بە شێوەیەکی زۆر جیاوازتر لە تێگەیشتنی باوی ئێستا بڕیار لەسەر ئەم جەنگە دەدات و گوتی: "ئێمە ئەم جەنگەمان دەستپێنەکرد، بەڵکو ئێران 47 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد. بە هەموو پێوەرێک لەم جەنگەدا سەرکەوتنێکی مێژووییمان تۆمارکردووە و ئەو ئیسلامییە تووندڕۆیانەی لە تارانن، هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک دەستیان بە چەکی ئەتۆمی ناگات."
هێگسەس بۆ بەرگری لە ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا)، بەراوردکارییەکی مێژوویی لەبارەی زیانە گیانییەکان خستەڕوو و رایگەیاند: "لە 20 ساڵدا لە ڤێتنام 60 هەزار ئەمریکیمان لەدەستدا. لە ماوەی سێ ساڵدا لە کۆریا 37 هەزار سەربازمان گیانیان بەختکرد؛ هەروەها مانگانە هێندەی ئەو ژمارەیە لە بەرەکانی جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەکوژرێن، بەڵام ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا هەرگیز نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە و ناشگات."
رەخنە لە کۆنگرێس و هێرش بۆ سەر میدیا
وەزیری جەنگی ئەمریکا رەخنەی لە هەڵسوکەوتی کۆنگرێس گرت و بەراوردی کرد بە سەردەمی لۆید ئۆستن، وەزیری پێشووی بەرگری لە سەردەمی جۆ بایدن و گوتی: "پێنج ساڵ لەمەوبەر لە کابولی ئەفغانستان ئەمریکا شەرمەزار کرا و هەموو دووژمنانی جیهان تێبینیی ئەوەیان کرد، بەڵام هەروەک چۆن سەرۆک ترەمپیش دوێنێ ئاماژەی پێدا، هیچ دەنگدانێک بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە لۆید ئۆستن بەهۆی ئەو کشانەوەیە نەکرا؛ هیچ لێپێچینەوەیەک نەبوو کاتێک زیاتر لە هەفتەیەک بەبێ ئاگاداری پۆستەکەی بەجێهێشت یان کاتێک زیاتر لە هەفتەیەک رێگەی دا باڵۆنی سیخوڕیی چین بە ئاسمانی ئەمریکادا بفڕێت."
هەروەها باسی دەزگەکانی راگەیاندنی کرد و گوتی: "میدیاکان ناتوانن دان بە سەرکەوتنی سەربازیدا بنێن، چونکە ئێوە رقتان لە سەرۆک زیاترە وەک لەوەی وڵاتەکەمان یان سەربازەکانمانتان خۆشبوێت."
هێگسەس هۆشداری دا لەوەی دەرکردنی بڕیاری لێسەندنەوەی متمانە پەیامێکی زۆر مەترسیدار بە نەیارانی ئەمریکا دەدات: "ئەم هەنگاوە بە دووژمنەکانمان لە ئێران، باندەکان و هەموو نەیارەکان دەڵێت کە ئەمریکا لە بەرامبەر جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە یاساییەکانیدا، جەنگاوەران و سەرکردایەتییە سڤیلەکەی خۆی سزا دەدات."
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلاش گوتی: "مادورۆ پێیوابوو کەس دەستی پێی ناگات، ئەو نەڕفێندرا، بەڵکو لەلایەن باشترینەکانی ئەمریکاوە راپێچی دادگە کرا."
هێگسەس بە باسکردنی هەوڵەکانی پێشووی دیموکراتەکان دژی ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەوان دوو جار هەوڵی لێسەندنەوەی متمانەیان لە سەرۆک ترەمپ دا و هەردوو جارەکەش شکستیان هێنا. سەرۆک بەهێزتر گەڕایەوە و گەلی ئەمریکاش گەڕاندیانەوە بۆ کۆشکی سپی. ئێستاش دەیانەوێ هەمان کار بەرامبەر ئەندامێکی کابینەکەی بکەن و دیسانەوە شکست دەهێنن."
هێگسەس داوای لە کۆمارییەکان کرد تاوەکو هێشتا دەسەڵاتیان لە کۆنگرێسدا بەدەستەوەیە، یەکگرتوو بن و ئەو دەرفەتە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت بقۆزنەوە.



