رووداو دیجیتاڵ
بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەشداریی لە کۆڕبەندی ئاشتیی پاریس کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەڵێنەکانی بۆ پاراستن و دابینکردنی مافەکانی منداڵانی پەناخواز جێبەجێ بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، پەروەردەکردنی ئەو منداڵانە تەنیا مافێکی بنەڕەتی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.
لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندەکەدا، کۆمیسیاری باڵای پەنابەران هۆشداری دا لەوەی وڵاتانی میوانداری پەناخوازان بە تەنیا جێبهێڵدرێن و گوتی: "لە راستیدا دەبێت بیرمان بێت کە 78%ی سەرجەم هاووڵاتییانی پەناخواز لە جیهاندا لە وڵاتانی داهات نزم و مامناوەندەوە چوونەتە وڵاتانی دیکە. زۆرجار کاتێک خەڵک باسی کۆچبەری دەکەن، تەنیا تیشک دەخەنە سەر ئەو ژمارە کەمەی دەگەنە کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاست، بەڵام دۆخەکە زۆر جیاوازە."
بەرهەم ساڵح لێکەوتە مەترسیدارەکانی پشتگوێخستنی ئەو دۆخەی خستەڕوو و باسی لەوە کرد کە تووندڕۆیی، تیرۆر و کۆچی بەلێشاوی دانیشتووان، دینامیکێکی زۆر مەترسیدار دروست دەکەن کە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ هاوکات ئاماژەی بە هەوڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ رێکخراوەکانی وەک یونیسێف، یونسکۆ و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد بۆ دەستەبەرکردنی خوێندن و تەندروستی، بەڵام داوای کرد هەوڵەکان زۆر لەوە زیاتر بن، چونکە ناتوانرێ دۆخی ئێستا قبووڵ بکرێت.
بەرهەم ساڵح بە پشتبەستن بە دروشمی "رزگاربوون لە مەرگ بەبێ پەروەردە، بەڵێنێکی جێبەجێ نەکراوە" جەختی لەوە کردەوە کە تێچووی وەبەرهێنان لە پەروەردە و تەندروستیی منداڵاندا زۆر کەمترە لەو باجە قورسەی لە داهاتوودا بەهۆی دەستەوەستان و بێدەنگبوونەوە دەدرێ؛ هەروەها داوای لە تەواوی وڵاتان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کرد رێگری لە پەراوێزخستنی منداڵان بگرن و پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی پارێزراو.
بەرهەم ساڵح لە پەیامێکیشدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، دڵخۆشە بە بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا کە ئەم ساڵ تیشک دەخاتە سەر دۆخی منداڵان.
بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوە کرد: "لە سەرتاسەری جیهاندا چاوم بە منداڵانی پەناخواز کەوتووە کە ژیانیان بەهۆی ململانێ و جەنگەوە هەڵتەکێنراوە، بەڵام هیوا و ئاواتەکانیان نەڕووخاوە؛ جاڕنامەی ئەمڕۆش مافەکانی ئەوان دەخاتە پێشینەی کارەکانەوە."
کۆڕبەندی ئاشتیی پاریس کە ساڵانە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەرپەرشتی دەکرێت، پلاتفۆرمێکی دیاری نێودەوڵەتییە بۆ لێکنزیککردنەوەی سەرکردەکانی جیهان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانە فرەلایەنەکان.



