رووداو دیجیتاڵ
دوای شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی خول و لەدەستدانی کۆنترۆڵی کۆنگرێس، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا ستیڤن میڵەر، یەکێک لە متمانەپێکراوترین راوێژکارەکانی وەک بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی دەستنیشان بکات. میڵەری تەمەن 41 ساڵ وەک سازکار و بیرۆکەداڕێژەری بڕیارە تووندەکانی دژی پەناخوازان و سیاسەتە نێوخۆییەکانی ترەمپ دەناسرێ.
لە کالیفۆرنیای لیبراڵەوە بۆ کەسێکی پارێزگار
میڵەر لە شاری سانتا مۆنیکا لە کالیفۆرنیا گەورە بوو (ناوچەیەک کە بە قەڵای باڵی لیبراڵی ئەمریکا ناسراوە)و لە کاتی خوێندنی لە زانکۆی دووک، بە نووسینی گوتاری تووند و پارێزگارانە ناوبانگی دەرکرد.
لە سەرەتای ساڵی 2010 میڵەر لەو دەنگە دەگمەنانە بوو لەنێو حیزبی کۆماریدا کە داوای سنووردارکردنی پەنابەری دەکرد، لە کاتێکدا ئەو تێڕوانینە هێشتا نەبووە ستراتیژیی سەرەکیی حیزبەکە.
میڵەر لە 2016 پەیوەندی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپەوە کرد و دواتر وەک راوێژکاری باڵا و گوتارنووسی سەرەکیی سەرۆک لە خولی یەکەم (2017-2021) کاری کرد. دوای دۆڕانی ترەمپ لە 2020، میڵەر رێکخراوی یاسایی (ئەمریکا فێرست لیگەڵ)ی دامەزراند و زنجیرەیەک سکاڵای دادگایی دژی کۆمپانیا گەورەکانی وەک نایکی تۆمار کرد بە تۆمەتی جیاکاری بەرامبەر سپیپێستەکان لەژێر ناوی بەرنامەکانی هەمەچەشنی.
هەڵمەتی گەورەی دەستگیرکردنی پەناخوازان
لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ دا، میڵەر پۆستی جێگری بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی وەرگرت و بووە بزوێنەری سەرەکیی رووبەڕووبوونەوەی پەناخوازان و کۆچبەر لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا.
میڵەر دەستگیرکردنی 3 هەزار کۆچبەری لە رۆژێکدا بۆ دەزگای کۆچ و گومرگ دیاریکرد، کە ژمارەیەکە لە سەرجەم ئیدارەکانی پێشوو بەرزترە.
میڵەر جەختی لەوە دەکردەوە کە گرنگە هەموو ئەو کەسانە بگرن بە نایاسایی لە ئەمریکان، نەوەک تەنیا ئەوانەی پێشینەی تاوانیان هەیە.
میڵەر یەکێکە لە ئەندامانی ئەو بازنە زۆر تەسکەی پێش واژۆکردنیان لە لایەن سەرۆکەوە، سەیری فەرمانە جێبەجێکارییەکانی سەرۆک دەکات. هاوکات لە سیاسەتی دەرەوەدا پشتیوانیی لە هەڵوێستی زۆر تووند دەکات، لەوانە لێدانی ئێران، هێرشی سەربازی بۆ سەر بازرگانانی مادەی هۆشبەر و رەتنەکردنەوەی بژاردەی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند.
ئێستا بە دەستبەکاربوونی وەک بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی، میڵەر کۆشکی سپی دەخاتە سەر رێڕۆی بەڕێوەبردن لە رێگەی دەسەڵاتە راستەوخۆکانی سەرۆکەوە.



