رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارێزگاران لە ویلایەتی فلۆریدا ستایشی هەڵوێست و بڕیارە سەربازی و سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپی کرد بەرامبەر ئێران و رایگەیاند، ترەمپ پێچەوانەی چەندین سەرۆکی پێش خۆی، لەبری دواخستنی کێشەکە بۆ سەرۆکێکی دیکە، راستەوخۆ رووبەڕووی مەترسییەکانی تاران بووەوە.
روبیۆ لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاسانترین بژاردە بۆ هەر سەرۆکێک ئەوە بووە دۆسیەی ئێران پشتگوێ بخات و چارەسەرکردنی بۆ سەرۆکەکانی دوای خۆی جێبهێڵێت، بەڵام ترەمپ هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی بڕیارە قورسەکان بدات لە پێناو پاراستنی داهاتووی وڵاتەکە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، کاری یەکەمی ترەمپ پاراستنی ئاسایشی ئەمریکییەکانە بەرامبەر ئەو لایەنانەی دەیانەوێ وڵاتەکە لەنێوببەن و گوتی: "ئاسانترین کار ئەوە بوو هاوشێوەی چەندین سەرۆکی پێشوو کێشەی ئێران پشتگوێ بخرایە، وەلا بنرایە و بگوترایە کێشەی سەرۆکی داهاتووە. بەڵام ئەم سەرۆکە ئەو کارەی نەکرد، چونکە ئەوەی ئێران دەیەوێ تەنیا لەنێوبردنی وڵاتەکەمان نییە، بەڵکو تێکدانی شێوازی ژیانمان و دروستکردنی هەڕەشەیە بۆ سەر منداڵەکانمان."
روبیۆ هۆشداری دا لە گەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی و رایگەیاند: "ناتوانین لە جیهانێکدا بژین کە تووندڕۆترین و تیرۆریستترین رژێمی سەر زەوی خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ بێت. سەرۆک لە دوای سەرۆک ئەم مەترسییەیان پشتگوێ خست و رێگەیان دا بەردەوام بێت، بەڵام ئەم سەرۆکە هەڵنەبژێردراوە بۆ ئەوەی رێگە بدات هەڕەشەکان درێژە بکێشن."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی ئامادەبووان کرد و گوتی، ئەوەی ترەمپ دەیکات لە پێناو خەڵک و ئاییندەی وڵاتەکەیە و ئاماژەی بەوە کرد کە نەوەکانی ئێستا و داهاتووی ئەمریکا قەرزداری ئەو هەنگاوانەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان گیراونەتەبەر.
ئەم گوتانەی مارکۆ روبیۆ دوای گوتارەکەی ستیڤن میڵەر، جێگری بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی هات لە هەمان کۆنفرانس.
لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ لە لایەکەوە لە رێگەی نێوەندگیریی ناوچەییەوە هەوڵی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی راستەوخۆ دەدات، سەرکردایەتیی ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە بژاردەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بۆ نەهێشتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.



