رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، سوزی وایڵس، سەرۆکی ستافی کۆشکی سپی دەبێتە بەرپرسی بەڕێوەبردنی چالاکییە سیاسییەکانی ئیدارەی ترەمپ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ستیڤن میڵەر شوێنی ئەو خانمە دەگرێتەوە.
رۆژی هەینی، 6ی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لە ترووس سۆشیال گوتی، "خۆشحاڵم رایبگەیێنم کە بەڕێز ستیڤن میڵەر، جێگری ئێستای بەرپرسی ستافی ترەمپ و یەکێک لە جێی متمانەترین راوێژکارەکانم، لە رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە دەبێتە سەرۆکی ستافی کۆشکی سپی."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "سوزی وایڵس، کە کارێکی ناوازەی ئەنجامداوە، دەگوازرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییە سیاسییەکانی ترەمپ. دەمەوێ سوپاسی بکەم بۆ خزمەتەکانی وەک بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی و کارێکی نایابی ئەنجامداوە."
20ی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکی ئەمریکا وایڵسی وەک بەرپرسی ستافی کۆسکی سپی دیاریکرد و بەمەش بووە یەکەم ژن ئەو پۆستەی وەرگرتبێت. وایڵس بەڕێوەبەری کەمپەینی هەڵبژاردنی ترەمپ بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تشرینی دووەمی 2024دا.
ستیڤن میڵەر کە لەدایکبووی ساڵی 1985ە، لە کانوونی دووەمی 2025ەوە وەک جێگری بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی و راوێژکاری ئاسایشی ناوخۆیی ئەمریکا کاریکردووە.
میڵەر لە گەڕەکێکی شاری سانتا مۆنیکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە. باوکی جووە و ماڵباتەکەی لە رزگاربووانی جووەکانن لە دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا.



