رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی وڵاتەکەیان راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ پێنجشەممە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆسەر ئێران.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، رۆژی چوارشەممەش چەندین کۆبوونەوە لە کۆشکی سپی لەبارەی هەمان بابەت بەڕێوەچوون.
بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، کەشوهەوای رۆژی دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گونجاوە بۆ ئەوەی تێیدا هێرش بکرێتەوە سەر ئێران.
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدان، هەر رۆژی پێنجشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، واشنتن لەبارەی دەستپێکردنەوەی جەنگ "بڕیارێک دەدات."
سەرۆکی ئەمریکا ئەو پرسیارەی کرد، "ئایا دەمانەوێ لە هێرشەکانمان بەردەوام بین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوچووە و هەرگیز چیدیکە پەرەی پێنادرێتەوە؟"
ترەمپ گوتیشی، "پێم باشترە ئەگەر گونجاو بێت، بەشەکەی دیکەی وڵاتەکە وێران نەکەم، بەڵام رەنگە ناچاربم ئەوە بکەم. زۆر بە زوویی دەزانن."
بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) خەریکی تەواوکردنی دوایین ئامادەکارییەکانە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر ئێران، بەڵام هێشتا هیچ رێنماییەکی نوێی لە واشنتنەوە پێ نەگەیشتووە.
هاوکات عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ترەمپی راگەیاند، نابێت خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "بەڕێز سەرۆکوەزیران هەڵوێستی عێراقی دووپاتکردەوە کە داوای رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و بەکارنەهێنانی خاکەکەی وەک سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دەکات."
.jpg&w=3840&q=75)


