رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوە گەورەکانی وەک گۆڵدمان ساکس، مەکینزی و کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی پێشبینی دەکەن تاوەکو ساڵی 2050 ژیریی دەستکرد شوێنی تاوەکو 80%ـی کارەکان بگرێتەوە.
ئەو پیشانەی پارێزراون کامانەن؟
پزیشکی و مامۆستایی ئەو دوو پیشەیەن کە رووبەڕووی کەمترین مەترسیی لەنێوچوون دەبنەوە، چونکە پێویستییان بە چاودێریی مرۆیی هەیە و هاوکات لە راپرسییەکاندا دەرکەوتووە کە دایک و باوکەکان رازی نین منداڵەکانیان بە ئەی ئای بسپێرن.
پێشتر هەمووان وا تێگەیشتبوون خوێندنی باڵا و بڕوانامە مرۆڤ دەپارێزێت، بەڵام هاوکێشەکە هەڵدەگەڕێتەوە، هێڵی مەترسی لەسەر بنەمای "ئاستی لێهاتوویی" دیاری ناکرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای "پێویستیی ئامادەبوونی جەستەییە لە شوێنی کار".
بۆریچی و کارەباچییەک کە رەنگە کەمترین بڕوانامەیان هەبێت، کارەکانیان پارێزراوە و هیچ رۆبۆت و مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد ناتوانێت جێیان بگرێتەوە، کەچی ژمێریارێکی دارایی، پرۆگرامەر، گرافیک دیزاینەر، نووسەر و وەرگێڕ لەو پێشبینییەدا یەکەمین قوربانییەکانی ئەم شەپۆلە بێئامانەی AI و AGI دەبن.
مەترسییەکی جیدی لەسەر ئەندازیارییش هەیە!
تەنیا لە ئەمریکا لە کۆی 170 ملیۆن کارمەند؛ زیاتر لە 44 ملیۆن کەس لە مەترسیی راستەوخۆدان و ژیریی دەستکرد هەر ئێستا دەتوانێت لە جێگەی ئەوان کار بکات. بەپێی پێشبینییەکان 68 ملیۆن کەس کاری رۆژانەیان بە تەواوی دەگۆڕێت و تەنیا 56 ملیۆن کەس کارەکانیان بە پارێزراوی ماوەتەوە.
کەی کاتژێری سفر لێدەدات؟
شارەزایان پێشبینییان دەکرد لە ساڵی 2060 ژیریی دەستکرد بگاتە ئاستی توانای تەواوی مێشکی مرۆڤ (AGI)، پار وادەکەیان کورتکردەوە بۆ 2047، بەڵام ئەمڕۆ گەورە بەرپرسانی کۆمپانیاکانی وەک OpenAI و Anthropic دەڵێن: "کاتژێری سفر پێش ساڵی 2030 دەگات."
کاتێک ژیریی گشتیی دەستکرد (AGI) بەردەست دەبێت، پرسیارەکە چیتر ئەوە نییە "کۆمپیوتەر کام ئەرک جێبەجێ دەکات؟"، بەڵکو دەبێتە "کام ئەرک جێبەجێ ناکات؟"


