رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتی دیموکرات توانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە دەستی کۆمارییەکان دەربهێنێتەوە، کە وەک گۆڕانکارییەکی ریشەیی و سەرهەڵدانی رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لە دوو ساڵی کۆتایی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەیر دەکرێ.
بە گوێرەی سی ئێن ئێن و ئێن بی سی نیووز، دیموکراتەکان توانیویانە لە کۆی 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران لانیکەم 244 کورسی ببەنەوە، ئەمەش زۆر لە سەرووی ئەو 218 کورسییەیە کە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە پێویستە، بەوەش دەبێتە گەورەترین زۆرینەی پارتەکە لە نزیکەی دوو دەیەی رابردوودا. ئەمە ئەنجامی بەراییە و هێشتا ئەنجامی فەرمی رانەگەیێنراوە.
ئەم سەرکەوتنەی دیموکراتەکان وەک لێپرسینەوە و پەرچەکرداری دەنگدەران دەبینرێ بەرامبەر سیاسەتەکانی ترەمپ، لەوانە جەنگی هەشت مانگەی بەرامبەر ئێران کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و خۆراک و کەلوپەل.
کاتێک لە 3ـی کانوونی دووەمی 2027 دیموکراتەکان دەسەڵاتی ئەنجوومەنەکە وەردەگرن، دەبێتە یەکەمجار لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا کە تەواوی لایەکی کۆنگرێسی لەژێر دەستدا نەمێنێت، چونکە لە ماوەی رابردوودا بەبێ رێگریی کۆمارییەکان هەنگاوی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەزگا فیدراڵییەکان، سەپاندنی پێناسی گومرگی و بڕینی بودجەی پەسندکراوی کۆنگرێس ناوە.
چاوەڕوان دەکرێ حەکیم جێفریز، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا مێژوو تۆمار بکات و ببێتە یەکەمین سەرۆکی رەشپێستی ئەنجوومەنی نوێنەران لە مێژووی ئەمریکادا.
بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتیی لیژنە سەرەکییەکان دەداتە دەست دیموکراتەکان، ئەمەش دەسەڵاتی دادوەری و بانگێشتکردنی زۆرەملێـیان پێدەبەخشێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ئیدارەکەی ترەمپ، خێزانەکەی و چالاکییە بازرگانییەکانی.
رۆبەرت گارسیای دیموکرات، کە پێشبینی دەکرێ ببێتە سەرۆکی لیژنەی چاودێری، رایگەیاندووە لیژنەکەی سەرنج دەخاتە سەر "گەندەڵیی خێزانی ترەمپ،" لەنێویاندا سەرمایەگوزارییەکانی دراوی کریپتۆ کە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری لێ بەدەستهێناوە، لەگەڵ پێشێلکارییەکانی دەزگای کۆچبەران و ئاسایشی نیشتمانی و دۆسیەکانی جێفری ئێپستین.
سەبارەت بە ئەگەری لێپرسینەوە و سەرکۆنەکردنی ترەمپ بۆ جاری سێیەم، گفتوگۆی نێوخۆیی لەنێو دیموکراتەکاندا هەیە و حەکیم جێفریز لەوبارەیەوە رایگەیاندووە دیموکراتەکان "هیچ بژاردەیەکیان یەکلایی نەکردووەتەوە و هیچیشیان رەتنەکردووەتەوە، بەڵکو بەپێی دەستوور و یاسا و بەڵگەکان مامەڵە دەکەن."
جێفریز ئاماژەی بەوە کردووە، کارنامەی یاسادانانی دیموکراتەکان سەرنج دەخاتە سەر چوار پرسی سەرەکی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی بودجەی تەندروستی، درێژکردنەوەی هاوکارییەکانی یاسای چاودێریی تەندروستی، گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی کۆنگرێس سەبارەت بە سەپاندنی باج و پێناسی گومرگی، هەروەها هەوڵدان بۆ وەستاندنی جەنگ لەگەڵ ئێران.
ئەم ئەنجامە گورزێکی گەورەیە بۆ مایک جۆنسنی سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران و هاوپەیمانی ترەمپ، کە پێشبینی دەکرێ لەگەڵ دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێ پۆستەکەی لەدەست بدات، لە کاتێکدا دیموکراتەکان لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا پێویستیان بە بردنەوەی سێ کورسیی زیاتر بوو تاوەکو زۆرینە وەربگرنەوە.



