رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا رایگەیاند، لە ئاڵۆزی و پشێوییەکانی دوێنێ شەوی شاری بارسێلۆنا، 128 کەسیان بە تۆمەتی "کاری تێکدەرانە"، "زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی" و "تاڵانکردن" دەستگیرکردووە، کە زۆربەیان مێرمنداڵن.
رۆژی یەکشەممە 25-10-2026 سیلڤیا کاتا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەتەلۆنیا رایگەیاند، لە کۆی ئەو کەسانەی دوێنێ شەو دەستگیرکراون، 73ـیان مێرمنداڵ و خوار تەمەنی یاسایین و راپۆرت و پەڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان رەوانەی داواکاری گشتیی نەوجەوانان دەکرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا دوو کەس لە دەستگیرکراوان پێشینەی تاوانیان هەبووە و لە کاتی پێکدادانەکانیشدا 15 ئەندامی پۆلیس بریندار بوون؛ هاوکات 23 شوێنی بازرگانی زیانیان پێگەیشتووە و بەشێکیان تاڵان کراون.
کاتا ئەم رووداوانەی بە "تووندوتیژیی بێ پاساو" ناوزەدکرد و روونیکردەوە، بزووتنەوەکە هیچ رێکخستنێکی لەپشت نەبووە و بانگەوازی گردبوونەوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوبووەتەوە.
گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریدەخەن، چەندین گرووپی گەنجان، کە زۆربەیان جلوبەرگی رەشیان پۆشیبوو، دوای ئەوەی بەبێ مۆڵەتی فەرمی لە نێوەندی شارەکە کۆبوونەتەوە، هێرشیان کردووەتە سەر فرۆشگە و موڵکە گشتییەکان.
لە کاردانەوەی ئەو رووداوانەدا، سالڤادۆر ئییا، سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "تووندوتیژی هەرگیز هیچ شوێنێکی لە کەتەلۆنیادا نابێتەوە"، هەروەها داوای کرد، دەبێت بکەرانی ئەو پشێوییانە باجی کارەکانیان بدەن.
ئەم پێکدادان و تاڵانکارییە لە کاتێکدایە، چەندین وڵاتی ئەورووپا لەوانە فەرەنسا، ئیتاڵیا و ئەلبانیا رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی بوونەتەوە کە لە هەندێک شوێن گرژی و تاڵانکردنی لێکەوتووەتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی گشتیی ئیسپانیا لە 29ـی تشرینی دووەم، ئەلبێرتۆ نونێز فێیهۆ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی راستڕۆ داوای گۆڕانکاری کرد و گوتی: "پێکەوەژیان بەرپرسیارێتیی دەوێت، نەک رێگەدان بە ئەوانەی سەقامگیری دەخەنە مەترسییەوە."

